
ڕاپۆرت/ دلێر عەلی
دیاردەی کوشتن، هەراسانکردن و خۆسوتاندنی ژنان لە هەرێمی کوردستان تەنها تاوانێک یان قەیرانێکی کۆمەڵایەتیی ئاسایی نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە سروشتی سیستەمی سیاسی، پەیوەندییە سەرمایەدارییەکان و پەککەوتنی دامەزراوە دادوەرییەکانەوە هەیە. لەم چوارچێوەیەدا، تۆڕی ٨ی مارس —کە پێنج ساڵە دامەزراوە و کار لەسەر پرسی یەکسانی و مافەکانی ژنان دەکات— هەڵمەتێکی فراوانی میدیایی و کۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی کوردستان ڕاگەیاندووە.
لە وتوێژێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان، بەڕێز سمکۆ ڕەشید، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تۆڕی ٨ی مارس و بەرپرسی پەیوەندییەکانی تۆڕەکە، ڕەخنەی توند لە هەڵوێست و کەمتەرخەمیی دەسەڵاتی سیاسی گرت و پەردەی لەسەر ئامانجەکانی هەڵمەتەکەیان لادا.
حکومەت کەمتەرخەمە؛ سیستەمەکە بەرپرسە لە کوشتنی ژنان
سمکۆ ڕەشید جەختی لەوە کردەوە کە سەرچاوەی سەرەکیی توندوتیژییەکان بەرهەمی پێکهاتەی حوکمرانییە و گوتی:
"کوشتن و خۆسوتاندنی ژنان لێکەوتەی ڕاستەوخۆی ئەم سیستەمە سیاسی و سەرمایەدارییەیە کە ژنی کردووەتە قوربانی. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە پرسی ژن تەواو خەمساردە، هەروەها نەبوونی دامەزراوەی دادوەریی سەربەخۆ و تۆکمە وایکردووە کە بکەرانی تاوانەکان لە سزای یاسایی دەربازبن و ژنان لەژێر گوشارەکاندا بژارەی خۆسوتاندن هەڵبژێرن."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە تۆڕەکەیان کار دەکات بۆ ئەوەی پرسی توندوتیژی دژی ژنان لە ڕووداوێکی ئاسایی تاوانکارییەوە بگوێزێتەوە بۆ پرسیارێکی جدی لە سیستەمی سیاسی و ڕای گشتی.
میدیا وەک ئامرازێکی ڕووبەڕووبوونەوە
سەبارەت بە ڕۆڵی کەناڵەکان و دامەزراوە میدیاییەکان لەم هەڵمەتەدا، سمکۆ ڕەشید دەڵێت:
"پێویستە میدیا چیتر بێدەنگ نەبێت و تەنها ڕۆڵی گواستنەوەی هەواڵەکان نەبینێت، بەڵکو ببێتە سەکۆیەک بۆ ڕوونکردنەوەی ڕەهەندە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کێشەکە و دروستکردنی گفتوگۆی گشتی."
بۆ ئەم مەبەستە، تۆڕی ٨ی مارس پرۆژەیەک بۆ بەستنی هاوبەشی لەگەڵ کەناڵە ناوخۆیی، دەزگا میدیاییە عەرەبی و ئینگلیزییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پێشکەش دەکات. کۆبوونەوەکان ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەشی پەیوەندییەکان، بەرپرسانی بەرنامە دۆکیۆمێنتاری و کۆمەڵایەتییەکان، و بەرهەمهێنەران ئەنجام دەدرێن تا ئاستی هاوکارییەکان دیاری بڕێت.
نەخشەڕێگای هاوبەشیی نێوان هەڵمەتەکە و کەناڵەکان
سمکۆ ڕەشید وتی؛ تۆڕەی ٨ی مارس «پاکێجێکی میدیایی» کامڵی ئامادە کردووە کە زانیاریی پەیامەکە، لیستی چالاکی و کۆنفرانسەکان، ئاماری فەرمی، و هاشتاگەکان لەخۆدەگرێت، تا کەناڵەکان بتوانن بە شێوازێکی خێرا و ڕوون کارەکان ئەنجام بدەن.
پرۆژەی هەڵمەتەکە پێشنیاری هاوبەشییەکی فەرمی لەگەڵ کەناڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا دەکات، کە دوو تەوەری سەرەکی لەخۆ دەگرێت:
پشتیوانی و بڵاوکردنەوە: بڵاوکردنەوەی پەیام، بەکارهێنانی هاشتاگ و لینکە فەرمییەکانی هەڵمەتەکە لە ناوەڕۆکی پەیوەندیداردا، بە مەبەستی دروستکردنی دەنگێکی جۆراوجۆر لەسەر ئاستی کوردستان.
بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی تایبەت: هاندانی کەناڵەکان بۆ بەرهەمهێنانی پۆدکاست، ڕاپۆرتی گفتوگۆ، ئەنفۆگرافیک لەسەر ئامارەکان، دۆکیۆمێنتاری تایبەت، و ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ توێژەران و پسپۆڕانی یاسایی و دەروونی. هەروەها بڵاوکردنەوەی زانیارییەکانی هێڵی یارمەتی (119) وەک ئامرازێکی ڕاستەوخۆ بۆ ڕزگارکردنی ژنان.
بونیادنانی هاوپەیمانییەکی بەرفراوان
سمکۆ ڕەشید لە کۆتایی وتوێژەکەدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەڵمەتە لەسەر ئاستی هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ چەندین تۆڕ و دەستەی پاراستنی ژنان بەردەوام دەبێت، و گوتی:
"ئەم هەڵمەتە تەنها داواکارییەک نییە بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامێک، بەڵکو دروستکردنی هاوپەیمانییەکی فەرمی و بەردەوامە لەگەڵ میدیاکان دا تا بە یەکجاری کۆتایی بە دیاردەی کوشتن و خۆسوتاندنی ژنان بهێنرێت و دەسەڵات بخرێتە ژێر بەرپرسیارێتییەوە."
ئەم هەڵمەتەی تۆڕی ٨ی مارس بە هاوکاری چەندین تۆڕ و دەستەی پاراستنی ژنان لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، تاوەکو ڕێگری لە قووڵبوونەوەی زیاتری ئەم قەیرانە کۆمەڵایەتییە بگیرێت.
