
فەرەیدوون سامان
ئاخۆ بۆ ناساندنی ناسنامەی بوونی نەتەوەیەک، زمانێکی ستاندارد پێویستە، یانمەرجە تۆ بە نەتەوە کورد بیت و بەڵام زمانەکەت کوردی نەبێت،ئەمەشیان دوو گرووپ دەگرێتەوە، یەکیان ئەو کوردانەن بە حوکمی توانەوەیان لەناو کۆمەڵگەیەکی ناکوردیدان و بە تێپەڕبوونی ڕۆژگار زمانی زگماکیان لەدەستداوە، و بە زمانێکی تر دەدوێن، بۆ نموونە کوردانی تاراوگە، گرووپەکەیتر ئەوانەن کە دەڵێن ئێمە کوردین، بەڵام زمانەکەمان هەورامی یان زازاکی یان...تد.
باشە بۆچیبۆ کوردبوونمان زمانی ستاندارد پێویستە، لەکاتێکدا لە غیابی زمانی ستاندارددا،لە پتر لە بەشێکی نیشتماندا هێشتا زارەکان ڕۆڵی زمانی ستاندارد دەگێڕن، نموونەش زمانی کوردی- زاری سۆرانی لە باشوورو زاری کورمانجی لە ڕۆژاوای کوردستاندا، کەواتە پهرتهوازهیى زمانى كوردى له نێوان ئهم زار و بنزار و دەڤۆکانە، ئهو ناوچه و ئهم دەڤەرە، ههم پێنەدانى پایهیهكى بهرزتر دەبێت به زمانى كوردى، به تایبهت له ههلومەرجێکدا کە ههڕهشهكان نهك ههر لهسهر زمانن، بهڵكو كۆمهڵگه و نهتهوهكهمانى خستۆته نێو ترس و دڵهڕاوكێیهكى نائومێدهوه،کە لەسەر خاکی نیشتمانی خۆیدا سەدان ساڵە نکۆڵی لە بوون و هەبوونی ناسنامەکەی دەکرێت و بە پلان و ئەجیندای تایبەتڕووبەڕووی جینۆسایدی کولتووری دەبێتەوە.
سەرباری جیاوازی بیروبۆچوونی ئێمە لەگەڵ هزر و تێڕوانینی هەندێ لەو بەڕێزانەیکە لەسەر پرسی زمان و زارە کوردییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا بە پێویستیدەزانم ئەم پرسیارانە ڕووبەڕوویان بکەمەوە:
ئایا شتێک هەیە بەناوی زمانە کوردییەکان، لەکاتێکدا وەک زمانی هەر نەتەوەیەکی سەر ڕووی ئەو زەمینە زمانی کوردیش لە چەندان زار و بنزار و دەڤۆک پێکهاتووە، زمانی کوردی هێشتا له سنووری ترسناکی مان و نهمان دایه، یان ئهم سنوورهی بهرهو پانتاییهکانی ژیانی ههمیشهیی بهزاندووه و مهترسییه سهرهکییهکانی سهر ئهم زمانه لەسهردهمی ئێستهدا کامانهن، باشە چۆن دهتوانین زمانی کوردی لهم مهترسییانه دوور بخهینهوه و هاوکاتیش بهرەو گهشەکردن و بهخشینی توانای ڕووبهڕووبوونهوه لهگهڵ تایبهتمهندییه نوێیەکانی سهردهمی ببهین، له باری فورم و ناوهڕۆکهوه دهوڵهمهندتری بکهین، چۆن دهتوانین تواناکانی ئهم زمانه بۆ ڕووبهڕووبوونهوه لهگهڵ زانست و دیارده مودێرنهکاندا فراوانتر بکهین؟
زمان یەکێکە لە ئاڵۆزترین داھێنانەکانی مرۆڤ، ھاوکات ڕازێکی سەرنجراکێش و گرێیەکی سەختی بواری توێژینەوە و تێڕامانیشە، چۆن زمان پەیدا بووە، بۆچی زمان بووە بە ھۆکاری دروستکردنی پەیوەندی و چۆن پرۆسەی لێکگرێدانی دەنگ و واتا، ڕستەسازی و وشەسازی دەستی پێکردووە و تائێستاش بەردەوامە؟
ئەمانە لەو پرسیارە بنەڕەتییانەن، کە زمانناسانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، ھاوکات لەگەڵ گەشە و پێشکەوتنی مرۆڤایەتیدازمان تەنیا لە چوارچێوەی ھۆکارەکانی پەیوەندی پێکەوەبووندا نەماوەتەوە و لە کۆنتێکستی جیاوازدا ڕۆڵ و ماھیەتی خۆی گۆڕیوە و کارەکتەری جۆراوجۆری تاقی کردوەتەوە، بۆ نموونە زمان لە تێڕوانینی یەکەمدا ڕۆڵێکی مەدەنیانە دەگێڕێت و پانتایی پێکگەیشتن، لێکتێگەیشتن و دروستکردنی پێوەندیی نێوان مرۆڤەکانە، لەگەڵ گۆڕانکارییە مێژوویی و سیاسییەکاندا، لە دنیای مۆدێرندا زمان بەرگێکی سیاسییانە دەپۆشێت و دەبێتە مەیدانی جیاکردنەوەی سنوورەکانی دەوڵەت ـ نەتەوە و بەشداری لە کایە سیاسییەکان دەکات و ڕەوایەتی دەبەخشێت بە ھاووڵاتیبوون لە فۆرمێکی ئیداری و سیاسیدا.
