محەمەد چاوشین

کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٧، ٢٠ی شوباتی وەکوو ڕۆژی جیھانیی "دادپەوەریی کۆمەڵایەتی"ناساندووە و داوایشی لە وڵاتانی ئەندام کردووە بۆ نەھێشتن و ڕیشەکێشکردنی ھەژاریی، دۆزینەوەی ھەلی کاری گونجاو، نەھێشتنی جیاوازیی ڕەگەزیی و ھەروەھا دابینکردن و چەسپاندنی خۆشگوزەرانی و دادپەروەریی ھەوڵی جدی خۆیان بخەنەگەڕ.

"ماری ھۆتێزە"وتەبێژی پێشووتری نەتەوەیەکگرتوەکان لەوبارەوە دەڵێت:

"ئامانج لە دیاریکردنی ئەو ڕۆژە ئەوەیە سەرنج و بیروڕای گشتی خەڵک، ڕێکخراوە ناحکومییەکان و ھەروەھا کاربەدەستانی وڵاتانیش بۆ بابەتێک ڕابکێشرێت ناوی عەدالەتی کۆمەڵایەتییە، ئەوەش لە ئەولەویاتی وڵاتان و گەلانی دنیادا نییە".

ئەو قسەیەی وتەبێژی پێشووتری نەتەوەیەکگرتوەکان تەواو ڕاستە!. دادپەروەیی کۆمەڵایەتی لەھەموو گۆشە و سوچێکی ئەو جیھانە پان و بەرینەدا باسی لێوە دەکرێت، تەنانەت حکوومەتە سەرەڕۆ و فاشیست و دیکتاتۆرەکانیش لەپێناوی ھێشتنەوەی کورسی دەسەڵاتیان باسی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەکەن!. بەڵام لەسەر زەمینی واقیع ھیچ شتێک بوونی نییە جگە لە داپڵۆسین و کولەمەرگی نەبێت!.

پەرەسەندنی ھەژاریی، برسییەتی، جیاوازیی ڕەگەزیی و پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بەبیانووی چەسپاندنی یاساوە، لەو ھەواڵە ناخ ھەژێن و ناخۆشانەن کە ڕۆژانە لەمیدیاکانەوە گوێبیستی دەبین و دەیانخۆێنینەوە و دەیانبینین!.

تەنھا کاردانەوەیەکیش کە لەو نێوەدا لەبەرامبەر ئەو ھەموو پێشێلکاريیانەدا دەیبینین، تەنھا دەرکردن و بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکە لەلایەن وڵاتێکی دیکەوە!.

ئەوە جگە لەوەی کە خودی نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش لەبەرامبەر ئەو ھەموو پێشێلکاری و برسیەتی و مەینەتییەی مرۆڤەکان لە چوارقوڕنەی جیھاندا دەست پاچە بوون و کار و کاردانەوە و ھەنگاوەکانیان دژ بەو پێشێلکارییانە تەنھا بەیاننامە و ھەندێک جاریش لێداوانە بۆ میدیاکان!. تەنانەت ھەندێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەساڵێکدا تەنھا یەکجار بەیاننامەیەک دەردەکەن!.

نەبوونی دادپەروەیی کۆمەڵایەتی، وای لە زۆرێک لە مرۆڤەکان کردووە بۆ دۆزینەوەی ژیانێکی پڕ لە کەرامەت و ئینسانی، ھەروەھا بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی داماڵراو لە جیاوازی مەزھەبی و ڕەگەزی، سەری خۆیان ھەڵبگرن و لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە کۆچ بکەن!. بەڵام بەشێکی زۆری ئەو لەشکرەی ئینسانەکان نەک ھەر بەو ئاوات و ئامانجانە نەگەیشتوون، بەڵکوو ھەندێکیان لە دەریاکاندا خنکاون، یانیش لەبەر سەرما و سۆڵەدا ڕەق بوونەتەوە!.

ھەرێمی کوردستان یەکێک لەو وڵاتانەیە کە خەڵکەکەی بەدەست نەبوونی دادپەوەریی کۆمەڵایەتییەوە دەناڵێنێت!.

