
لە ۹ی نیسانی ساڵی ۲۰۰۳ پەیکەری (سەدام حوسێن)ی دیکتاتۆر و سەرۆک کۆماری عێراق لەلایەن خەڵک و هاوپەیمانانەوە لە گۆڕەپانی فردەوس شکێندرا، ئەو ڕۆژە بوو بە ڕۆژی کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی بەعسی دیکتاتۆر لە عێراقدا.
ڕژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ لە دوای خۆی ئاسەواری دەیان کارەساتی گەورە و دڵتەزێنی بۆ گەلی باشوری کوردستان جێهێشت کە تا هەتایە شوێنەواریان دەمێنێتەوە.
روخانی ڕژێمی سەدام بۆ گەلی کوردستان جێگای شانازی و خۆشحاڵی بوو، خەڵکی پێیانوابوو ئەوە کۆتایی هێنانی نەهامەتیەکانە!
دوای روخانی بەعس دەسەلاتی "خۆماڵی" هاتە سەر حوکم، خەڵک بە دڵێکی گەرمەوە پێشوازی لێکردن و چاوەڕێی گۆڕانکاری گەورە و وەدیهێنانی خەونی ساڵەها ساڵەیان بوون کە خۆشگوزەرانی و ئازادی و سەربەرزیان بوو.
بەڵام بەداخەوە گۆرانکاری و جیاوازیەکان زۆر کەم فەرقیان هەبوو!
زۆرێک لە یاسا و بەرێوەبردن و بڕیارەکانی دەمودەزگاکانی دەوڵەت وەک سەردەمی رژێمی بەعس مایەوە.
چۆنیەتی مامەڵەی حزب لەگەل دەوڵەت، هەر بەم شێوازە مایەوە کە لە زەمانی بەعس هەبوو!
واتە رێچکەی نەریتی سیاسی بەعسەکانیان گرتە بەر کە حزب دەسکاری هەموو کیانەکانی دامودەزگاکانی دەوڵەت بکات بە گەورە و بچوکەوە.
ئەم جورە لە بەڕێوەبردن ئیدارەی دامودەزگای دەوڵەت دەخاتە مەترسی زۆر گەورە، هەر لە خراپی بەرێوەبردن و گەندەڵی و دزی و چەتەیی تا بە حزبی کردنی دەوڵەت و قورخ کردنی هەموو کیانەکان!
بۆ نمونە لە بری هەڵدانەوەی دۆسیەکان و بونیات نانەوەی خاکی باشوری کوردستان و بە جینوساید ناساندنی کارەساتەکانی هەڵەبجە و ئەنفال و داوای قەرەبوو کردنەوەی گەلی کورد، سەرانی دەسەڵاتی چاوچنۆکی باشوری کوردستان چیان کرد؟!
هاتن کاریان لە سەر پڕۆسەی پارچە کردنی کوردستان کرد و قوڵیان لە دزی خاڵە سنوریەکان و نەوت و گاز هەڵماڵی و تا بە ناوەوەی هەرێم ڕادەگات کە بست بە بستیان لە سەر خۆیان تاپۆ کرد، بانکەکانی دەوڵەتانیشیان پڕ کرد لە پارە و داهاتی نیشتیمانی و بەشی خەڵکیش لەم داهاتە بە مەمرە و مەژی لێ دەدەن.
کوشتنی ژنان و ڕاونان و کوشتنی رۆژنامەنوسان و بێ کاری لاوان و ڕەو کردنیان بەرەو هەندەران و بەهێزکردنی ئیسلامی سیاسی و داکوتانی ڕەگی داب و نەریتی ئیسلامی و تاریک پەرستی ئێستا دیاریدەیێکی زەقی ناو کۆمەڵگایە.
ناڕەوایەکانی دەسەڵاتی هەرێم بە شێوەیەک ڕەگی داکوتاوە کە هیچ پێگەیێکی بەهێزی نەهێشتۆتەوە بۆ گەلی ستەمدیدەی باشور، هەر لەم ڕێگەیەوە دووژمانی گەلی کورد بۆ جێبەجێ کردنی مەرامی خۆیان بە کەیفی خۆیان تەڕاتێنێ لە ناو خاکی کوردستان دەکەن، پەنجا نیوە بەشەکە لە بەرامبەر پەنجا نیوەکەی تر بەکار دێنن و هەر ڕۆژە و بە بیانوێک لایێکی نیشتمان وێران دەکەن!
لە ڕاستیدا وڵاتانی زلهێزی یارمەتیدەری دەسەڵاتی کوردیش بە تەواوی رازینین لە هەڵسوکەوتەکانی سەرانی هەرێم ، بە هۆی ئەو گەندەڵی و دزیەی دەیکەن. ئەگینا نەیاندەهێشت جارێکی تر بگەڕێنەوە باوەشی بەغدا. چونکە ئەو وڵاتانە بۆ خۆیان رازی نین لە دەسەڵاتدارانی بەغدا.
دەسەڵاتی باشوری کوردستان لە لایەک خۆیان خستە باوەشی وڵاتە زلهێزەکانەوە لە لایێکی ترەوە هەڵوێستیان زۆر لاوازە بەرامبەر عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا ، لە ڕاستیدا دەبوو پابەند بن بە پرۆسەی حکمڕانی دادپەروەرانە و پشت بە ئیرادەی گەل و دەستپاکی نیشتمانی ببستن و فۆرمێکی دیکەی زۆر جیاواز تر لە نەریت و سیاسەتی چەوتی حزبی بەعس ئاراستە بکەن و رێز لە تێکۆشان و قوربانیەکانی گەلی باشوری کوردستان بگرن، قەت جارێکی تر سەر شۆڕ نەکەن بۆ دوژمنانی گەلی کوردستان.