ئیلیۆ لێتریۆ ، بەرێوەبەری كارەكانی ماورۆ ئیكاردی ئەرجەنتینی و هێرشبەری گەڵاتەسەرای، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ڕاستییەكی ئاشكرا كرد سەبارەت بە ئارەزووی ڕیاڵ مەدرید بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە لە بازاری گواستنەوەی زستانەدا.
ئیلیۆ ئاماژەی بەوەشكرد لە ئێستادا هیچ گرێبەستێكی فەرمی نییە بەڵام لە مەدریدە و دەیەوێت چاوی بە بەرپرسانی یانەی شاهانە بكەوێت سەبارەت بە گواستنەوەی هێڕشبەرە ئەرجەنتینیەكە.
روونیشیكردەوە ، ڕۆژی دووشەممە دەچێتە ئەستەنبوڵ بۆ چاوپێكەوتن لەگەڵ ئێردن تەیمور، جێگری سەرۆكی گەلاتەسەرای ، وە بێگومان چاوی بە ئیكاردیش دەكەوێت بەڵام لە ئێستادا ناتوانێت لەوە زیاتر ئاشكرا بكات.
ڕۆژنامەی توتۆ مێركاتۆی ئیتاڵی پشتڕاستی كردەوە كە كارلۆ ئەنچیلۆتی ڕاهێنەری یانەی ڕیاڵ مەدرید داوای كردووە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا ئیكاردی بگوازنەوە، بۆ ئەوەی هێڵی هێرشبەر بەهێزتر بكات دوای پێكانەكەی ڤینیسیۆس جونیۆر.
ئیكاردی لەم وەرزەدا 20 یاری لەگەڵ یانە توركیەكە ئەنجامداوە، 15 گۆڵی تۆماركردووە، چوار ئەسیستیشی بۆ هاورێكانی دروست كردووە .