کێشەی ئەلفابیتای کوردی
لە سەرەتای سییەکانی سەدەیڕابردوو، وڵاتی شام کە ئەوسا لەژێر دەسەڵاتی ماندێتی کۆلۆنییاڵی فرەنسیدا بوو، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی کورد(میر جەلادەت بەدرخان) کە سەرنووسەری (کۆواری هاوار- ١٩٣٢) بوو، بە کاریگەری فەرەنسییەکان، ئەلفابیتایەکی بە تیپی لاتینی بۆ زمانی کوردی _ زاری کورمانجی دانا، بەم پرۆسەیەبێ گەڕانەوە بۆ مەرجەعیکی زانستی و وەرگرتنی ڕاوبۆچوونی ئەو زمانناسە کوردانەی کە لەو ڕۆژگارەدا خەریکی خزمەتکردن بوون بە زمانی کوردی، بۆیەکەمجار لە مێژووی هاوچەرخداڕێنووسی زمانی کوردی دوولەت بوو، واتە بۆ ئەلفابیتای لاتینی لە باکوور و ڕۆژاوای وڵات، بۆ تیپی عەرەبیش لە باشوور و ڕۆژهەڵاتدا، کە هەر لە زووەوە ئەو ئەلفابیتایە برەوی هەبووە و لە خوێندنگە ئایینیو حوجرەکانی کوردستاندا کاری پێکراوە، بەم ئەلفابیتایە لاتینییە لە ئەنجامدا دیوارێکی لە نێوان کوردانی هەر چوارپارچەی نیشتمان و کوردانی دیاسپۆرا درووست کرد.
هەر ئەو دیوارە نەفرەتییە بووە هۆی ئەوەی پتر لە سەدەیەکە ئاخێوەرانی ئەو هەرێمانە نەک هەر نەتوانن بەرهەمی هزریی و ئەدەبیاتییەکدی بخوێننەوە، بەڵکو نەوەیەک درووست بووە لەوسەردەمە بە هیچ کلۆجێک ئاگایان لە بەرهەمی داهێنراوی نووسەرانی بەشەکانی دیکەی وڵات نییە، بەڕادەیەک زمانی کوردییان وەها لەیەکتر دوورخستەوە، کە تەنانەت هاووڵاتییانی کوردی ناوچەکانی خۆیشیان نەتوانن شاکارە کلاسیکەکانی شاعیرانی وەک (مەلای جزیری و فەقێی تەیران و ئەحمەدی خانی تد..) بخوێننەوە، چما بە شاکارەکانی خانای قوبادی و مەولەوی و نالی و وەفایی...تد دەگات؟!
ئەم فرەئەلفابیتایەبرەوی زیاتری بە فرەزاری و لێکدابڕینی زمانی کوردی دا، تەنانەت تا ڕادەی مەحاڵبوون بۆ ئاخێوەرێکی زاری هەورامییان لەکیکە بتوانێت دەقێکی کورمانجی بە تیپی لاتینی بخوێنێتەوە، هەلبەتە پێچەوانەکەش هەرڕاستە، بۆ کورمانجی ئاخێوەرێک سەخت بێت لە دەقێکی شێوەزاری هەورامییان لەکی تێبگات، ئەنجامێکی نەگەتیڤی دیکەش، کە مخابن لەژێر باندۆری بۆچوونی نازانستی هەندێ لەوڕۆژهەڵاتناس و کوردناسەڕۆژاواییانە، ئێستا بەشێک با کەمیش بێت، لە ئەکادیمییە کوردەکانیش زاراوە-تێرمی(زمانە کوردییەکان) نەک (زمانی کوردی) بەکار بهێنن، هەر بۆ نموونە خوێنەرانی هێژا دەتوانن بۆ نووسینەکانیڕەشیدیاسەمی و محەمەد موکری و ئەمیری حەسەنپوور و میهرداد ئیزەدی و تد... بگەڕێنەوە.
