رۆناڵدۆ بە باشترین یاریزانی مانگی ئایاری خولی سعودیە دیاریکرا و بۆ شەشەمین جار خەڵاتەکەی بەدەستهێنا.
پێگەی فەرمی خولی رۆشەنی سعودیە بڵاویکردەوە، کریستیانۆ رۆناڵدۆی یاریزانی یانەی نەسڕ بووەتە براوەی خەڵاتی باشترین یاریزانی مانگی ئایاری خولی سعودیە کە دەکاتە کۆتا مانگی وەرزی 2023 بۆ 2024ی خولەکە.
رۆناڵدۆ توانی کێبڕکێکە لە فاشۆن ساکالای هێرشبەری فەیحا و مارسیلۆ برۆزۆڤیچی هاوتیمی بباتەوە و ببێتە براوەی خەڵاتەکە، بەو پێیەی لە مانگی ئایاردا توانی شەش گۆڵ و ئەسیستێک تۆمار بکات.
ئەستێرە پورتوگالیەکە بە بردنەوەی ئەو خەڵاتە بۆ شەشەم جار بە باشترین یاریزانی مانگ دیاریکراوە لە خولەکەدا لەو کاتەوەی پەیوەندی بە نەسڕەوە کردووە.
هەر لەم وەرزەشدا هێرشبەرە پورتوگالیەکە توانی بە 35 گۆڵ ببێتە گۆڵکاری خولەکە و ناوی خۆی لە مێژوودا نوسیەوە بە تۆمارکردنی زۆرترین گۆڵ لە خولەکەدا .