ڤینیسیۆس جۆنیۆری بەرازیلی و هێرشبەری یانەی ریاڵ مەدرید لە ئێستادا لە خراپترین بارودۆخی دەرونیدایە بەتایبەت دوای ئەوەی رۆدری خەڵاتی باڵۆن دۆری وەرزی رابردووی بەدەستهێنا.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی بڵاویكردووەتەوە، ئەستێرە بەرازیلیەكە بە ئەگەری زۆرەوە كاتەكانی خۆی لە یانەی ریاڵ مەدرید كەم دەكاتەوە و لە داهاتوویەكی نزیكدا دوا بڕیاری خۆی دەدات.
رۆژنامەكە ئاشكرایكردووە، ئەو یاریزانە بیری لە جێهێشتنی یانەی شاهانە كردووەتەوە دوای لەدەستدانی خەڵاتی باڵۆن دۆر چونكە پێیوایە بەشێك لە دەنگەكانی بۆ جود بێلینگهام و دانی كارڤاخاڵ چووە و ئەوەش هۆكاری لەدەستدانی خەڵاتەكە بووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو یاریزانە پێیوایە ئەگەر لە ساڵانی داهاتوودا لە یانە ئیسپانیەكە بمینێتەوە ئەوا بوونی هەریەكە لە كیلیان مباپێ و جوود بێلینگهام دەبنە هەڕەشە لەسەری كە نەتوانێت خەونی بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر بەدیبهێنێت.
رونیشیكردووەتەوە، كەسە نزیكەكانی ڤینیسیۆس پێیانوایە بەشێكی تری هۆكاری لەدەستدانی خەڵاتی باڵۆن دۆر بۆ رەگەزپەرستی لە ئیسپانیا دەگەڕێتەوە كە ئەوەش بووەتە هۆكاری ئەوەی ڤینی كاردانەوەی هەبێت و كۆنترۆڵی خۆی لەدەستبدات لە یاریگاكانی خولی ئەو وڵاتەدا.