
ڕزگار بابان
ڕۆژانە لە میدیاکانەوە گوێبیستی کارەساتێکی دڵ تەزێنی کرێکاران دەبین بە پێکان و گیان لە دەستدانی ئەو کرێکارانەی کەوا لە ماڵەکانیان دەردەچن و بەدوای بژێوی و ژیانی شایستەی ڕۆژانەی خۆیان خێزانەکانیان دا دەگەڕێن ، کەچی بە برینداری یان بە بێ گیان دەیگەڕێننەوە بۆ ماڵەوە.
ئەو کارەساتەی ڕۆژی پێنج شەممەی 18ی ئەیلولی 2025 لە پارێزگای کەرکوک ، لە گەڕەکی دەروازە ڕوویدا. دوو کرێکاری کۆمپانیایەکی پاککەرەوە و ئاوەڕۆ لە کاتی کارکردن لە پاککردنەوەی تۆڕەکانی ئاوەڕۆدا بەهۆی گازە ژەهراویەکانەوە و تووشی هەناسە تەنگی بوون گیانیان لەدەستدا. و یەکێ لە قوربانیەکان لە خوار تەمەنی کارکردنی یاساییەوە بوو .
بە دڵنیایەوە ئەگەر فریا نەکەوین ئەو ڕووداوانە چەندین بارە دەبنەوە ، ئەم ڕووداوە بە ئازارە لە خۆیەوە ڕووی نەداوە؛ بەڵکو لە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی کەمتەرخەمی و نەبوونی چاوو دێری و لاوازی جێبەجێکردنی یاسای کاری عێراقی ژمارە 37ی ساڵی 2015 وەیە کە بە ڕوونی پاراستن و سەلامەتی کرێکاران دیاری دەکات و تەمەنی ئەو کەسانە دیاری دەکات کە ڕێگەیان پێدراوە کار بکەن. بەڵام ژینگەکانی کارکردن، بە گشتی و بەتایبەتی لە کەرتی پاککردنەوە و پاکوخاوێنیدا، هێشتا سەرەتاییترین ئامرازەکانی پاراستنیان نییە: ئامێری هەناسەدان، دەستکێش، جلوبەرگی عەزلی، ڕاهێنانی پێشوەختە و پلانی فریاگوزاری.
سەندیکا و یەکێتیەکانی کرێکاران لە پارێزگاکە دا تەنیا یەکەیەکی یاسایی نین یان دامەزراوەیەك نین کە تەنها لە بۆنە تایبەتەکاندا ڕۆڵیان هەبێت و دەربکەون ؛ ئەوان وەك نوێنەری یاسایی کرێکاران لە ناوو کارگەو کرێکاران دا بن بۆ پاراستنیان لە مەترسی و ڕووداوەکانی کارو پیشە و بۆ داکۆکی کردن لە مافەکانیان. بێدەنگی یان پەرشوبڵاوی ئەوان لە بەرامبەر ئەم کارەساتانەدا کرێکاران بە تەنیا دەهێڵێتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان و پێشیل کردنی مافەکانیان. ئەوەی ئەمڕۆ پێویسته لەسەر ئەو ڕێکخراوانه دوور بکەونەوە لە ململانی لاوەکێکانیان و بەسەر ناکۆکییه کانیاندا زاڵبن و یەک هەڵوێست و یەك ڕیز بن بەتایبەتی له پارێزگای کەرکوک، به پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ چاودێریکردنی کێشەکانی کار و کرێکاران. پێویستە ئەولەویەتەکانی سەرەکی ئەم لیژنەیە چاودێریکردنی بارودۆخی سەلامەتی پیشەیی، بە بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکان و فشارخستنە سەر خاوەنکاران و دەزگا فەرمییەکان بێت بۆ زیاد کردنی لیژنەکانی پشکنینی کار بۆ بەدووا دا چوون و جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییەکانی تایبەت بە کارو کرێکاران تا ئاستێک کە لەگەڵ ژیانی مرۆڤدا بگونجێت.
جگە لەوەش دەبێت بەرنامەی هۆشیاری و ڕاهێنان بۆ کرێکاران و خاوەنکارەکان لەسەر شێوازەکانی خۆپارێزی و دابینکردنی کەرەستەی پێویست و لێپرسینەوە لە هەر خاوەن کارێك کە ژیانی کرێکارەکانی پشتگوێ بخات دەست پێبکرێت. ژیانی کرێکارێک لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا شتێکی لاوەکی نییە؛ بەنرخترین سەرمایەی کۆمەڵگەو وڵاتەکەیە.
کەرامەتی کرێکار ، لە دەستەبەر کردنی مافی ژینگەیەکی سەلامەتی کارکردن و مافی خێزانەکەی کە دوای ڕۆژێکی درێژ و ماندوو بە سەلامەتی بگەڕێتەوە ماڵەوە دەست پێدەکات. کاتی ئەوە هاتووە سەندیکا و یەکێتییە کرێکارییەکان ئەگەر هەن بێدەنگی خۆیان بشکێنن و وەک قەڵغانێک بۆ پاراستنی ئەوانەی ئێستا و داهاتووی عێراق بنیات دەنێن، ئەرکی یاسایی و ئەخلاقی و مرۆڤایەتی ڕاستەقینەی خۆیان جێبەجێ بکەن، پێش ئەوەی سبەی گوێ بیستی کارەساتێکی نوێ دڵ تەزێن بین کە دەکرا ڕێگری لێ بکرایە