عومەر خدر كاكیل

 

       لە زۆر بوار و سێكتەرەکاندا (ڕێبەر) ڕۆل و كاریگەرییەکى باشی  لە ناساندن و بەرەو پێشبردنی كارەكاندا، بەتایبەتیش لە بواری گەشتوگوزار و كشتكوكاڵ و زۆربەى بوارە ئابوورییەکانى تردا هەیە، بۆیە زۆربەى وڵاتان بایەخ بەو لایەنانە دەدەن و ڕێبەرى تایبەتییان بۆ دروستکردوون، بەتایبەتیش لەبواری گەشتیاریدا، دەیان ڕێبەری ڕازاوەیان بۆ شوێنە گەشتیارییەكانیان ڕازاندۆتەوە و بە زمانی جیاجیا چاپیان كردوە، كە لەلایەك گەشتیاران ئەو ڕێبەرانە وەك چاوساخێك لەگەشتەكانیاندا بەكاردەهێنن و پشتی پێدەبەستن، لەلایەكی تر ئامڕازێكیشە بۆ پڕوپاگەندە و ڕاكێشانی گەشتیاری زیاتر بۆ ناوچەكانیان.

هەرێمی كوردستانیش وەك ناوچەیەكی گەشتیاری پێویستی بەو جۆرە ڕێبەرانە هەیە، دیارە لەهەموو بوارەكانی گەشت و گوزار، بەشێوەیەكی سەرەتایی هەنگاوی چاپكردن و بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە ڕێبەرانە نراوە، بەڵام هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی پێویستییەكان پڕ بكاتەوە كەرتی گەشتیاری وەكو پێویست بەدنیا بناسێنێت.

وەرزشی شاخڕەوی، یاخود ڕۆیشتن لەكەژو كێوەكان و وەك هەوڵێك بۆ گەڕانەوە بۆ سروشت و جۆرێك لە جۆرەكانی گەشتیاری، ماوەیەكە لەهەرێمی كوردستان برەوی سەندووەو گرووپ و كۆمەڵەی شاخڕەوی جیاجیاو لەهەموو تەمەن و ڕەگەزەكان دروستبوون و بایەخ بەو وەرزشە لە هەڵكشاندایە، خەمخۆرانی ئەم بوارەش پەیتا پەیتا هەوڵدەدەن ئەو شوێنانەی بۆی دەچن، بە خەڵكانی تر بناسێنن و سەرنجییان بۆ ئەو جۆرە گەشتیارییە ڕابكێشن، لەم بارەیەشەوە، جێپەنجەی هەر یەك لە نووسەر و شارەزای گەشتوگوزار (نادر ڕۆستی) و هەروەها نووسەر و شاخڕەو (محەمەد باوەكر)و (فیدراسیۆنی شاخەوانی) و (محەمەد چاوشین) لە قەڵادزێ بەجوانی دیارە.

منیش وەك هونەرمەندێكی بواری فۆتۆگرافی، كە ماوەیەكی زۆرە خەریكی ئەو وەرزشەم و هەر دیمەنێكی جوان سەرنجی ڕاكێشابم وێنەكەیم چركاندووە، بە باشم زانی بۆ بەرچاوڕونی شاخڕەوان و شارەزابوون بە چیای سەفین، ڕێبەرێكی شاخڕەوی چاپ و بڵاو بكەمەوە، ئەوەبوو دوای چەندین ساڵ گەشت كردن بۆئەو  چیایەو شارەزابوون لە زۆربەی ڕێگە و لوتكەكانی و چركاندنی دەیان و بگرە سەدان وێنەی دانسقەو جوان لە هەموو گەلی و لوتكەو دۆڵ و شیوەكان ولە هەموو وەرزەكانی ساڵ،  ئەم ڕێبەرە وەك یەكەمین ڕیبەری شاخڕەوی بە دیزاینێكی جوان و بە فۆتۆی ڕەنگاوڕەنگ بە هەردوو زمانی كوردی و ئینگلیزی هاتە بەرهەم.

ڕێبەرەكە لە چەند تەوەرەیەك پێك دێت، سەرەتا بە كورتەیەك باسی هەڵكەوتەی جوگرافی چیاكەم كردوە، ئینجا دیاریكردنی هەموو ئەو گوند و شارەدێیانەی كەوتوونەتە بناری چیاكە و هاوكات ئاماژەبەو گەلی و دۆڵ و شیوانەی لە هەردوو بەری نسار و بەری ڕۆژی چیاكە بەناوەكانی خۆیانەوە كراوە.

بەكورتی باسی ئەو گەلی و ڕێڕەوانەم كردووە، كە شاخڕەوان تا ئێستا بۆ شاخڕەوی بەكاریدەهێنن، هەر لە درێژی ڕێرەوەكان بە كیلۆمەتر و گۆشە و پلەی بەرزی تا دەگاتە لوتكە و ناوی لوتكەكان  و بەرزیەكانیان، بۆ ڕێرەوەكانیش هێلكاری مانگی دەستكردی تایبەتی خۆیم بۆ داناوە. هەروەها ناوی زۆربەی زۆری كانیەكانی هەردوو دیوی چیایەكەم نووسیوە، لەپاڵ ئەمەدا وێنە و ناوی بەشی زۆری ئەو گژوگیا بەهاریانەی لە چیاكە هەن و ئەو گوڵ و گوڵزارانەی وەرزەكانی ساڵی سەفین جوانتر دەكەن نوسراوەو وێنەكانیان دانراوە، ناوی زۆربەی ئەو پەلەوەر و بولبول و ئاژەڵە كیویانەشم هێناوە، كە ئێستا لە چیاكە ماون و بەرچاو دەكەون.

شایەنی وتنە بەچاپگەیاندنی ئەم ڕیبەرە لەسەر ئەركی خۆم لە دەزگای فام بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە بە پێوانەی 15 بە 23سم و 103 لاپەڕە، لە دیزایینی (عەبدوڵا رەفیق) بە وەرەقەی ئارتیڕەنگاوڕەنگ چاپ كراوە..

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا