
فاران فەنائیان
لە فارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن
لە گێڕانەوەی گشتی شەڕدا،سەرنج دەچێتە سەر ئەوەی حکومەتەکان، سوپا و بڕیاری سیاسی ڕۆڵی سەرەکی دەبینن، بەڵام شەڕ، بەرلەوەی دیاردەیەکی سەربازی یان سیاسی بێت، ئەزمونێکی کۆمەڵایەتییە و ژیانی ڕۆژانەی ملیۆنان مرۆڤ دەگۆڕێت. لەناکاو ماڵەکان، شوێنەکان، پەیوەندی خێزانی و سۆشیال میدیاکان دەکەونەژێر چەند فشارێکەوە کە پێشتر کەمتر چاوەڕوانکراون. بۆیە لەم ساڵانەدا، لەگەڵ مێژوونووسی شەڕ و لێکۆڵینەوەی سەربازی، لێکۆڵینەوەکان هەوڵدەدان وەڵامی پرسیارە جیاجیاکان بدەنەوە. مرۆڤی ئاسایی لەدۆخی شەڕدا چۆن دەژین، چۆن ڕووبەڕووی نائەمنی و نادڵنیایی دەبنەوە، چۆن ژیانی کۆمەڵایەتی و مرۆیی خۆیان دەپارێزن؟
لێکۆڵینەوە سۆسیۆلۆژی و دەروونناسییەکانی قەیران دەریدەخەن زۆرجار وەڵامی ئەم پرسیارانە لەوێنای باوی ڕەفتاری مرۆڤ لەقەیراندا جیاوازە. لەزۆربەی گێڕانەوە میدیاییەکاندا، قەیران پەلکێشی وێناکردنی داڕمانی نەزمی کۆمەڵایەتی، بڵاوبوونەوەی خۆپەرستی یان ئاژاوەگێڕی دەکرێت، بەڵام لێکۆڵینەوە مەیدانییەکانی کارەساتی سروشتی، پەلاماری تیرۆریستی و شەڕ، چەندجارێ نیشانیانداوە کە کاردانەوەی ڕاستەقینەی خەڵک بەرەو هاوکاری و تەبایی و ڕێکخستنی خۆبەخۆ دەچێت.
لەدەرەوەی وێنای داڕمانی کۆمەڵایەتی
مەودای نێوان ڕوانینی گشتی بۆ ڕەفتاری مرۆڤ لەدۆخە نائاسایی و ڕاستییەکانی لە لێکۆڵینەوە مەیدانیەکان لەبەرچاودەگیرێن، سەرنجی لێکۆڵینەوەی قەیرانەکان ڕادەکێشێت. لەکتێبی "بەهەشت لەدڵی دۆزەخدا"، ئەوکۆمەڵە نائاساییانەی لەناخی کارەساتدا سەروەدەردەنێن، ڕێبێکا سۆلنیت بەلێکۆڵینەوە لەنموونەی کارەساتەکان (بومەلەرزەی سانفرانسیسکۆ ساڵی١٩٠٦ وکارەساتی ۱۱ی سێپتەمبەر)،زۆرجار قەیران چاوەڕواننەکراو یارمەتییە کۆمەڵایەتییەکان زۆردەکات. لەزۆرێک لەم حاڵەتانەدا،تاکەکان بێئەوەی چاوەڕێی حکوومەت یان دامەزراوە فەرمییەکان بن، یارمەتی لێقەوماوان دەدەن. دروستکردنی چێشتخانەی کۆمەڵایەتی، گرنگیدان بەگروپە لاوازەکانی وەک منداڵان و بەتەمەنەکان، گروپی فریاگوزاریی بنەڕەتی بۆ یارمەتیدانی بریندارەکان، گۆڕینی ماڵ و ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان بۆ پەناگەی کاتی، نموونەنی.
میزپا کافێ دوای کارەساتی سانفرانسیسکۆ، نموونەیەکە سۆلنیت ئاماژەی پێدەکات. ئەم کافێیە چێشتخانەیەکی گەورەی سەرشەقام بوو خۆبەخشەکان بەڕێوەیان دەبرد. خەڵکی ناوچەکە مەنجەڵی گەورەی خواردنیان لەسەر شەقامەکان دانا، نانەوا و قەسابەکان خواردنیان بەخشی، خۆبەخشەکان خواردنیان لێناو بەسەر خەڵکدا دابەشیانکرد. خەڵکی زۆربەی گەڕەکەکانی شار، ماڵەکانیان یان حەوشەکانیان بۆ چێشتخانە تەرخانکرد. تەنیا خواردن دابەش نەدەکرا، بەڵکوتاکەکان کۆبوونەوە، هەواڵەکانیان ئاڵوگۆڕ دەکردو بەرنامەیان بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوان دادەنا. سۆلنیت ئەم شوێنانە بەخێرا پێکهاتنی کۆمەڵێکی نوێ، بەرمەبنای یارمەتیدان تاریفدەکات.
