چەند میدیایەكی سعودی بە پشتبەستن بە سەرچاوە نزیكەكانی یانەی نەسڕ بڵاویانكردەوە، بەم نزیكانە یانەكە گواستنەوەیەكی گەورە ئەنجامدەدات لەسەر خواستی خیسۆسی راهێنەری نوێی یانەكە.
رۆژنامەی ئەلیەوم بڵاویكردەوە، لە سەرچاوەیەكی نزیك لە بەڕێوەبەرانی نەسڕەوە زانیویەتی كە لە چەند ڕۆژی رابردوودا خیسوس چەند جارێك پەیوەندی بە سەرۆكی یانەكە و جێگرەكانی كردووە بۆ ئەوەی هەوڵی رازیكردنیان بدات هەوڵێكی تەواو بدەن بۆ گواستنەوەی گۆڵچییەكی گەورە، چاوی راهێنەرەكەش لەسەر جیانلویجی دۆنارۆمایە.
ئەمە لە كاتێكدایە یانە فەڕەنسییەكەش لارییان نییە لە فرۆشتنی گۆڵچییەكە و نایانەوێت بمێنێتەوە و پاشان بەبێ بەرامبەر دەستبەرداری ببن، لە ئێستادا گالاتەسەرایش لەسەر هێڵە بۆ گواستنەوەی بەڵام بێگومان ئۆفەری سعودییەكان لە رووی دارایەوە باشتر دەبێت.
وەرزی رابردوو دۆنارۆما لەگەڵ پاریس سان جێرمان، چامپیۆنز لیگی بەدەستهێنا و رۆڵێكی گرنگی لە بردنەوەی نازناوەكەدا هەبوو، وە لەگەڵ یانەكە جام و خولی فەڕەنساشی بردەوە و پاش وەرزێكی نموونەی نزیكە لە جێهێشتنی پاریس سان جێرمان.