
شاخەوان عەلی حەمەد مامۆكی
ئەم ناونیشانەی سەرەوە تازەترین كتێبی نووسەری لاو و بەسەلیقەو خودان ئەزموون مامۆستا( ئاری ئاغۆك)ە كە لە دووتوێی (94) لاپەڕەو بە تیراژی (500) دانە لە چاپخانەی هێڤی و لەسەر ئەركی (د. پشتیوان صادق) وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆشنایی چاپی بینیوە.
نووسەر پێشبینەیەكی ئەدەبی جوانی هەیەو لە دەریای دەیەها بابەتی جیاوازەوە خۆی ئەزمون كردوەو مەلەوانزانێكی كارامەو سەركەوتووە كە شەپۆڵە توندو تیژەكانی بەردەم هەنگاوەكانی نووسین چەقبەستوی نەكەن و رەخنە روخێنەرەكان لەوەتەری پیشەییدا ساردی نەكەنەوە كە هەر لەوروانگەوە بە حەوسەڵەو هەناسەیەكی دوورو درێژەوە لەدەرگای چەندین بابەتی داوەو جێ پەنجەی دیاروبەرچاوەو كتێبە چاپكراوەكانی گەواهیدەری ئەو راستیەن, ئەوەش بۆپەرۆشی خودی نووسەر دەگەرێتەوە كە دەیەوێ خزمەت بەوشەی رەسەن و دنیابینیەكی گەش و ئەرخەوانی بەكۆمەڵگاكەی بناسێنێت.
كتێبی (ژینگەپارێزی لە روانگەی ئایینەكانەوە) لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسێتی و وشیاری كۆمەلایەتی وەك پێویستیەكی سەردەمیانە لەبەردەم گۆرانكاریەكانی ژینگەو ئاو و هەواو ئەو هەڕەشانەی مەترسی گەورەو زەنگی خەتەرناكن, مامۆستا ئاری هاتووە لەروانگەی ئایینەكانەوە ژینگە دەكاتە مینبەروپەیامێك ، پێمان دەڵێ: هەموومان خاوەنی یەك هەسارەین , لەسەر یەك زەوی دەژێین، یەك ژینگە بەیەكمان دەبەستێتەوە, یەكژینگە كۆمان دەكاتەوە با ژینگەپارێزبین.
نووسەربەفۆرمێكی تازەوە لەپێشەكی كتێبەكەیدا لەهەمبەر ئەو پرسە جیهانییە دەنووسێ: ((ژینگە پرس و بابەتێكی گشتییە، هەر تاكێك لە كۆمەڵگا بەجۆرێك لێی دەڕوانێ وخوێندنەوەی بۆ دەكات, بۆیە ئەو پرس و بابەتە گشتییە, پێویستی بە تێگەیشتنی زیاترو خوێندنەوەی ورتر هەیە, بۆ ئەوەی هەر تاكێكی نێو كۆمەڵگە بەئاستێكی پڕوبەرزو زانستیانە بابەتەكان وەربگرێ.. ئایینیش وەك بنەمایەكی گرنگی مرۆڤایەتی هەڵگری چەندین چەمك و پەیام و بەهای كۆمەڵایەتیە كە بە چەندین دیوەوە لەخزمەتی خۆشگوزەرانی مرۆڤایەتیدایە, یەكێك لەم بەها گرنگانە، چەمكی ژینگەپارێزییە ))
هەروەها نووسەر لەمەڕ هەوێنی ئەو كتێبەوەدەنووسێ: ((دوای وەرگرتنی بۆچوونی ئایینەكانی دیكە، یەك بابەت و یەك تایتل و یەك پەیام سەرنجی راكێشام, ئەویش ئایینەكان هەر دیدگایەكیان هەبێت، بەڵام لە ژینگەپارێزیدا هەمووان لەسەر یەك هێڵ یەكسانن ئەویش"هەموو ئایینەكان داوای ژینگەپارێزیمان لێ دەكەن")).
گومانیش لەوەدا نییە ژینگە بریتییە لەتەواوی ئەو شتانەی لەدەوروبەرمان بوونیان هەیە, جا ئەو شتانە زیندەوەرو گیانلەبەربن یا بێ گیان.. زاراوەی ژینگەپارێزیش لە بنەڕەتدا هەموو تاكێكی كۆمەڵگا لەخۆ دەگرێ و بەدیاریكراوی ئەوەی داكۆكیكارەو لەسەری پێداگرە, ئەوانەن خۆشەویستیان بۆ ژینگە هەیە و هەوڵ بۆ پاراستنی دەدەن.