سۆلنیت بەڵگەدێنێتەوە لەدۆخێکی وەهادا، جۆرێک کۆمەڵی کاتی پێکدێت کە تا ئاستێک سنورە ئاساییەکانی کۆمەڵایەتی وەک جیاوازیی چینایەتی یان پیشەیی، کاڵ دەبنەوە. خەڵک لەکاردانەوە بەمەترسی هاوبەش، خۆیان لەپەیوەندی مرۆڤایەتی بەئەوانی دیکەوەدا دەبینن و ئەم ئەزموونە دەبێتەمایەی جۆرێک هەستی ماناو هاودەنگی. هەڵبەتە ئەودۆخانە زۆر ناخایەنن و تا ڕادەیەک بەگەڕانەوەی سەقامگیری دوورنییە پەیتا پەیتا نەمێنن، بەڵام بونیان دەریدەخات کە کاردانەوەی کۆمەڵایەتی بۆ قەیران مەرج نییە بەرەوداڕمان بچێت و لەدۆخی ڕەخنەگرانەو سترێسدا، توانای کۆمەڵ بۆ هاودەنگی و یەکگرتوویی نێوان چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵ تەرز دەهاوێت.
تۆڕە ناوخۆییەکان و هێزی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان
لە هەندێک لێکۆڵینەوەی شەڕدا، لەپێوەرێکی گچکەدا سەرنجی تایبەت لەڕۆڵی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دراوە، وەک خێزانەکان، گروپی هاوڕێیان و تۆڕەکانی دراوسێ لە گەڕەکەکاندا.لەوانەیە ئەم تۆڕانە لەدۆخی ئاساییدا ئەوەندە بەرچاو دەرنەکەون یان پەیوەندی نێوان ئەندامەکانی هێندە پتەونەبێت، بەڵام لەقەیراندا دەبنە سەرچاوەی ژیان بۆمانەوە و پاڵپشتیکردنی بەرامبەر.
لێکۆڵینەوەی مەیدانی لەشەڕی ناوخۆ، بەتایبەت بۆسنە و کۆڵۆمبیا، لەهەندێک لایەنەوە کۆمەڵە ناوخۆییەکان توانیویانە پاڵپشت بەوپەیوەندییە کۆمەڵایەتییە، چەند ڕێگایەک بۆ کەمکردنەوەی تووندوتیژی بدۆزنەوە. ئۆلیڤیێر کاپلان لەکتێبی "بەرخۆدان لەدژی جەنگ:چۆن کۆمەڵەکان خۆیان دەپارێزێن" لێکۆڵینەوەی نموونەی ئەمکۆمەڵانە دەریدەخات چۆن تۆڕە کۆمەڵایەتی و ڕێسای هاوبەشەکان، ئەگەری چالاکی بەکۆمەڵن.خەڵکی هەندێک جێگا، بەڕێککەوتنی نافەرمی لەڕەفتارکردن لەگەڵ هێزە چەکدارەکان یان بە بەهێزکردنی چاودێریی کۆمەڵایەتی، هەوڵیانداوە ڕێگانەدەن تووندوتیژی بۆناو کۆمەڵ پەلبهاوێت. هەمیشە ئەم هەوڵانە سەرکەوتوونەبوون و زۆرجار دۆخی شەڕ لەوەئاڵۆزترە بتوانین بەچارەسەرێکی سادە، لەتووندوتیژی دووربکەوینەوە. هەر چۆنێکبێت، ئەم نموونانە شاهیدی ئەوەن تەنانەت لەدۆخی شەڕی ناوخۆشدا، کۆمەڵی ناوخۆ دەتوانن لەشێوەدان بەچارەنووسیان ڕۆڵببینن و تەنیا چاودێر یان نەکەونە ژێرکاریگەری دۆخەکەوە. ئەنجومەنی گوند لەچەند گوندێک پێکهات. ئەم ئەنجومەنانە ناکۆکی نێوان خەڵکەکانیان چارەسەر کرد، ڕێگرییان لە ململانێی ناوخۆیی کردو بەکۆمەڵ بڕیاریان لەئاسایشی گوندەکەدا. لێکۆڵینەوە داتاییەکانی کاپڵان دەریخست لەوناوچانەی ئەنجومەنەکان کاراتربوون، تووندوتیژی کەمتربوو. لەگێڕانەوەی تر، هەندێک خەڵک هەوڵیاندا ڕێسای کۆمەڵایەتی دژەتووندوتیژی دابنێن. لەخوێندنگاکان لەئاشتی دوان، ئاهەنگ و بۆنەی هاوبەشیان سازکردو بەهای بێلایەنی و پێشخستنی پرۆسەی ئاشتییان دووپاتە کردەوە. لە ئەنجامی ئەمکارە خۆبەخۆیانە، فشاری کۆمەڵایەتی بۆ پەیوەستبوون بەگروپە چەکدارەکان لەم ناوچانەدا کەم بووەوە.
