
كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ دەیەوێت لە تۆپی پێی سعودیە بەردەوام بێت و وەك پێشتریش رایگەیاندبوو ناگەڕێتەوە بۆ ئەوروپا، لە ئێستاشدا نیازی وایە گرێبەستەكەی بۆ ساڵێكی تری نوێبكاتەوە كە گرێبەستی ئێستای لە مانگی حوزەیرانی 2025 كۆتایی پێدێت.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی ریازییە، بەڕێوەبەرانی یانەی نەسر لەگەڵ كریستیانۆ ڕۆناڵدۆی ئەفسانەی پورتوگالی گەیشتوونەتە ڕێككەوتن بۆ ئەوەی گرێبەستەكەی بۆ ماوەی ساڵێكی دیكە درێژ بكەنەوە، وە ئەگەری درێژكردنەوەی ئەم گرێبەستە بۆ ساڵی دووەمیش هەیە.
سەرچاوەكانی ریازییە ڕەتیانكردەوە وردەكاری دارایی گرێبەستە نوێیەكە بخەنەڕوو، بەڵام سەرچاوە نافەرمییەكان باس لەوەدەكەن، گرێبەستەكە هاوشێوەی گرێبەستەكەی پێشوو دەبێت و گۆڕانكارییەكی كەمی تێدا ڕوودەدات.
ڕۆناڵدۆ تا ئێستا 88 گۆڵی لەگەڵ یانەی نەسر تۆماركردووە و خاوەنی ژمارەی پێوانەیی مێژوویی زۆرترین گۆڵە لە یەك وەرزی خولی سعودیە، وە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر تەمەنی بوو بە 40 ساڵ و یەكەم گۆڵی خۆی لە دەیەی نوێدا لە یارییەكەی هەینی بەرامبەر یانەی فەیحە تۆماركرد.