وێڕای دەوڵەمەندی و بوونی سەرچاوەی سرووشتی زۆر لە ھەرێمی کوردستاندا، بەڵام ھێشتا خەڵک لە بێکاریی و برسیەتی و نەبوونی ژیانێکی پڕ لە خۆشی و ئاسوودەیی دا دەژین!.

گەندەڵی لەسەرجەم سێکتەرەکاندا پەرشوبڵاو بۆتەوە و وەکوو خۆرکە جەستەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی داڕزاندووە!، ئەمەش مەینەتی و ناخۆشییەکانی خەڵکی زەحمەتکێشی ئەو ھەرێمە و ھەروەھا جیاوازیی چینایەتی بۆ چەند ھێندە بەرز کردۆتەوە!.

یەکێک لە ڕێگاکانی ھێنانەدی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی لە کۆمەڵگادا، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ڕیشەکێش کردنیەتی لەلایەن حکوومەتەوە!.

کاربەدەستانی حکوومەتی ھەرێم بەڕواڵەت بەرنامەی چاکسازییان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ڕاگەیاندووە، بەڵام ئەو بەرنامەی چاکسازییە ئەوەندەی باسێکی میدیایی و شکڵییە، ئەوەندە بەرنامەیەکی گشتگیر و جدی نییە!. چونکە ئەو بەرنامەیە پشت بە فکر و تێڕوانینەکانی "نیولیبڕالیزم"دەبەستێت، ئەوەش خراپترین قوتابخانەیە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پشتی پێبەستووە!.

ھەرئەمەشە وایکردووە ئاسۆی بنبڕکردن و نەھێشتنی گەندەڵی لە ھەرێمی کوردستاندا لێڵ و تاریک بێت و خەڵکیش بڕوایەکیان بەو ھەنگاوە چاکسازییانە نەبێت!.

بەھۆی نەبوونی دادپەوەریی کۆمەڵایەتییەوە، تادێت مەودا و کەلێنی نێوان دوانەی(دەسەڵات- خەڵک) فراوانتر دەبێت، فراوانتربوونی ئەو کەلێنەش مەترسی جدی لەسەر قەوارەی ھەرێمی کوردستانيش زیاتر دەکات!.

ڕێژە و ئاستی “متمانە”لەنێوان (خەڵک – حکوومەت) ، جیالەوەی فاکتەری سەرەکی مانەوەی ھەرحکوومەت و سیستمێکی سیاسییە لە وڵاتێکدا، ھاوکات فاکتەری ئارامی و خۆشگوزەرانی و جێگیری سیاسی و ئابووریشە.

دەسەڵاتی سیاسی، لەڕێگای پەرەپێدانی دێموکراسی و گرنگیدان بەخواستی خەڵک، ھێنانەدی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و دابەشکردنی سامانی وڵات بەبێ جیاوازیی ئینتیمای حیزبی و مەزھەبی و دینی، دەتوانێ ئارامی و جێگیریی ڕێژەیی لە سوچ و ناوچە جیاوازەکانی وڵاتدا دەستەبەر بکات و لەو ڕێگایەشەوە متمانەی خەڵک بەدەست بێنێ و درێژە بە حاکمیەتی خۆی بدات.

مانایەکی سادەی فەلسەفەی حوکمڕانی ھەر حکوومەتێک، واتای خزمەتکردنی خەڵک و گوێگرتن لە خواستەکانی خەڵک و ھێنانەدی دادپەروەریی کۆمەڵایەتییە لەکۆمەڵگادا.

ھەربۆیە دەتوانین بڵێین، چەندە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە ھەرێمی کوردستاندا بەرقەراربێت، ئەوەندەش متمانە و پەیوەندی لەنێوان حکوومەت و خەڵکدا درووست دەبێت. کاتێکیش پەیوەندی نێوان دوانەی(دەسەڵات - خەڵک) پەیوەندییەکی تەندرووست بوو، بێگوومان پایەکانی حوکمڕانیش بەھێزتر و جێگیرتر دەبن!.

بێگوومان پێچەوانەکەیشی ھەر ڕاستە!.

• بۆ بەشێکی نووسینی ئەو باسە، سوودم لەماڵپەڕێکی فارسی وەرگرتووە بەناوی(خبرگزاری ایمنا).

وتاری نووسەران