جگەلەم نموونە مێژووییانە،شەڕە هاوچەرخەکانیش داتای نوێی ژیانی ڕۆژانەی لەقەیراندا پێکدێنن. بۆنموونە، لێکۆڵینەوەکانی ئەزموونی خەڵک لەشەڕی ئۆکراینا دەریدەخات زۆربەی خەڵک بۆ ڕاهاتن لەگەڵ فشاری دەروونی شەڕ، ستراتیژییەکانی وەک بەرنامەڕێژی بۆ ژیانی ڕۆژانە، پشتیوانی بەرامبەر و چالاکی خۆبەخشانەیان بەکارهێناوە. لەزۆربەی شار و جێگاکان گروپی جەماوەرییان بۆ دابەشکردنی خۆراک، یارمەتیدانی بەتەمەنەکان، یان دابینکردنی پەناگا بۆ بەرکەوتەکان پێکهێناوە. زۆرجار ئەم چالاکیانە لەدەرەوەی پێکهاتەی فەرمی و بەپشتبەستن بەمتمانە و هاوکاری نێوان هاوڵاتییان جێبەجێکراوە.
ژیانی ڕۆژانە لەناو نائەمنیدا
هەوڵدان بۆ پاراستنی جۆرێک ژیانی ئاسایی لەبارودۆخی نائاساییدا، تایبەتمەندییەکی هاوبەشی زۆربەی گێڕانەوەکانی خەڵکە لەژیانی شەڕدا. ڕەنگە ئەم هەوڵە لەڕوانینی سەرەتادا سادە یان هەتا ناگرنگ بێت، بەڵام جێگیری دەروونی و کۆمەڵایەتی تاکەکانی کۆمەڵ دەپارێزێت.
لەکتێبی "کاری چاوەڕواننەکراودا: کێ لەکارەساتەکاندا ڕزگاریان دەبێت و بۆچی"، ئاماندا ڕیپلی، لەبەدواداچوون بۆ ڕەفتاری مرۆڤ لەکاتی کارەساتدا، ڕوونیدەکاتەوە یەکێک لە وەڵامە ئاساییەکانی مرۆڤ بۆ قەیران، هەوڵی گەڕاندنەوەی جۆرێک ڕێکخستنی پێشبینیکراوە بۆ ژیان. کاتێک لەناکاو پێکهاتە ئاشناکان دادەڕمێن، تاکەکان هەوڵدەدەن بەپاراستنی هەندێک چالاکی ڕۆژانەی وەک کار، خوێندن، یان چاودێریکردنی خێزان، بەهەستی کۆنتڕۆڵکردنی خۆیان لەژیاندا بچنەوە.
ئەم دیاردەیە زیاتر لەوشارانەدا دەبینرێت، ئەزموونی ژیانیان لەدۆخی نائەمنیدا دوورودرێژترە. لەبەیروت و لەکاتی شەڕی ناوخۆدا، لەهەندێک شاری ئیسرائیل کە ساڵانێک بەرەوڕووی هێرشی موشەکی بوونەتەوە، یان لەشارەکانی ئۆکراینا دوای شەڕ، خەڵک هەوڵیاندا ئەوەی بۆیان دەکرێت درێژە بەژیانی ئاسایی بدەن. دووکانەکان بکەنەوە، تەنانەت ئەگەر بەشێوەیەکی کاتیش بێت، خوێندکاران لە پەناگاکان بخوێنن و خێزانەکان دەکۆشان پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بپارێزن.