لە هەشتایەکانی سەدەیڕابردوو بەشێک لە زازاکییەکانی باکووری کوردستان بەتایبەت ئەوانەی لە هەندەران دەژیان هەر لە ژێر باندۆری تیۆرەکانی مەکەنزی و مینۆرسکی، بانگەشەیان بۆ سەربەخۆیی زمانی زازاکیدەکرد، لە هەوڵی ئەوەشدا بوون زاری دملکی – زازاکی وەک زمانێکی جیاوازلە زمانی کوردی بناسێنن، لە کاتێکدا زۆرینەی سەرکردە سیاسییەکانی باکووری کوردستان وەک (شێخ سەعیدی پیران و سەیدڕەزا و تەنانەت سەڵاحەددین دەمیرتاش)یش لە کوردانی دملکی (زازاکی)ن.
هێزی زمانەکەمان لە کوێدایە؟
لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە پێی ماڵپەڕی ویکشنەری ئینگلیزی، زمانی کوردی خاوەنی نزیکەی (٩١٨ ھەزار و ١٢٣ وشە)یە لە دوای ئینگلیزی، فەرەنسی، چینی، ڕووسی، یۆنانی، و ئەڵمانی پلەی ھەشتەمی جیھان بووە،واتە زمانەکانی عەرەبی و تورکی و فارسی تێپەڕاندووە، زمانی کوردی سەرباری هەموو کێشە سیاسی و دەستوورییەکانی لە دوای فینلاندی و کۆری لە پلەی سێیەمی جیھاندا بووە، بەپێی ماڵپەڕی ویکشنەری ئینگلیزی بۆ زمانەکان بەم شێوەیە زمانی کوردی خاوەنی ھەموو پێکھاتەکانە بۆ ئەوەی کورد یەکێک لە زارە ھەرە زۆر قسەکەرەکانی خۆی وەک زمانی یەکگرتووی خۆی ھەڵبژێرێت.
بۆچوونێک هەیە دەڵێت: ئەگەر کورد دەوڵەتێکی سەربەخۆی هەبووا، وەک ھەموو گەلانی سەر زەوی، لە ڕێگای دەزگە کەلتووری و زانستییەکانی و سەرباری دووستانداردی زمانەکەی، بە ڕاپرسی زۆرترین ئاخێوەرانی زارێکی خۆی و هەروەها باشترین ئەلفابیتای بۆ زمانەکەی ھەڵدەبژارد، بۆ ئەوەی وەک زمانی پێوەر لە دەزگە فەرمییەکانی حکوومەت لە خوێندنگە و زانکۆکان و لە نووسین و بەرھەمھێنانی هزری خۆیدا بەکاری دەهێنا، بە نموونەی گەلانی ناوچەکە و جیھان، ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەگەر ئێمەمامەڵە لەگەڵ بەربڵاوترین زارێکی کوردیدا بکەین کە زاری کرمانجی باکوورە یان هەر زارێکی تر، بەھەمان شێوەی کە تورک و فارس مامەڵەی لەگەڵ زمانی خۆیاندا کردیان،واتە زاڕێکیان هەڵبژارد و کردییان بە زمانی پیوەری خۆیان، بەھەمان شێوەی گەلانی دیکە کە مامەڵەیان لەگەڵ بەربڵاوترین شێوەزارەکانی خۆیان کرد، ئیدی بۆمان دەردەکەوێت کە کوردیش خاوەنی ھەموو پێکھاتەکانی زمانی کلاسیکی خۆیەتی و دەتوانێت بەو زمانە پێوەرە ھەموو کوردەکانی دەوروبەری یەکبخات، ئەو بەربەستانەی لە ئێستاشدا ڕێگری لە زمانی کوردی دەکەنلە چەند ساڵێکی کەمدا وەلا دەنرێن و نامێنن،کە بەداخەوە بەربەستێکی سیاسین نەک زمانەوانی.
