
ئەفسانە ئاڵەشین
لە مێژووی شارستانییەتی مرۆڤایەتیدا، هیچ توخمێك بە ئەندازەی زمان گوزارشت لە ناسنامە و بوونی نەتەوەیەك ناکات. ئەگەر نیشتمان جەستەی نەتەوە بێت، ئەوا زمان بێگومان گیان و ڕۆحی ئەو جەستەیەیە. گەورە فەیلەسوفی ئەڵمانی مارتن هایدیگەر، دەڵێت زمان ماڵی بوونە بۆ ئێمەی کوردیش زمانی کوردی تەنیا ئامرازێکی پەیوەندی کردن نییە، بەڵکو تاقە پەناگە و قەڵایەکە کە توانیویەتی لەناو گەردەلوولی مێژوو و شاڵاوی سڕینەوەی ناسنامەدا، وەك نەتەوە بیانوویەك بۆ مانەوەمان بهێڵێتەوە. ڕەگی زیندووی هەر نەتەوەیەك لەناو وشە دەربڕین مەتەڵ، گۆرانی و داستانەکانیدا دەچێتە خوارەوە بۆ ناو قوڵایی مێژوو هەر کاتێك ئەو ڕەگە وشك بوو، دارستانی نەتەوەش بەرەو زەرد بوون و لە ناوچوون دەچێت.
گرنگیی زمان لەوەدایە کە کۆگای یادەوەری یە. ئێمە بە کوردی بیر دەکەینەوە، بە کوردی خەون دەبینین و بە کوردی دەردەدڵ دەکەین. کاتێك زمانێك لەدەست دەچێت، تەنیا چەند وشەیەك نامرن، بەڵکو جیهان بینییەك فەلسەفەیەکی ژیان و مێژووی هەزاران ساڵەی گەلێك دەڕوخێت. بۆ نەتەوەیەك کە بەدرێژایی سەدەکان ڕووبەڕووی جۆرەها نکۆڵی کردن بووەتەوە، زمان تاقە شوناسە کە سنوورە دەست کردەکان ناتوانن لەتی بکەن. کوردێك لە مەهاباد، عەفرین، ئامەد یان سلێمانی، کاتێك بە کوردی دەپەیڤێت پەیوەندییەکی ڕۆحیی وا دروست دەکات کە هیچ پاسپۆرت و ناسنامەیەکی سیاسی ناتوانێت جێگەی بگرێتەوە. ئەمەیە واتا ڕاستەقینەکەی ڕەگی زیندوو ڕەگێك کە لەژێر خاکدا دەمێنێتەوە تەنانەت ئەگەر لق و پۆپەکانیشمان ببردڕێنەوە
لە سەردەمی ئێستادا کە سەردەمی تەکنەلۆژیا و جیهانگیرییە، مەترسییەکان لەسەر زمانە دایکەکان دوو هێندە بوونەتەوە. تێکەڵ بوونی زمانەکان و زاڵ بوونی زمانە جیهانییەکان بەسەر کایەکانی ژیاندا، وای کردووە نەوەی نوێ کەمتر پەنا بۆ وشە ڕەسەنەکان ببات. پاراستنی ئەم ڕەگە تەنیا ئەرکی شاعیر و نووسەران نییە، بەڵکو ئەرکی هەر تاکێکی کوردە. دەبێت تێبگەین کە گەشەسەندنی زمان بەستراوەتەوە بە بەکارهێنانی لە زانست، تەکنەلۆژیا و ناوەندەکانی خوێندندا. ئەگەر زمانەکەمان نەبێتە زمانی زانست و نوێگەری وەك مۆزەخانەیەکی لێدێت کە تەنیا بۆ یادی ڕابردوو بەکاردێت زیندوێتیی زمان لەوەدایە کە هاوشانی سەردەم هەنگاو بنێت بەبێ ئەوەی دەست بەرداری ڕەسەنایەتی خۆی بێت.
لە کۆتاییدا، پێویستە هەموومان ئەو ڕاستییە بزانین کە نەتەوەی بێ زمان، نەتەوەیەکی بێ بڕبڕەی پشتە. زمان ئەو پەتەیە کە ڕابردوومان بە ئێستا و ئێستاشمان بە پاشە ڕۆژەوە گرێ دەدات. پاراستنی زمانی کوردی، پاراستنی شەرەف و شکۆی نەتەوەییە. با وشەکانمان بکەینە ئاو بۆ ئاودانی ئەو ڕەگە زیندووەی کە ناوی کوردە، چونکە تا ئەو کاتەی کوردی لەسەر زاران بێت، کوردستان وەك چەمکێکی نەتەوەیی و فەرهەنگی هەرگیز نامرێت. وەك چۆن دەوترێت هەر میللەتێك زمانی خۆی فەرامۆش بکات، وەك کۆیلەیەکە کە کلیلەکەی لەدەستدا بێت، با ئێمە کلیلەکەی خۆمان بپارێزین بۆ ئەوەی هەمیشە دەرگای ئازادی و سەرفرازیمان بەڕوودا کراوە بێت.