درێژەدان بەم چالاکییانە تەنها بەواتای نادیدەگرتنی مەترسی نییە، بەڵکە جۆرێک وەڵامدانەوەی کۆمەڵایەتی بارودۆخەکەیە کە مرۆڤەکان لەناویدا هەوڵدەدەن ماناو سەقامگیری ڕێژەیی ژیانیان بپارێزن.
هاوکاری یەکتر و ئەزموونی واتا
خەڵک لەزۆربەی گێڕانەوەکانی شەڕدا، چالاکی خۆبەخش و یارمەتیدانی بەرامبەر ڕۆڵی گرنگیان لەئەزموونی تاک بۆقەیران هەبوە. چاودێریکردنی منداڵان، ئامادەکردنی سەبەتەی خۆراک، یارمەتیدانی بەتەمەنەکان یان بەشداریکردن لەچالاکی، تاکە هەنگاوی کرداریی نین بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئیستەییەکان، ئەم چالاکیانە دەتوانن یارمەتی تاک بدەن هەستی بێ توانایی لەبەرامبەر بارودۆخەکە کەم بکەنەوە. ڕەنگە تاک لەبارودۆخێکدا هەستبکات ناتوانێت ڕووداوە گەورەکان کۆنتڕۆڵبکات، ئەم چالاکییانە دەرفەتن بۆ بەشداریکردنی چالاکانە.
دوای شەڕ لەهەدێک شاری ئۆکراینا، تۆڕی خۆبەخش پێکهات کە لەئامادەکردنی پێویستییە سەرەتاییەکان بۆ سەربازەکان و پشتیوانیکردنی خێزانی ئاوارەکان بوو. لوبنانیش، لەقۆناغە جیاکانی قەیرانی ئابووری و سیاسی، گروپە جەماوەرییەکان ڕۆڵی گرنگیان لەدابینکردنی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتیدا بینیوە. بۆنموونە، بەچوونی ملیۆنان پەنابەری سوریە بۆ لوبنان، زۆربەی منداڵان نەیاندەتوانی بچنە قوتابخانە. لەوەڵامدا، گروپە مەدەنی و خۆبەخشە ناوخۆییەکان بەنافەرمی لەباڵەخانەکان یان ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان وانەیان پێوتنەوە و بەرنامەی فێرکردن و گەشتیارییان بۆمنداڵانی پەنابەر دادەنا. بەپێی ئەم ئەزموون و ئەزموونە هاوشێوەکان، چالاکی بەکۆمەڵی گچکە کاریگەری بەرچاویان بەسەر هەستی هاودەنگی و ئومێد لە کۆمەڵدا دەبێت.
لەگەڵ هەموو ئەم نموونانە، یارمەتیدان و هاودەنگی ژیان لەبارودۆخی شەڕدا فشاری دەروونی قووڵ دروسدەکات. شڵەژان، ترس لەداهاتوو و بەگژدارچوونەوەی بەردەوام بەهەواڵی تووندوتیژ دەبێتەهۆی ماندوێتی دەروونی. لەم ساڵانەدا زیاتر سەرنج لەوستراتیژییانە دراوە، تاکەکان بۆپاراستنی هاوسەنگی دەروونی خۆیان بەکاری دێنن. هەندێک لەوستراتیژییانە زۆر سادە دیارن، وەک سنوردارکردنی کاتی بەدواداگەڕانی هەواڵ، پاراستنی پەیوەندی هاوڕێیانە و خێزان یان تەرخانکردنی کات بۆ چالاکییەکانی هەستی ئاسودەیی بۆ کەسەکە دروستدەکەن. لەوانەیە ئەوهەنگاوانە بەراورد بەڕەهەندی گەورەی قەیرانناگرنگ دیاربن، بەڵام ئەزموونی ڕۆژانەی زۆربەی تاکەکان، بۆ پاراستنی ساغلەمی دەروونی پێویستن. ژیان لەهەلومەرجی دژواردا، زۆرجار نەک بەچارەسەری گەورە، بەڵکە بەکۆمەڵێک میکانیزمی گچکە مسۆگەر دەکرێت.
