
ڕاپۆرتی هەواڵی و شیكاری
ئا: ئەوین حەكیم پوور '
شاری هەولێر لە شەوی شەممە ڕێكەوتی ٦\١١/٢٠٢٦شاهیدی یەكێک لە شەپۆلە توندەكانی بارانبارین و لافاو بوو، كە لە ماوەیەكی كورتدا ژیانی هاووڵاتییانی تێكدا و زیانێكی گەورەی گیانی و ماددی لە شارەكەدا بەجێهێشت. ئەم ڕووداوە جارێكی دیكە پرسیاری ئامادەكاریی ژێرخانی شار، توانای سیستەمی ئاوەڕۆ و شێوازی بەڕێوەبردنی مەترسییە سروشتییەكانی هێناوەتەوە پێشەوە.
لە ئەنجامی ئەم لافاوەدا، دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە؛ یەكەمین قوربانی، گەنجێكی ٢٥ ساڵان بە ناوی محەممەد ڕەسووڵ بووە، كە خاوەنی منداڵێكی ساڵ و نیوە بوو. بەپێی زانیارییە بەردەستەكان، محەممەد لە كاتی لافاوەكەدا بە مەبەستی ڕزگاركردنی هاووڵاتییان چووە شۆفڵ بهێنێت، بەڵام بەداخەوە خۆی كەوتووەتە بەر هێزی لافاوەكە و گیانی لەدەستداوە.
قوربانیی دووەم، منداڵێكی پێنج ساڵان بە ناوی مستەفا سەركەوت بووە. لە گەڕەكی هەولێری نوێدا، لە كاتێكدا لەگەڵ باوكی لە ئۆتۆمبێلدا بووە، بەهۆی هێزی ئاوەوە ئۆتۆمبێلەكەیان ڕاماڵراوە و دوای چەند كاتژمێرێك، تەرمی منداڵەكە لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا دۆزراوەتەوە.
ئومید خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕۆژی یەكشەممە ڕایگەیاند كە لەو لافاوەدا ٣٠٠ كەس لەلایەن تیمەكانی فریاكەوتنەوە لە خنكان ڕزگار كراون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە پارێزگاری هەولێرەوە ڕاگەیەنراون، پێشبینییە كەشناسییەكان ئاماژەیان بە بارانبارینی نزیكەی ٣٠ میلیمەتری كردبوو، بەڵام لە ئەنجامدا لە ماوەی تەنها دوو كاتژمێردا نزیكەی ٨٠ میلیمەتر باران باریووە.
ئەم جیاوازییە گەورەیە لە نێوان ڕێژەی پێشبینیكراو و بڕی ڕاستەقینەی باران، فشارێكی زۆری خستووەتە سەر سیستەمی ئاوەڕۆ و مەنهۆڵەكانی شار، بە شێوەیەك كە نەیانتوانیوە ئەو بڕە زۆرەی ئاو لە ماوەیەكی كەمدا وەربگرن و بگوازنەوە.
لەو بارەیەوە چالاكوان فەرمان ڕەشاد گوتی: ئەم دۆخە پێویستی بە دوو ئاراستە كاركردنە، یەكەمیان قەرەبوی زیانلێكەوتوان كە ئەمە پێویستی بە بەشداری هەموو لایەك هەیە.
دووهەمیان پێكهێنانی تیمێكی سەربەخۆ بۆ بەدواداچون و ئاشكراكردنی ڕاستیەكان، چونكە بە ڕوونی هەست بەكەمتەرخەمی و كاری نایاسایی لە ڕێڕەوی ئاو دەكرێت، پڕۆژەی تەماعكاری نیشتەجێبوون هیچ دەرفەتێكی بۆ تێپەڕینی ئاوی باران نەهێشتوەتەوە، هەرچی ئاوی باران هەیە كەوتە سەر گەڕەكە هەژار نشینەكان . ناكرێت ئەوەی ڕوویدا هەمووی بخرێتە سەر بارینی ڕێژەیەكی زۆری باران لە كاتێكی كەم.
گوتیشی: بەڕاستی وەبەرهێنانی نیشتەجێبوون كارەساتێكی گەورەی بەسەر ئەم وڵاتە هێناوە، كەخەڵكی فەقیر باجەكەی دەدات بارانبارینی بەخوڕ بە تەنها هۆكاری دروستبوونی ئەم ئاستە لە لافاوە نییە، بەڵكو چەند هۆكارێكی دیكەش دەتوانن كاریگەرییان هەبێت:
كەمی توانای تۆڕی ئاوەڕۆ: سیستەمی ئاوەڕۆی شار، لەوانەیە بۆ ڕێژەیەكی كەمتر لەو بڕەی بارانە دیزاین كرابێت و لە بارانبارینی زۆردا تووشی تێكچوون ببێت و كۆبوونەوەی خاشاك و پاشماوە: گیرانی مەنهۆڵ و دەرچەكانی ڕۆیشتنی ئاو بە پاشماوە، دەتوانێت خێرایی ڕۆیشتنی ئاو كەم بكاتەوە. هاوكات فراوانبوونی شار و كەمبوونەوەی ڕووبەری سەوزایی: زیادبوونی بیناسازی و ڕووبەرە قیرتاوەكان ڕێگری لە هەڵمژینی ئاوی باران لەلایەن خاكەوە دەكەن و ڕێژەی ئاوی كۆبووەوە لەسەر زەوی زیاد دەكەن.
