حەمەسەعید حەسەن

پیاو هێندە لە بەهای ژن کەم دەکاتەوە، دەیهێنێتە ئاستی کەنیزەک، ژن هێندە لە بەهای پیاو دادەبەزێنێت، دەیهێنێتە ئاستی عەبد، بەڵام چونکە هەردوو لایان دژی کۆیلایەتی دەوەستنەوە، بۆیە لەبەر بچووکترین هۆکار بەگژ یەکدیدا دەچنەوە و بەردەوام شەڕیانە. شەڕی ڕاستەقینەی ئینسان لەپێناوی ئازادیدایە، هەرچەندە دەشێت بە ڕاشکاوی ئەوە نەدرکێنێت، ئاخر ئینسان بە دوو باڵ دەفڕێت، باڵی ئازادی و باڵی خۆشەویستی. وەک چۆن تۆو، هەڵگری توخمەکانی گەشەسەندنی داهاتووی خۆیەتی، ئینسانیش بۆیە شەیدای ئازادییە، چونکە ئازادی کرۆکی پێک دەهێنێت. قایلبوونی ئینسان بە کۆیلایەتی، زادەی نائومێدییەو ڕەنگدانەوەی ڕۆحێکی خەواڵووە، بەڵام ئەوەی ئینسان لە زیندەوەرەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، یاخیبوونە لە ستەم و ڕازینەبوونە بەوەی شکۆی ژێر پێ بخرێت. دەشێت دڕندەترین زیندەوەر ڕام بکرێت، بەڵام هیچ هێزێک توانای ئەوەی نییە، خولیای ئازادی لە ڕۆحی ئینساندا بکوژێت، ئەگەر خۆی کۆیلایەتی پەسەند نەکات.

ئینسان لەگەڵ کۆیلایەتیدا ڕانایەت، ئەگەر ئازادی لێ زەوت بکەین، وەک ئەوە وایە ژیانمان لێ زەوت کردبێت، بۆیە ئامادەیە لەپێناوی ئازادیدا قوربانی بە ژیانی بدات. ئینسان بە ژیانێک قایل نابێت، پێشەکی بۆی دیاری کرابێت، بەهۆی سەرکێشییەوە، شێوازی ژیانی خۆی دیاری دەکات، ژیانێک خۆی ساتەکانی دەخوڵقێنێت. تەنانەت ئەو ئینسانەی بڕوای بە قەدەریش هەیە، ئەوەیش هەر زادەی بڕیاری خۆیەتی. هەیە کۆیلەیە و بە ژیانی کۆیلایەتی ڕازییە، ئەوەیش هەر بژارەی خودی ئەو ئینسانەیە و پێی باشە ژیان لە زینداندا بەسەر ببات. بۆچی کەسانێک کۆیلایەتی هەڵدەبژێرن؟ چونکە ئازادی مەترسیدارە و پێویستی بە بڕیاری خودی کەسەکان هەیە، بڕیارێک کێشەیان بۆ دروست دەکات، بڕیارێک کە ئیدی خۆیان بەرپرس دەبن، بەرانبەر بە هەڵسوکەوتی خۆیان، هەر لە ترسی هەڵگرتنی باری بەرپرسیارییشە، خەڵکانێک سەرکێشی ناکەن و بە قەدەری خۆیان ڕازی دەبن.

ئینسان ئازادە بەڵام بە مەرجێک بەرپرسیاریش بێت، هەر کە ترسی لە بەرپرسیاری شکا، ئیدی توانای دروستکردنی خۆی دەبێت و ئیدی ئەوە خۆیەتی چارەنووسی خۆی دیاری دەکات، هەر ئەو وەختەیش لە ئاسوودەیی نزیک دەبێتەوە، ئاخر وەک مەحاڵ وایە، ئازاد نەبین و ئاسوودە بین. بەبێ هەوڵی خۆمان، بە هۆشیاری ناگەین، هەر کە هۆشیار بووین، ئیدی لە چاودێرەوە دەبین بە بەشدار، بەشداری لە بەرهەمهێنانی هەلومەرجدا دەکەین، ئیدی بەرهەمی هەلومەرج نابین. ئازادی ئەوەیشی تێدایە، وەک چۆن دەشێت، ڕێیەکی ڕاست بگرینە بەر، ئەگەری ئەوەیش هەیە، ڕێیەکی چەوت هەڵبژێرین، ئاخر ئەوە ئازادی نییە، ئەگەر تەنیا ڕێیەکمان لەپێش بێت، تەنیا ڕێی ڕاست. ئازادی ئەوە نییە پێشمەرجی لەگەڵدا بێت، وەک نموونە، ئازادین بەڵام بەمەرجێک بژارەکەمان لەگەڵ فڵان کتێبی پیرۆزدا ناکۆک نەبێت.

