پاش ئەوەی چابی ئەلۆنسۆ بووە راهێنەری ریاڵ مەدرید واچاوەڕوان دەكرێت گۆڕانكاری گەورە لە یانەكەدا ڕووبدات، هەم لەڕووی شێوازی یارییكردنەوە یاخود لەڕووی دانانی پێكهاتەی سەرەكی.
تۆڕی زە ئەتلەتیك بڵاویكردووەتەوە كە ئەگەر ئاستی ڤینیسۆس جۆنیۆر بەم شێوەیە بەردەوامبێت ئەگەری زۆرە راهێنەرەكەی مێرێنگی بڕیاربدات بیخاتە سەر كورسی یەدەگ.
سەرچاوەكە جەختی لەوەكردووەتەوە كە دوورخستنەوەی ئەستێرە بەڕازیلییەكە لە پێكهاتەی سەرەكی، دەبێتە پێشهاتێكی نوێ بۆ ئەو هێرشبەرە چونكە لەماوەكانی رابردوودا هەمیشە یەكێكبووە لە گرنگترین یاریزانەكانی یانەی شاهانە.
لەلایەكیترەوە بابەتی نوێ كردنەوەی گرێبەستی ڤینیسۆس بەتەواوی كێشەی لەناو یانەكەدا دروست كردووە، چونكە بەرپرسانی ریاڵ مەدرید نایانەوێت مووچەی زۆر پێشكەشی هیچ یاریزانێك بكەن، كەلەداهاتوودا كێشەیان بۆ دروست ببێت.
پێشبینی دەكرێت وەرزی نوێ چارەنووس ساز بێت بۆ ئەستێرە بەڕازیلییەكە و ئەگەر نەتوانێت بەسەر ئەم كێشانەدا سەربكەوێت داهاتووی لەگەڵ یانەی شاهانە دەكەوێتە مەترسییەوە.