پێگەی گۆڵگراف بڵاویكردووەتەوە، یانەی كۆمۆی بۆ ماوەی شەش مانگ و بە شێوەی خواستن گرێبەست لەگەڵ لیۆنیل مێسی ئەرجەنتینی ئەستێرەی ئێستای ئینتەر میامی ئەمریكی واژۆ دەكات.
پێگەكە ئاشكرایكردووە، كارگێری یانەی كۆمۆ لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی مێسی رازیبكات دوای تەواوبوونی خولی ئەمریكا پەیوەندی بە یانەكەیانەوە بكات، بۆ ئەو گرێبەستەش سیسك فابریگاسی راهێنەریان بەكاردەهێنن كە پەیوەندییەكی هاوڕێیەتی بەهێزی لەگەڵ لیۆ هەیە.
جەختیشیكردووەتەوە، شاری كۆمۆ شوێنێكی ئارام و گونجاوە بۆ مانەوەی مێسی، بوونی دەریا و كەشێكی ئارام و سەرنجڕاكێش هاندەرە بۆ ئەوەی هێرشبەرە ئەرجەنتینییەكە رازیببێت، بە تایبەت بۆ ئەوەی ئامادەكاری بكات بۆ مۆندیالی 2026.
ئەمە لە كاتێكدایە، جارێكی دیكە یانە سعودییەكان لە هەوڵدان ئەستێرە ئەرجەنتینییەكە بگوازنەوە، مێسیش تا ئێستا بڕیاری یەكلاكەرەوەی سەبارەت بە داهاتووی نەداوە.