پاراستنی ژینگە ئەو بەرنامەو خزمەتگوزارییانە دەگرێتەوە كە ئامانج لێی كەمكردنەوەی مەترسییە بۆ سەر ژینگە و هەوڵەكان لە هۆشیاری هاونیشتمانیان چڕ دەكەنەوە كە هەموومان بەرپرسین دەبێ خۆمان بەخاوەنی ئەو هەسارەیە بزانین كە ئەوەش وێڕای دەستەجەمعی و هاوڕابوونی رێكەوتنێكی نێو دەوڵەتی كە هەمووان پابەند بكات بەپاراستنی ژینگەی مرۆڤایەتی، لەتەكدا ئەركی سیاسەتمەدار و حوكمڕانانی هەر وڵاتێكە كە لەلای خۆیەوە بەجددی مشوور لەو پرسە بخوات كە لەم رۆژگارە پڕ جەنجاڵیەی زۆری بوونی دانیشتوان،خەریكە پیس بوونی ژینگە تەنگبەمرۆڤایەتی هەڵدەچنێ و رۆژ بەرۆژ شوێنەوارەخراپەكانی تێكدانی ژینگە زیاتر دەردەكەوێ، ئەوەتا كونبوونی چینی ئۆزۆن و پیس بوونی ئاو و هەوا و ئەو گەرماییەی كەش و هەوای دونیای گۆڕیوە لە وشكەساڵی و بێبارانی و بڵاوبوونەوەی دەیەها نەخۆشی و ...هتد هەموو ئەوانە پێمان دەڵێن ئەگەر بەر بەو پیس بوونە نەدرێ لە سەدەكانی داهاتوودا ژیانكردن لەسەر ئەم هەسارەیە پەكی دەكەوێ و ژیان بەكۆتا دێت..
ئاخر جەنگ و شەڕو شۆو تاقیكردنەوەی بۆمبی ئەتۆمی و پیسكردنی دەریاو زەریاكان بە نەوت و گازو ئەو پاشماوانەی تا تەمەنێكی زۆر شی نابنەوە لە بویڵ و نایلۆن و ژاوەژاو و بوونی هەزاران كارگە و سوتانی دارستان و بڕینەوەی دارو نەبوونی هاوسەنگی ژینگەیی و چی و چی هەموو ئەوانە رۆژ بەرۆژ ژیان بەرتەسك دەكەنەوە كە لەو روانگەوە ئەركی ژینگەپارێزانە هەوڵەكانیان زیاتر بەگەڕ بخەن لەرووی دروستكردنی فشارو ئەنجامدانی كۆڕو سیمینارو خولی رۆشنبیرییبەرهەمدار وئامادەكردنی پۆستەرو سەردانی مەیدانی و میدیایی كە ئامانج لێی خۆشویستنی ئەو ژینگەیەبێ كە مرۆڤ تێیدا گوزەر دەكات. نووسەرمامۆستا ئاری بۆ دەوڵەمەندكردنی ئەو پرسە هەستیارو گرنگە وەك كۆدەنگی و هاوهەڵوێست و یەك دید و پەیام، لەروانگەی هەر ئایینێكەوە وتەی نووسەرانی ئەو سێكتەرە دەگوازێتەوە ئەوەش دیوێكی دیكەی لێهاتوویی نووسەرە بۆ ئەو بابەتە، بۆ نموونە:
1-لەروانگەی ئیسلامەوە:
ئەندازیار عەبدولرەمان سدیق وەك كەسێكی دەقگرتوو و قاڵبوو بەژینگە لە دە بەش دا (ژینگەپارێزی لەقورئان و فەرموودەدا)وەردەگرێ كە لە دە بەش پێكهاتوە (بنەما قورئانییەكان بۆ رۆڵی ئینسان(جێنشینی – خستنە بەردەست -ئاوەدانكردنەوە) _ بنەما قورئانییەكان بۆ پاراستنی ژینگە(پاراستنی هاوسەنگی –بەستنەوەی مرۆڤ بە توخمەكانی ژینگەوە – دووركەوتنەوە لە زیادەڕەوەیی و ئیسراف- پاراستنی ژینگە گوفتارە رەفتارە) _پێكهێنەرە سەرەكییەكانی ژینگە لە قورئاندا(ئاو-خاك- هەوا) _ سەرچاوەكانی وزەی خاوێن لە قورئاندا (وزەی خۆر _ وزەی ئاو _ وزەی گەرمی _ وزەی با) _ گیانلەبەران و ژینگە_ رووەكپارێزیی و پاراستنی ژینگە لەقورئاندا _ جوانبینی لە قورئاندا_ نەخشەی بیناسازیی و پاراستنی ژینگە_پاراستنی ئاشتی بۆ پاراستنی ژینگە_ سترتیژییەتی چارەسەرە پێشنیاركراوەكان )) گرنگی ژینگە دەخاتە ڕوو.
2-لەروانگەی كاكەییەكانەوە:
دكتۆرە نازسەید فەلەكەید كاكەیی ئاماژەی بەوە دەكات (لە بیروبۆچوونی دەروێشانەی كاكەییەكان ئازاردانی تەنانەت لقیسەوزی دارێك بەجەریمە لەقەڵەم دەدرێت، تەنانەت هەندێ لەم كەرەستانەی ژینگە پیرۆزی تایبەتی خۆی هەیە وەك هەنار، گوێز كە لەبۆنە ئایینیەكان دەبینرێت). هەروەها وای دەبینێ كە: (ژینگەیەكی جوان و بێگەرد شیاوی ژیانی هەژاران و دەوڵەمەندانە بەبێ جیاوازی, ئەمە فەرمانێكی كۆمەڵایەتی، مرۆڤایەتی، رۆشنبیری، یژدانییە كەواتە ئەركێكی ئەخلاقییە بەرامبەر بەئەوانەی كە پاش ئێمە دێن...یارسانییەكان لەئامێزی ژینگە بۆ ژینگە ژیاون و بۆ ژینگە شەڕیان كردووە).
3-لەروانگەی جووەوە:
زەوی وژینگە موڵكی خوایە وەك لە كتێبی تەكوین هاتووە، (شێركۆ عوسمان عەبدوڵا) وەك كەسێكی جوولەكەی كورد ئاماژە بەوە دەدات كە: (لە زۆر شوێنی تەورات و تەلمود و كتێبەكانی تری ئێمەی جوودا باس لە پاراستنی ژینگەكراوەو پاراستنی ژینگە یەكێكە لە فەریزەكانی سەرشانی ئێمەی جوو، پێویستە لەسەر جوو و هەموو بوونەوەرەكانی سەر زەوی و ژێر زەوی و ناو ئاو و هەوا بپارێزێت و نابێت ببێتە هۆكاری تێكچوونی ژینگە یان لێسەندنەوەی ژیان لە زیندەوەران و بوونەوەرانو گیانداران و رووەكەكان.. ئێمە جەژنێكمان هەیە دەكەوێتە مانگی دووی هەموو سالێكەوە پێیدەگوترێ جەژنی ناشتنی نەمام "جەژنی دارو درەخت" لەم جەژنەدا هەموو جوویەك هەر یەكەو بەپێی توانای خۆی لەدەشت و دەر یان لەناو باخ و باخاتی خۆیاندا نەمام دەنێژن كە ئەمەش جۆرێكە لەپاراستنی ژینگەو سەوزكردنی ژینگە).
4-لەروانگەی مەسیحیەوە:
نزیكەی سەد ئایەت باس لە پاراستنی ژینگە دەكات و هانی شوێنكەوتوانی دەدات و ئاگاداریان دەكاتەوەزەوی پیس نەكەن بەخوێن رشتن ، چ جای جەختكردنەوە لەسەر پاراستنی ژینگە بەشێوەیەكی گشتی و ئاستەنگ و بەربەست و لەمپەرەكانی بەردەم ململانێ و كێشەكانی نێوان مرۆڤ و ژینگە، بەرپرسێتی هاوبەش بەئەركێكی ئیمانی دەزانێت.
5-لە روانگەی یەزیدییەوە:
(خیری بوزانی) وەك یەزیدییەك چوار توخمە سەرەكیە لەئایینی یەزیدی مانەوەی ژیانە(توخمەكانی ئاو و خۆڵ و هەواو ئاگر) بەشێكی دانەبڕاون لە ئایینی یەزیدی و بەشێكی سەرەكین لە پەیڕەو وپیادەكردنی ئایینیان.
تەنانەت هیندۆسی و كۆنفۆشیوس و شینتۆ و سیخی هیندی و تاویەی سینی و تەواوی ئایینەكان ژینگە بەبەشێكی دانەبڕاوی ژیان دەزانن و جەخت لەپاراستنی دەكەنەوە.
ئەو هەوڵەی مامۆستا ئاری ئاغۆك هەنگاوێكی جوانە، پەیامێكە پێمان دەڵێت: ئەم زەوییە موڵكی خودایەو بەهەموو جیاوازیەكانەوە هەموومان لەسەری دەژێین بۆیە وەك ئەركێكی ئەخلاقی و ئایینی و مرۆڤایەتی دەبێ بیپارێزین و هەر یەكەمان لەلای خۆیەوە ببێتە ژینگەپارێز.
سەرپەرشتیاری پەروەردەیی/ قەزای تەقتەق