
محەمەد چۆمانی
★ دەستپێکردنەوەی خوێندن هاوکاتە دەگەڵ بانگەشەی هەڵبژاردن و سەرباری نەدانی مووچە، دیسانەوە لەنێو ئەو بانگەشە و بەشینەوەی تۆمەت و سووکایەتی و یەکتر ریسواکردنە، گورزێکی دیکە لە خوێندن و دەروونی قوتابی و مامۆستا دەدرێ. دەبوو هەڵبژاردن لە وەرزی هاویندا ئەنجام درابا، بەڵام دیارە هات و هاوار و زیقە زیق، لە ژینگەیەکی لەباری خوێندن لە پێشترە!!
★ لە هەرێمی کوردستان ژمارەی قوتابخانە و باخچەی ساوایانی حکومی ٦٨١٠ قوتابخانەیە ، کە هێشتا دوو دەوامی و سێ دەوامیان تێدا دەکرێت و بەدەست جەنجاڵی و نەبوونی مامۆستا و دەیان کێشە دەناڵێنن. کەچی ژمارەی قوتابخانە ئەهلییەکان خەریکە نێزیک دەبێتەوە لە ژمارەی قوتابخانە حکومییەکان کە ٦٥٠٠ قوتابخانەن. بەڕوونی کەرتی خوێندنی حکومی هەروا پەراوێز دەخرێ و کەرتی تایبەتیش هەروا گەورەتر دەبێت. لێکەوتەکانی ئەو سیاسەتە ئەوەیە کە پارەدار و بەرپرسان، ژیانیان لە ژیانی خەڵکی هەژار و کەم دەرامەت جودا دەکەنەوە و دیواری چینایەتی زۆر بە فراوانی بەرین دەکرێ. نموونەیەکی زەق: بۆ خۆم لە گەڕەکێکی هەولێر لە قوتابخانەیەکم لەبەر زۆری ژمارەی قوتابی، تەنها فرۆشگاکە ماوە بکرێتە پۆل! قوتابی لە زیاتر لەپێنج گەڕەک دێنە ئەو قوتابخانەیە، چونکە لە گەڕەکەکانیان ئامادەیی نییە. ئاخر قوتابخانەیەکی ١٥پۆلی و ٧٠٠ قوتابی ناچێتە نێو هیچ ستانداردێکی فێربوون و پەروەردەییەوە. لە دهۆک و سلێمانی هەمان شت خوێندنی حکومی دەیان گرفتی هەیە.
★ لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا کەمترین باڵەخانەی قوتابخانە دروستکراون، بوونی ملیۆنێک و ٨٠٠ هەزار قوتابی، بە دروستکردنی ١٥٠ باڵەخانە لە دە ساڵی رابردوودا کێشەی جەنجاڵی چارە ناکات. لانیکەم دوو هەزار باڵەخانەی تازە پێویستە تا دیاردەی دوو دەوامی نەمێنێ و جەنجاڵی پۆلەکان لە ٥٠ و ٦٠ قوتابی بۆ ٣٠ قوتابی کەمبێتەوە. لەکاتێکدا لە هەر گەڕەک و شەقام و ناوچەیەکی ئەو هەرێمە، لەبەرامبەر هەر قوتابخانەیەکی حکومی، چوار پێنج قوتابخانەی تایبەت قووتکراونەتەوە و تەنها دەوامێکیشیان تێدا دەکرێ. خوێندنی حکومی لە بەردەم پەراوێزخستنێکی مەترسیداردایە و ئامانجەکەش بە بەرنامە و بە هێواشی زاڵکردنی خوێندنی تایبەت و خستەگەڕی بزنسی بەرپرسانە، تا ئەوان زیاتر قەڵەوتر و خەڵکیش لاوازتر و هەژارتر بێت.