زمانی کوردی زمانێکی دەوڵەمەندە
زۆرجار لێرەو لەوێ ھەندێک کەس لە نەزانینی خۆیانەوە دەپرسن: بۆچی ھەندێک خەڵکی ناوچە کوردییەکان بە زەحمەت لە زاری یەکتر تێدەگەن؟ ھەندێکی تریش ئەم جیاوازییە دەکەنە بڕوبیانوو بۆ گومان خستنە سەر نەبوونی زمانی یەکگرتووی کوردی، بە مەبەستی نکۆڵیکردن لە بوونی نەتەوەی کورد، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زمان یەکێکە لە پایە ھەرە گرنگەکانی نەتەوە، ئەگەر نکۆڵی لە بوونی ئەو زمانە بکەن، بەو ھۆیەوە نکۆڵی لە بوونی نەتەوەش دەکەن! ئەم خەڵکە دەڵێن: کورد بە زۆر زمانان قسە دەکەن، نەک تەنھا یەک زمان! بانگەشەی ئەوەش دەکەن کە یەک زمانی کوردی نییە تا یەکیان بخات! بە دڵنیایی ئەمە بەڵگەی بێ ئاگایی ئەوانە لە زمانی کوردیدا، بەڵگەیەک بۆ ئەوەی کە جیاوازی لە نێوان زمان و زارێکدا ناکەن! وەڵامەکەی ئەوەیە: ئەگەر ھەندێک کەس لە ناوچە کوردنشینەکان بەزەحمەت لە وشەسازیی و زاراوەی یەکتری تێبگەن، با بڵێین وەک خەڵکی هەولێرو ئامەد بۆ نموونە، یان لە نێوان کوردێکی لەکستان و کوردێکی ناوچەی سلێمانی و دەوروبەری، یان ھەر ناوچەیەکی دیکە، ئەوا ئەمە شتێکی زۆر سروشتییە و بە ھیچ شێوەیەک بەو مانایە نییە کە کورد بە زمانێکی جیاواز قسە بکات و یەک زمانی ھاوبەشیان نییە، ئەم دیاردەیە لای ئاخێوەرانی وڵاتێکی گەورە و پێشکەوتووی وەک ئەلمانیا و بەریتانیاش هەیە، ھەندێک لە ناسیۆنالیستە توندڕەوەکانی تورک و عەرەب و فارس بانگەشەی بۆ دەکەن. بەڵام لەبەر ئەوەی زمانی کوردی زمانێکی بەھێزە و دەوڵەمەندە بە وشەسازی، زۆر سروشتییە مرۆڤی کورد ھەموو ئەو وشەسازییەی زمانی کوردی نەزانێت، کە لە ھەموو ناوچە بەرفراوانەکانی کوردستان لە سوریا، عێراق، تورکیا، ئێران و ئەوانی تردا قسەی پێدەکرێت.
سەرەڕای ئەوەی کە کورد تا ئێستا دەوڵەتی سەربەخۆی نییە، لێرەدا ھێزی زمانی کوردی بەدەر دەکەوێت و خۆشبەختانە خاوەنی زەخیرەیەکی مەزنی فەرهەنگی وشە و زاراوەکانە،کوردی زمانێکی دەوڵەمەندە بە شێوەزار و وشەسازی و ئەم بڕە زۆرە وشەسازییە بەسەر ھەموو ناوچەکانی کوردستاندا بەشکراوە، کە دەکاتە نزیکەی ملیۆنێک وشە و ئەمانەش ئەو وشانەن کە تەنھا لە زارەکانی کورمانجی و سۆرانی وەرگیراون و ئەو زاراوە زۆرانەی تری کوردی وەک لەک و لوڕ و هەورامی تێدا نییە. ئەمە فاکتەرێکی زۆر گرنگە بۆ پاراستنی زمانی کوردی و ھەموو شێوەزارەکانی و وشەکانی لە ونبوون و لەناوچوون، سەرەڕای ئەو شەڕە سەختانەی دەسەڵاتە داگیرکەرەکان، لە دژی زمانی کوردی و نەیانھێشتووە تاکی کورد فێری خوێندنەوە و نووسین بێت، بەڵام ھێشتا زمانەکەی بەھێزترە لە زۆرێک لە زمانەکان کە لە ناوچەکە و جیھاندا ھەن،
*سەرنووسەری گۆڤاری زمانناسی زمان و زار.