گرنگی سەرمایەی کۆمەڵایەتی
گەربمانەوێت دەرئەنجامەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە لەچەمکێکدا کورتبکەینەوە،ڕەنگە گرنگترین وشەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی بێت: کۆمەڵێک پەیوەندی، متمانە و ڕێسای ئەگەری یارمەتی نێوان تاکەکان پێکدێنێت. ئەوکۆمەڵانەی توانیویانە لەدۆخی شەڕدا تائاستێک لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە خۆڕاگرن، بوونی ئەوسەرمایە ژیاریی و بەنرخە. تۆڕەکانی هاوڕێیەتی، پەیوەندی خێزانی فراوان، هەستی بەرپرسیاریی بەرامبەر دراوسێکان، دەبنە یارمەتیدەری داڕشتنی وەڵامە بەکۆمەڵەکان بۆ قەیران. سەرمایەی کۆمەڵایەتی هەڵناتۆقێت، بەڵکو بەدرێژایی کات و لەڕێگای ئەزموونی هاوبەش، گفتوگۆ و یارمەتییەوە پێکدێت. سەرمایەی کۆمەڵایەتی لەقۆناغەکاندا دەبێتەهۆی ئاسودەیی دەروونی ڕێژەیی، بەهێزبێت و لەکاتی قەیرانی وەک شەڕ یارمەتی هاوڵاتییان بدات.
ئەزموونی کۆمەڵە جیاوازەکان دەریدەخات، ژیان لەسایەی شەڕدا تەنیا چیرۆکی تووندوتیژی و ماڵوێرانی نییە، بەڵکو چیرۆکی هاوکاری، داهێنانی کۆمەڵایەتی و هەوڵدان بۆپاراستنی کەرامەتی مرۆڤایەتیشیزۆرە. لەهەندێک دۆخدا،خەڵکی ئاسایی بەبێ بەرنامەڕێژی و سەرچاوەی زۆر، توانیویانە زۆر تۆڕ بۆیارمەتیدانی بەرامبەر بەتایبەت لەگەڕەکدا دروستبکەن و تا ڕادەیەک ژیانی ڕۆژانە بپارێزن و پشتیوانی یەکتربن. دیارە ئەم ئەزموونانە نوسخەی ئامادەنین بۆکۆمەڵیتر. هەرکۆمەڵێک باری مێژوویی، کولتووری و کۆمەڵایەتی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام لێکۆڵینەوە لەونموونانە دەریدەخات کە لەناخی قەیرانەکانیشدا، ئەگەرە کۆمەڵایەتییە چاوەڕواننەکراوەکان هەن.
دەکرێت قەیرانەکان هاوکات هەڕەشە و ئەگەربن. دەکرێت لەلایەک شەڕ کاولاکریی بێت، متمانەی گشتی کاڵ بکاتەوەو زیانی قووڵی مرۆیی بەجێبێڵێت.لەلاکەی تریشەوە هەمان هەلومەرج دەتوانێت توانای هاوکاری و هاوپشتی دروستبکات کە لەژیانی ئاساییدا بەدەگمەن دەبینرێت. لەوانەیە گرنگترین خاڵێک لەم نموونانە فێری بین، خەڵکی ئاسایی لە قەیراندا تاکە قووربانی پاسیڤ نین. زۆرجار لەڕێگەی داهێنانی کۆمەڵایەتی، تۆڕە هاوبەشەکان و هەوڵدان بۆپاراستنی ژیانی ڕۆژانە، وەڵام بۆ بارودۆخە سەختەکان دەدۆزنەوە.
هەمیشە ئەم وەڵامانە تەواو یان پڕبەپێست نین، هیچ ئەلگۆیەک نییە بتوانێت بەسادەیی بەسەر کۆمەڵگادا بیگشتێنێت، بەڵام بەپێی ئەزموونی ژیانی مرۆڤ، تەنانەت لەهەلومەرجە سەختەکانیشدا پەیوەندییەکانی مرۆڤ و چالاکی بەکۆمەڵ دەتوانن ڕۆڵی گرنگ لەپاراستنی ژیانی کۆمەڵایەتی و نەهێڵن گڕی ئومێد لەناو تاکەکاندا دامرکێتەوە. پراکتیککردنی ئەم باوەڕە گۆڕان لەجۆری لێڕوانینمان بۆکۆمەڵ لەدۆخی قەیراندا دەخوازێت، کە خەڵکی ئاسایی و کۆمەڵی گچکە نەک تەنیا قووربانیانی شەڕ، بەڵکە چالاکوانانی کۆمەڵایەتی بەوەڵامدەرەوەی بەکۆمەڵ و داهێنەرانە دەبینێت.
aasoo