ئاراس سەعيد

 

یەکەم: یۆتۆپیای کۆمۆنیزم هیچ نیە جگە لە خەون بینێکی شاعیرانە بە تەمبەڵکردنی کۆمەڵگەی مرۆییەوە.

ئەوەی پایەی سیستەمی سەرمایەداری ڕاگرتووە[ کاری کرێگرتەیە]. قۆرخکردنی هێزی کارکردنە بەهۆی خاوەندارێتیکردنی ئامڕازەکانی بەرهەمهێنانەوە.

کرێکار لە بەرانبەر بەشداریکردنی لە پڕۆسەی بەرهەمهێنان، کرێیەکی کەم وەردەگرێت "مارکس" بەمە دەڵێت [هێزی کار]. ئەو سامانەی خاوەن کار بەبێ هیچ ماندووبوونێک لە پڕۆسەی بەرهەمهێنان بەدەستی دەهێنێت، زۆر زیاترە لە بەهای ئەو سامانەی کە کرێکاران لە میانەی هێزی کارەکانیانەوە بەرهەمی دەهێنێت. بەمانایەکی دیکە؛ بەهای "هێزی کار" کەمترە لەو بەهایەی لەمیانەی کارەوە هاتووەتەبەرهەم. ئەو جیاوازییەش دەچێتە گیرفانی سەرمایەدارەکانەوە. مارکس ناوی لێ دەنێت:[زیادە بەها]. مارکس لە مانیفێستی حیزبی کۆمۆنیست دەنووسێت: کۆمۆنیزم خاوەندارێتی بەرهەمە کۆمەڵایەتییەکان لە هیچ کەسێک وەرناگرێتەوە، بەڵکو ئەوەی دەیکات؛ ڕێگرتنە لە بۆرژوازی کە کەسانی دیکە بەهۆی خاوەندارێتیەوە داگیر نەکات. باسی ئەوە کراوە بەشوێن لەناوبردنی خاوەندارێتی تایبەت چی کار و چی هەڵسوڕانە دەمرێت و تەمبەڵییەکی گشتی دامان دەگرێت، گەر وابوایە کۆمەڵگەی بۆرژوازی دەبوو لە مێژە بە هۆی تەوەزەلی و کارنەکردنی یەکجارییەوە ئاسەواری نەمایە. لە کۆمەڵگەی بۆرژوازیدا ئەوانەی کاردەکەن هیچیان پێنابڕێت و ئەوانەشی خاوەنی هەموو شتێکن خۆ کارناکەن!. ئەم ڕەخنانە هیچ نیە جگە لە سەلماندنی ئەو هەقیقەتەی کە؛ کاتێک سەرمایە لەنێو چوو، کاری کرێگرتەش لەنێو دەچێت.[ Marx and Engels: Manifesto of the Communist Part (1888) ]

دووەم: یەکێک لەوڕەخنانەی ڕووبەڕووی چەپەکان دەکرێتەوە، پرسی دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریایە.

بەدیدی مارکس، مەرجی لەناوچوونی خاوەندارێتی تایبەت لەناوبردنی دەوڵەتە. دەوڵەت ئامڕازێکە خاوەندارێتی تایبەتی دەپارێزێت. پڕۆلیتاریا دەوڵەت درووستناکات، بەڵکو مەرجی ڕزگاربوونی بە لەناوبردنی خۆی کۆتایی دێت. بۆرجوازی ناچارە بە پارێزگاریکردن لە خۆی، بۆیە ناچارە دژەکەشی بپارێزێت کە بوونی ئەم سیستەمە پێک دەهێنێت.

لەم بارەیەوە "مارکس" دەنووسێت: پڕۆلیتاریا ناچارە بە لەناوبردنی خۆی و لەوێشەوە لەناوبردنی دژەکەی. [ مارکس: شۆڕشی کۆمەڵایەتی. و:ئەنوەر نەجمەدین.] بەمانایەکی دیکە، پڕۆلیتاریا دەبێت ئەو کۆنسێپتە لە نێو بەرێت کە مەرجی بوونی دیاردەکات وەکو: پڕۆلیتاریا.

مارکس دەڵێت: کاتێک پڕۆلیتاریا هەڵوەشاندنەوەی ئەم بارودۆخەی ئێستای جیهان ڕادەگەیەنێت، هیچیتر ناکات جگە لە ئاشکراکردنی نهێنی بوونی خۆی، چونکە خودی بوونی خۆی لە خۆیادا هەڵوەشاوەی ڕاستی ئەم سیستەمەی جیهانە. [ مارکس: پێشەکی ڕەخنەی فەلسەفەی مافی هیگڵ]

پڕۆلیتاریا کاتێک ڕزگار دەبێت، کە مەرجی بوونی خۆی لە نێو دەبات. ئەویش ئەو ئامڕازانەیە کە پەیکەربەندی کۆمەڵایەتی دادەڕێژێتەوە. بەدیدی مارکس کاتێک پڕۆلیتاریا سەردەکەوێت، ناتوانێت ببێتە لایەنی سەروەر بەسەر کۆمەڵگادا، چونکە ئەو بەسەر خودی خۆی و دژەکشیدا سەرکەوتووە. بەمجۆرە پڕۆلیتاریا وون دەبێت وەکو چۆن دژەکەشی و خاوەندارێتی تایبەتی و کۆی ئەو ئامڕازانەش لەنێو دەچن، کە بوونی ئەویان دیار دەکرد.

مارکس دەڵێت: ژیانی پڕۆلیتاریا هەموو مەرجەکانی ژیانی کۆمەڵگەی هاوچەرخ بە هەموو نامۆ بوونەکانییەوە له خۆیدا کورت دەکاتەوە، مادام نامۆبوونی مرۆیی خۆی لە پڕۆلیتاریا ونکردووە. پڕۆلیتاریا ئامادەی شۆڕشە دژی ئەو نامۆبوونە مرۆییە، ئەوەش ئەو دەرنجامە دەداتە دەست، کە پڕۆلیتاریا دەتوانێت خۆی ڕزگار بکات. وەلێ پڕۆلیتاریا هیچ کاتێک ناتوانێت خۆی ڕزگاربکات تا بەسەر مەرجە تایبەتییەکانی ژیانی خۆیدا سەرنەکەوێت. تا بەسەر هەموو مەرجە نا ئینسانیانەی کۆمەڵگەی هاوچەرخدا سەرنەکەوێت، کە لەخۆیداکوورتدەبێتەوە.KarlMarx and Frederick] Engels' THE HOLY FAMILY]

ئەمەش بەومانایە دێت؛ (کە پڕۆلیتاریا لەناوبردنی خۆی دەکاتە پێشمەرجی ڕزگاربوون، لە دژەکەی) بە لەنێوچوونی پڕۆلیتاریا دژەکەشی لە نێو دەچێت. ئیدی شتێک بوونی نامێنێت بەناوی دەوڵەتی پڕۆلیتاریا، یان دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریا.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا