
دامون سديق
له ڕۆژی 14ى شوباتدا، یادى شه‌هیدى شیوعی وه‌ك بڵێسه‌یه‌كى نه‌كوژاوه وه‌بیرمان ده‌هێنێته‌وه كه ئازادى دیارییه‌ك نییه ببه‌خشرێت، به‌ڵكو به‌رهه‌مى ڕووبارێك خوێنى ڕژاوه به‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانى مێژوودا. له‌م ڕۆژه‌دا یادى ئه‌وانه ده‌كه‌ینه‌وه كه ئاڵاى دادپه‌روه‌رییان به‌رز ڕاگرت، ئه‌وانه‌ى ده‌ریایه‌ك بوون له ئیراده و خه‌ونى هه‌ژاران و چه‌وساوه‌كانیان له‌كۆڵنابوو، ئه‌وانه‌ى نه‌خشه‌كێشى ڕێگاى ئازادى بوون و سڵیان له مه‌رگ نه‌كرده‌وه، چونكه باوه‌ڕیان وابوو كه ژینى ژێرده‌سته‌یی شایه‌نى ئه‌وه نیيه بۆى بژیت.
76 ساڵ له‌مه‌وپێش و له‌م ڕۆژه‌دا، ڕ‌ژێمى پاشایه‌تى عێراق هاوڕێ فه‌هد سكرتێرى حزبى شیوعى عێراق و هه‌ردوو هاوڕێ (سارم و حازم) ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سیاسى حزب له‌سێداره ده‌دات، هه‌ربۆیه ئه‌م ڕۆژه له تۆمارى مێژووى پڕ شكۆى حزبى شیوعیدا به رۆژى شه‌هیدی شیوعى داده‌نرێت، وه‌ك هێمایه‌ك بۆ هزرى به‌گژداچوونه‌وه‌ى شیوعییه‌كان به‌رامبه‌ر به سسته‌م و نادادى.
هزرى حزبه‌كه‌ى هاوڕێ فه‌هد ته‌نها ئایدۆلۆجیایه‌كى سیاسی نه‌بوو، به‌ڵكوو بڵێسه‌یه‌ك بوو كه ڕێى چه‌وساوه‌كانى عێراق و جیهانى ڕووناك كرده‌وه، ئه‌م هزره هه‌ڵگری په‌یامێكى ڕوون بوو: یه‌كسانى كۆمه‌ڵایه‌تى خه‌ونێكى مه‌حاڵ نییه، به‌ڵكو مافی هه‌موو مرۆڤێكه. له عێراق، كه هه‌ژارى و سته‌م باڵاده‌ست بوون، هزرى شیوعی له‌ناو دڵى كرێكاران و جووتیاراندا جێگاى خۆى كرده‌وه كه به‌ده‌ستى نادادى سیسته‌مى چینایه‌تى و سته‌مكارى سیاسییه‌وه ده‌یانناڵاند.
ده‌سه‌ڵاته گۆڕبه‌گۆڕه سته‌مكار و ئه‌نفالچییه یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كانى عێراق به هه‌موو توانا و زه‌بریانه‌وه نه‌یانتوانى ئاگرى ئه‌م بڵێسه‌یه بكوژێننه‌وه، له‌كاتێكدا ده‌یانویست هزرى شیوعی به زیندان و ئه‌شكه‌نجه و له‌سێداره‌دان له‌ناو ببه‌ن، شه‌هیدبوونى هه‌ر هاوڕێیه‌ك ئاگرى بڵێسه‌كه‌ى داده‌گیرسانده‌وه، هه‌روه‌ك هاوڕێ فه‌هد پێش له‌سێداره‌درانى ده‌ڵێت (شیوعیه‌ت له‌مردن به‌هێزتره و له دارى سێداره به‌رزتره). هه‌ر شۆڕشێك كه شیوعییه‌كان هه‌ڵیانده‌گیرساند ئه‌وه‌ى وه‌بیرى ده‌سه‌ڵات ده‌هێنایه‌وه كه هزر به گولـله ناكوژرێت. هزرى شیوعی بوو به به‌شێك له پێكهاته‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى عێراقى كه هانى نه‌وه یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كانى ده‌دا بۆ تێكۆشان له‌پێناو جیهانێكى یه‌كسان و دادپه‌روه‌ر.
"پێى ناوێ بۆ شه‌هیدى وه‌ته‌ن شیوه‌ن و گرین
نامرن ئه‌وانه وا له دڵى میلله‌تا ئه‌ژین""
له تۆمارى خه‌باتى شیوعیدا، زۆر داستانى شۆڕش وه‌ك ئه‌ستێره له ئاسمانى ئازادی‌دا ده‌دره‌وشێنه‌وه، داستانه‌كانى شه‌هیدانى حوزه‌یران، و شه‌هیدانى بۆڵقامیش، و داستانى قزله‌ر و هێله‌وه كه به‌خوێنى خۆیان ڕیگا تاریكه‌كانیان ڕووه‌و ئازادى ڕۆشن كرده‌وه، هه‌روه‌ها داستانى شیوعییه زیندانیكراوه‌كانى ئه‌بو غرێب و نوگره سه‌لمان، كه ئه‌مانه و زۆر داستان و چیرۆكى بێشومارى تر بوونه هێماى خۆڕاگری و نه‌به‌ردى به‌رامبه‌ر سته‌م و ئه‌شكه‌نجه و سێداره.
ڕۆژى شه‌هیدى شیوعى ته‌نها یادێك نییه، به‌ڵكو میراتێكى نه‌مره كه بیرمانده‌خاته‌وه ئازادى و یه‌كسانى به‌رهه‌مى چه‌ندین قوربانیدانى له‌بیرنه‌كراون. له‌م ڕۆژه‌دا پابه‌ندیمان دووپاتده‌كه‌ینه‌وه به بنیاتنانى نیشتیمانێكى ئازاد كه تیایدا گه‌لێكى به‌ختیار به سه‌ربه‌رزى و ئارامی بژین. خوێنى شه‌هیدان وه‌ك چرایه‌ك ده‌مێنێته‌وه كه ڕێنماییمان ده‌كات به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كى باشتر كه تیایدا ڕێز له مافه‌كانى مرۆڤ بگیرێت و به‌هاكانى دادپه‌روه‌رى و یه‌كسانى زاڵ بن.