پێش رووبەڕووبوونەوەی ئۆساسۆنا، دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەری ئەتلەتیكۆ مەدرید رایگەیاند، هیوادارە بتوانن یارییەكی باش پێشكەش بكەن و لە ئاستێكی بەرزدا خۆیان ببیننەوە، رۆیشتن یاخود مانەوەی كۆریاش لە كۆتایی وەرزدا قسەی لێدەكرێت و یاریزانەكەی زۆر خۆشەوێت و رێزێكی زۆری دەگرێت.
سەبارەت بە ئۆبلاكیش وتی: گۆڵچییەكی نایابە، زۆر جار وتوومە، ئامارەكانی وایكردووە لە خەڵاتی زامۆرا نزیك بێتەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی كارە تاكەكەسییە نایابەكانی و كاریگەرییە گەورەكەیەتی لە تیپەكەدا.
راشیگەیاند، تەواوی هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ بردنەوەی جامی جیهانی یانەكان، ئەوان لە بوونی بەرشەلۆنە و ریاڵ مەدرید گەیشتوون بە پاڵەوانێتییەكە و لە ئاستی خۆیان دڵنیان.
لەبارەی ئەنچیلۆتیشەوە كە راهێنەرایەتی ریاڵ مەدرید جێدەهێڵێت لە كۆتایی ئەم وەرزەدا، وتی: هیچ لێدوانێك لەسەر چۆنیەتی ڕۆشتنی نادەم، ئەوە پەیوەندی بە یانەكەی و خۆیەوە هەیە، بەڵام وەك هەموو ڕاهێنەرەكانی ئێستای لالیگا سەرسامم بە كارەكانی كارلۆ، نەك تەنها بۆ سەركەوتنەكانی و ئەوەی لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید كردوویەتی، بەڵكو بۆ تەواوی ژیانی وەرزشی، زۆرم خۆشدەوێت و هەمیشە هیوای باشترینی بۆ دەخوازم.