
قەیرانەكانی ناو سیستەم تادێت زیاتر پیرتردەبن و بازنەی نەوەی ناڕازیش گەنجتر و فراوانتر دەبێتەوە، لە كاتێكدا حەوت ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر گەورەترین بزووتنەوەی سیاسی لە مێژووی هاوچەرخی عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، جارێكی تر حیزبی شیوعیی عێراق توانی هەزاران كەس لە گۆڕەپانی تەحریر كۆ بكاتەوە.
ئەوەی وای كردووە جارێكی تر تشرینێكی تر لەدایك بێتەوە، بەردەوامیی ئیشكالیەتی سیستەمی سیاسی و ئابووری و قەیرانە بونیادییەكانە؛ سەرەڕای گۆڕانی كارەكتەرە سیاسییەكان، بەڵام بونیاد و سیستەمەكە تا دێت زیاتر پیرتر و پەككەوتەتر دەبێت. سیستەمی سیاسی و ئابووریی عێراق و هەرێمی كوردستان لە ئەمڕۆدا بە تەواوی گەیشتووەتە بنبەست؛ بە هیچ جۆرێك و لە هیچ لایەنێكەوە نە توانای وەڵامدانەوەی پێداویستییەكانی ئەمڕۆی ماوە، نە دەشتوانێت چاكسازی لە خۆیدا بكات.
كاتێك هێزی ناو سیستەم ڕەوایەتی و پایەكانی لەسەر بنەمای فەرهوودكردنی سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی بنیاد نانێت، كردنەوەی هەر دەرچەیەكی چاكسازی، بە واتای لەقكردن و نەهێشتنی پایەكانی ئەو دێت. وێنەكە ئەگەر ڕوونتر بكەینەوە؛ لە دۆخی ئەمڕۆی عێراق و هەرێمی كوردستانیشدا ئەگەر پارە و سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی لە خزمەتی بەرژەوەندیی گشتی و بەپێی پێوەرەكانی دادپەروەری لە دابەشكردنی سامان و بەشداری لە حوكمڕانیدا دابەش بكرێتەوە، ئەو هێزانە چییان بەسەر دێت و چییان لێ دەمێنێتەوە، لەگەڵ ئەو كەسانەش كە لەژێر گوتاری جۆراوجۆردا وەك حاشیەیەك لە دەوریان كۆ بوونەتەوە؟
لە ئەمڕۆدا، پەراوێزخستن تەنها لە ئاستی ئابووری و داراییدا نەماوەتەوە، بەڵكوو پەراوێزخستنە لە ڕووی سیاسی و بەشداریی سیاسی و دروستكردنی بەربەست لەبەردەم پرسی گەشە و گۆڕانكاریی كۆمەڵایەتیشدا. سیستەمی سیاسی لێرە و لەوێش، وەك چۆن هەزاران و ملیۆنان هاووڵاتی بێبەش كردووە لە سادەترین مافی دابینكردنی كار و كاسبیی بەردەوام و بڕەپارەیەكی شیاوی بژێوی، بە هەمان شێوەش هیچ مانایەكی بۆ ڕۆڵی هاووڵاتییان لە بەڕێوەبردن و مافی بەشداریی سیاسیدا نەهێشتووەتەوە؛ ئەگەر تا دوێنێ هەڵبژاردن مانایەكی بۆ بەشداریی سیاسی هەبووبێت، ئەمڕۆ بۆ هەموو لایەك ڕوون بووەتەوە كە هەڵبژاردن تەنها وەك مانۆڕێكی سیاسییە بۆ دووبارە شەرعییەتپێدان بە كەمینەیەكی بنەماڵەیی كە وەك غەنیمەت مامەڵە لەگەڵ سامانی دەوڵەتدا دەكات.
خۆپیشاندانەكانی ٢٠١٩ لە ئەنجامی كەڵەكەبوونی تووڕەییی جەماوەری بوو بە درێژایی ١٦ ساڵ لە حوكمڕانیی دوای سەددام حوسێن، و بە چەندین قۆناغدا تێپەڕی:
گەندەڵی و سیستەمی پشكپشكێنە (المحاصصە): دابەشكردنی پۆست و سامانی وڵات لەسەر بنەمای حیزبی و تایفی، كە بووە هۆی تاڵانكردنی سەدان ملیار دۆلار لە داهاتی نەوت. سەرەڕای دەوڵەمەندیی عێراق بە نەوت، ڕێژەی بێكاری لەنێو گەنجان و دەرچووانی زانكۆدا چ ئەو كات و چ ئێستاش گەیشتووەتە لووتكە، تا ئێستاش بەردەوامە و لە سەرووی ٤٠٪ـەوەیە.
قەیرانی پێداویستییە سەرەتاییەكانی وەك: ئاو، كارەبا، تەندروستی و خوێندن لە لایەك، و لە لایەكی تریشەوە باڵادەستیی گرووپە چەكدارەكان بەسەر دەوڵەت و دامەزراوەكاندا، لەگەڵ هەستكردن بە پاشكۆیەتیی بڕیاری سیاسی بۆ وڵاتانی ناوچەكە (بە تایبەت ئێران)، هۆكارە سەرەكییەكانی سەرهەڵدانی بزافە جەماوەرییەكان بوون.
بەهێزبوونی بزافە جەماوەرییەكان لە عێراقدا بە چەندین شێوە و قۆناغدا تێپەڕی؛ هەروەك چۆن بە شێواز و ڕێگەی جیاوازیش مانیفێستی خۆی كردووە، ئاوایش كاریگەریی لەسەر ئاستی هۆشیاریی سیاسی و كۆمەڵایەتی جێهێشتووە. سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانی ئەورووپا و ئەگەرەكانی لەدایكبوونی تشرینێكی نوێ، ڕێكەوتێكی ساڵنامەیی نییە، بەڵكوو ڕێكەوتێكی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیشە كە گرێدراوە بە سیستەمی سیاسی و ئابووریی نیۆلیبراڵیزمی سەرمایەدارییەوە.
بە ڕەچاوكردنی تایبەتمەندییەكانی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپا، ئاماژەكانی سەرهەڵدانی شەپۆلێكی تری ناڕەزایەتیی جەماوەری لە ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق و هەرێمی كوردستانیشدا لە چەندین ڕووەوە دەبینرێن؛ لەگەڵ ئەوەشدا، چۆنیەتیی ئاراستەكردن و گۆڕینی ئەم دۆخە لە ڕقێكی دەروونیی فەردییەوە بۆ هۆشیارییەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی، پرسێكی ئێجگار گرنگە.
سیستەمی سیاسی و ئابووریی عێراق و هەرێمی كوردستان، سەرەڕای جیاوازییان لە هەندێك لایەنەوە، بەڵام لەوەدا هاوبەشن كە وەك كاڵایەك پڕ بە باڵای كەمینەیەك داتاشراون. سەرەڕای زۆربوونی بەردەوامی ڕێژەی دانیشتووان و زیادبوونی ڕێژەی هێزی كاری گەنجی تازە كە ساڵانە هەزارانیان زانكۆ و پەیمانگاكان تەواو دەكەن، بەڵام نە لە سیاسەتی بەكارخستندا جێگەیان دەبێتەوە، نە لە بەشداریی سیاسی و بەڕێوەبردندا جێگەیەكیان بۆ دەكرێتەوە.
ئەم لەشكرە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژمارەیان زیاتر دەبێت؛ چۆنیەتیی وەرگەڕانیان لە «هێزێك لە خۆیدا» بۆ «هێزێك بۆ خۆی» و گەشەكردنیان لە ڕووی چەندایەتییەوە پرسێكی ئێجگار گرنگە، هەروەها چۆنیەتیی بەئامانجكردنی ئەم توێژە فراوانە پەراوێزخراوە و بەگەڕخستنیان، تەواو پرسێكی سیاسی، ئابووری، سۆسیۆلۆژی و سایكۆلۆژیشە.
