شیڤان شێرزاد

زۆربەی شەوان ماڵەکەی ئێمە ببوو بە مێزگەردێک بۆ کۆکردنەوەی ئەو هونەرمەندانەی، کە وەک خونچە گوڵێک دەیانویست پشکۆ بدەن و بە بۆنی ئاڵی خۆیان ڕامان بکێشن، بۆ گەوهەرێک، کە پڕە لە هونەری ڕەسەن و میوزیک.

لەبیرمە شەوانێک ماڵەکەی ئێمە و باخچە بچکۆلانەکەی باوکم لە گەڕەکی (سێتاقان) شوێنی کۆکردنەوەی هونەرمەندانی وەک "زیاد ئەسعەد و هاوتا ئەسعەد) و شاعیری ناسک (عەبدولڕەحمان بێلاف) بوو.

کاتێک زیاد پێکی بۆ ئازارەکانی ژیان هەڵدەدا و کەمێک سەر مەست دەبوو ئیدی یەخەی لێدەگرتم دەیگوت: وەرە و گۆرانیەکی (کازم ساهیر )ـم بۆ بڵێ!.

ئەو دەیزانی من ئەو توانایەم تێدا نیە (عبر شگ علی مودک)ـی کازم بڵێمەوە، بەڵام هەمیشە حەزی دەکرد منداڵێک یان نەوەیەک بە میوزیک و گۆرانی و عاشق بە هونەر پەروەردە بکات.

زۆرجار لێی توڕە دەبووم بە دەنکێک (بەدەملی) ڕازی دەکردم، کە ئەو دروشەمە بڵێمەوە، کە (کوردم کوردم و بە کیمیاوی نەمردم!).

زەمەن زۆر خێرا گۆڕا و ڕژێمی بەعس لە ناوچوو، بەرەی کوردستانی دامەزرا و حیزبێک بە ناوی (پاسۆک) لە دایک بوو، (زیاد ئەسعەد) لە درەنگانی شەودا بۆ خودا حافیزە دەرگای لێگرتین و تەواو لەبیرمە بە دەستە جلێکی کوردی و کڵاشینکۆفێک لەگەڵ (عەبدولڕەحمان بێلاف)ـی شاعیر هاتن بۆ دوا دیدەنی (کاکە شێرزاد)ـی باوکم.

ئیدی خۆری زیاد ئاوابوو لە کوردستان و بۆ چەند ساڵێک لە تاران گیرسایەوە، لەوێشدا زیاد هەر لە خەمی گۆرانی کوردی دا بوو، بەتایبەت دوای سەفەرە سەختەکەی، کە لە هەمووان زیاتر من دەزانم زیاد چەند هۆگری تەیراوە بوو.

ئیدی نەیتوانی ئەو نەهامەتیانەی غوربەت بشارێتەوە و لە ١٩٩٣ـدا گۆرانی (خودا حافیز)ـی بڵاوکردەوە، کە لەو سەردەمەدا خەڵکانێک پێیان وابوو (زیاد) عاشق بووە بە کچێک، بۆیە ئەو گۆرانیەی چڕیووە، لێ کەس ئەو ڕاستیەی نەزانی، کە دوا گۆرانیە بۆ هەولێر و تەیراوە و سەیداوەکەی جەلال سەعیدە و ئیدی هەولێر لەو (حەرامە) و مەگەر بە مەرگ زیاد ببینینەوە و سەرێک لە هەوارگەکانی شار نەداتەوە و بە هەمووان بڵێت بمبەخشن من لەم جەنگەڵستانە نابیننەوە، کە منداڵیم و هونەرەکەم لێی چەکەرەی کرد!!.

ڕۆژگارێک زۆر بەسەر ئەو شەوانە تێپەڕی نە من (زیاد)ـم بینیەوە نە ئەو گوێبیستی دەنگم بوو گۆرانیەکانی منداڵیمی بۆ بڵێمەوە، کەچی لە پڕ تەلەفۆنێکی نامۆم بۆ هات، کاکە زیاد لێی پرسیم توخوا پێم بڵێ، ئەوە تۆی کە لە باوەشمدا گۆرانیت دەگوت و ئێستاش بابەتە ڕۆژنامەوانیی و هونەرییەکەت دەخوێنمەوە؟.

گوتم: بەڵێ، ئەوە من بە عەشقی هونەرەکەی تۆ (نیزام شوکر) و (محەممەد عەزیز و ڕێگر حەیدەر و فوئاد ئەحمەد) فێری عەشق و گۆرانی و نووسین و تابلۆیەک لە جوانیی شیعرەکانی (نازم دڵبەند) و (سەرکەوت ڕەسوڵ) و (هێمن موکریانی) و (پەشێو)ـی مەزن بووم!.

لێم پرسی، کە دێیتەوە و ئاوڕێک لە قەیسەری و مینارە و باغی شار و تەیراوەکەی (حاجی تەیرۆ) دەدەیەوە، ئەو داما و زۆر دڵشکاوانە گوتی: مەگەر لە مردندا من هەولێر باوەش بە یەکتردا بکەینەوە!!.

ئەمە دێڕێکی نامۆ بوو لە (زیاد)ـێک بیستم، کە هەموو خۆشیەکانی ژیانی لەگەڵ هەولێر بەشکردبوو، کەچی هێندە نامورادە و نایەوێ گوێی لە دەنگی هیچ ئاوازێک بێت لەم شارەدا سەری هەڵدابێت و زیاد خۆی لێ دوور بگرێت و ڕقەیەک لە دڵی خۆی دروست بکات و ئیدی گوێمان لەو ئازیزەی دوورە وڵات نەبێتەوە و هەناسە و ئاواتەکانی بەدی نەهێنین!.

وتاری نووسەران