خافێر تیباس لەكاتی دەركەوتنی لە ژووری نوێنەرانی ئیسپانیا باسی لە دۆخی پیشەسازی تۆپی پێ كرد؛ لە قسەكانیدا لێدوانی توند و ڕاشكاوانەی دژی پڕۆژەی سوپەر لیگ و كێشەی دزینی ناوەڕۆكی پەخشی تۆپی پێ و دۆسیەی مشتومڕاوی نێگیرا دا.
لە قسەكانیدا وتی: سوپەر لیگ لەلایەن كۆمپانیایەكەوە بەڕێوەدەبرێت بەناوی ئەی 22، لەڕاستیدا لەپشت ئەم پلانەوە یانەی ڕیال مەدرید نییە، بەڵكو فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆكی یانەكەیە.
وتیشی: لە ئەوروپا زیاتر لە 40 خولی پیشەگەر و 75 هەزار كارمەند و زیاتر لە 68 هەزار یاریزان هەیە، داهاتی ساڵانەی پەخشی تەلەفزیۆنی تۆپی پێ زیاترە لە 20 ملیار یۆرۆ كە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە دابەش دەكرێت، ئەگەر بێت و سوپەرلیگ لە ئیسپانیا جێبەجێ بكرێت، ساڵانە لە سەدا 32 داهاتمان لەدەستدەدەین.
باسی لەوەشكرد، لە ڕووی ئامادەبوون لە یاریگاكان ئەمساڵ ڕیكۆرد تۆمار دەكەن كە زیاتر لە ملیۆنێك كەس زیاتر دەچنە یاریگاكان بە بەراورد بە پێش پەتای كۆرۆنا.
سەبارەت بە دۆسیەی نیگێراش وتی: ئێمە لەم دۆسیەیەدا ئامادەیی یاساییمان هەیە و تا كۆتایی بەدواداچوون دەكەین، بەڕای من گەندەڵی وەرزشییە، راستە ناوبژیوانان ناكڕدرێن، بەڵام ئەگەر ئامانجەكە كاریگەری لەسەر پرۆسەی پلە بەرزكردنەوەی ناوبژیوان بووبێت، ئەوە گەندەڵییە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر بابەتەكە بەسەر بەرشەلۆنەشدا ساغ بێتەوە دانابەزێنرێتەوە خولی پلە دوو.