لە لایەكی تر دەستكاریكردنی ڕێڕەوی سروشتیی ئاوی باران و لافاو دەتوانێت ئاراستەی ڕژانی ئاو بگۆڕێت و مەترسیی لافاو لە گەڕەكە نیشتەجێبووەكان زیاد بكات.
ناوچە زیانلێكەوتووەكان و قەبارەی زیانە ماددییەكان
لە نێوان ناوچە زیانلێكەوتووەكاندا، گەڕەكەكانی شێخ ئەحمەد، هەولێری نوێ و سێبەردان، لەگەڵ شەقامەكانی ١٠٠ مەتری و ١٥٠ مەتری، لەو شوێنانە بوون كە زیانی زۆریان پێگەیشتووە.
ئاوەكە چووەتە ناو سەدان خانوو و دوكانی كاسبكاران و ژمارەیەكی زۆری ئۆتۆمبێلیش ژێر ئاو كەوتوون. ئەمەش جگە لە زیانی ڕاستەوخۆ بە كەلوپەلی ناوماڵ و سامان و سەرمایەی هاووڵاتییان، كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی ڕۆژانە و كاروباری بازرگانی داناوە.
لە ڕووی ئابوورییەوە، زیانەكان تەنها بە خانوو و ئۆتۆمبێل سنووردار نابن، بەڵكو دوكان و كاروباری بچووكیش كە سەرچاوەی داهاتی ژمارەیەكی زۆر لە خێزانن، تووشی زیان بوون.
قەرەبووكردنەوە و ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان
یەكێك لە گرنگترین بابەتەكانی دوای كارەساتەكە، چارەنووسی ئەو هاووڵاتییانەیە كە ماڵ و موڵك و سەرچاوەی بژێوییان زیانی پێگەیشتووە.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی تشرینی ٢٠٢٦، پشتیوان پێنجوێنی شارەزاری بواری کەشناسی وتی مانگی ١١ی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان ساردتر دەبێت.
پێنجوێنی ئاماژەی بەوەش کرد ڕێژەی بارین لە سەرووی ئاستی ئاساییەوە دەبێت و لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بارانێکی باش و بە لێزمە دەبارێت. هاوکات هۆشداری دا ئەو بارانبارینە لافاویشی بەدوواوە و تەرزەش بەڕێوەیە.
بەپێی زانیارییەكانی ئازادی، تا ئێستا هیچ بڕیارێكی فەرمی بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان ڕانەگەیەنراوە. ئەم دۆخەش بووەتە هۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە گەڕەكی سێبەردان، چونكە هاووڵاتییان چاوەڕێی ڕوونكردنەوە و ڕێكارێكی كردەیین لەلایەن دەسەڵاتە پەیوەندیدارەكانەوە دەكەن.
لافاوەكەی هەولێر، لەگەڵ ئەو زیانە گیانی و ماددییانەی بەجێی هێشت، جارێكی دیكە ئەو ڕاستییەی خستە ڕوو كە ئامادەكاری بۆ ڕووداوە سروشتییەكان نابێت تەنها لە كاتی كارەساتدا دەست پێ بكات.
لەدەستدانی دوو هاووڵاتی، بە تایبەتی فیداكاریی محەممەد ڕەسووڵ بۆ ڕزگاركردنی ژیانی هاووڵاتییان، لەگەڵ لەدەستدانی منداڵێكی پێنج ساڵان، قورسییەكی مرۆیی گەورەی ئەم ڕووداوەیە.
لە لایەكی دیكەوە، زیانە ماددییەكان و ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی زیانلێكەوتوو، پێویستییەكی خێرا بۆ هەنگاوی كردەیی لەلایەن دەسەڵاتە پەیوەندیدارەكانەوە دروست دەكەن.
ئێستا پرسیاری سەرەكی ئەوەیە: ئایا ئەم كارەساتە دەبێتە خاڵی دەستپێكی پێداچوونەوەیەكی جدی بە ژێرخانی هەولێر و سیستەمی بەرگری لە لافاو، یان دوای كۆتاییهاتنی شەپۆلی بارانبارین، ئەم كێشانەش وەك ڕووداوەكە لەبیر دەكرێن؟
ئەركی دەسەڵات تەنها پاككردنەوەی شەقامەكان دوای لافاو نییە؛ بەڵكو پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان و ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی كارەساتەكەیە كە بەداخەوە چەندین بارەبۆتەوە و چارەسەر نەكراوە .