بۆچی ئازادی مەترسیدارە؟ چونکە هەڵبژاردنی ڕێی هەڵە ئاسانترە. هەڵە وەک داگەڕان وایە، بەڵام ڕاست وەک هەڵگەڕانە، هەمیشە سەرکەوتن بە هەورازدا، دژوارترە لە داگەڕان بە نشێودا. گەر بخوازیت بەرەو لوتکەی تێگەییشتن و جوانی بچیت، ماندووبوونێکی زۆری دەوێت، بەڵام شۆڕبوونەوە بۆ بنار کارێکی ئاسانە. کە بەرەو بەرزایی هەڵدەکشێین، مەترسیی کەوتنە خوارەوە هەڕەشەمان لێ دەکات و ئەگەر بگلێین ئەگەری ئەوە هەیە ئەستۆمان ورد ببێت، بەڵام ڕێکردن بە تەختاییدا، نە ماندووبوونی دەوێت، نە ملشکانی لە دوایە. ئازادی تیغێکی دوودەمە، وەک چۆن دەرفەتی ئەوەمان پێ دەبەخشێت، هەڵکشێین بۆ ترۆپک، هەر وایش دەشێت تووشی هەڵدێرانێکی وەها بێین، ئیدی نەتوانین هەڵبسینەوە.

نائازادی دۆخیک نییە، بتوانین بەد سوودی لێ ببینین، کە کۆیلە، دیل، یان زیندانی بووین، ئیدی بژارەمان لەبەر دەستدا نییە و وەک ئاژەڵێکی ماڵیمان لێ دێت کە دەستی لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیدا نییە، کە توانای سەرکێشی و بەگژدا چوونەوەی کۆسپەکان و دەرفەتی هەڵبژاردنی لەبەردەمدا نییە. گەییشتن بە لوتکە، چونکە پێویستی بە بوێری و بە قوربانیدان هەیە، بە نسیبی کەسانێکی کەم دەبێت، بە نسیبی کەسانێکی لە چەشنی بوودا و گاندی دەبێت. بۆچی بەدەگمەن کەسێک دەگاتە لوتکە؟ چونکە زۆرینە پێیان وایە، چی لە چارەیان نووسرابێت، هەر ئەوە ڕوو دەدات. ئەوانەی داهاتووی خۆیان داوەتە دەست قەدەر و بۆ ئەوە خوڵقاون وەکوو کۆیلە بژین، ئازادی بە ئاژاوە لێک دەدەنەوە.

ئەوەیش هەر کۆیلایەتییە، بە مەبەستی گەیشتن بە لوتکەی ئازادی، ڕێسایەک ڕەچاو بکەیت کەسێک بەر لە تۆ دایهێنابێت، ئاخر ئازادی ئەوەیە خۆت ڕچە بشکێنیت، نەک گوێ لە مۆچیاری بگریت. وەک چۆن دەشێت لەو قەفەزەدا بژیت کە لە ناخی خۆتدایە، ئازادییش ئەگەر ڕێی لێ نەگریت، ڕێی بۆ خۆش بکەیت، لە ناخی خۆتەوە هەڵدەقوڵێت. جیاوازیی نێوان ئاژەڵ و ئینسان ئەوەیە، ئاژەڵ لە جێی نزمی خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام ئینسان ئەگەر هۆشیاری شک ببات و هەوڵ بدات، دەگات بە باڵایی. ئینسان بۆ گەیشتن بە باڵایی، پێویستی بە پرد نییە، خۆی پردەکەیە ئەگەر هۆشمەند بێت و دەرک بە بەرپرسیاری بکات.

سێکس بەهێزترین وزەیە لە ئینساندا، سیاسەتەکاران و پیاوانی ئایین بۆیە هەوڵیان داوە ئەو وزەیە جڵەو بکەن، چونکە زانیویانە ئینسان ئەگەر ئازادیی سێکس شک ببات، ئیدی مەحاڵە بە کۆیلایەتی قایل ببێت. بۆ ئەوەی گایەک گالیسکە ڕابکێشێت، دەخەسێنرێت، ئەوە بۆیە  گای جووت، وەک کۆیلە، سەرکز و زەلیل بە دیار دەکەوێت، بەڵام کەڵەگا، ئەو گایەی بۆ پیتاندن کەڵکی لێ وەردەگیرێت، شا بە سەپان ڕاناگرێت و وەک ئیمپراتۆر خۆی نمایش دەکات. ئینسانیش ئەگەر کۆسپ لەبەردەم وزەی سێکسیدا دروست بکرێت، وەک گای جووتی لێ بەسەر دێت. ئەوانەی بازرگانی بە سیاسەت، یان بە دینەوە دەکەن، بۆیە سێکس دەخەنە خانەی تابووەوە، تا خراپ کەڵک لە وزەی ئینسانی بەکۆیلەکراو وەربگرن.

ئینسانی لاواز، کەسێکە لە خۆشەویستی بێبەش کرابێت، منداڵێک توند لە ئامێزی سۆزی نەگرین و گەرم ماچی نەکەین، کەسێکی لاوازی لێ پەیدا دەبێت، با خۆراک و پۆشاکی چاکیشمان بۆ دابین کردبێت. کە بایەخ بە منداڵ دەدەین، ڕایدەمووسین و دەست دەکەینە ملی، هەست بەوە دەکات، کەسێکی خۆشەویستە، هەبوونی پێویستە و کەڵکی بۆ ئەوانی تر هەیە، منداڵی وا ئینسانێکی سەربەرز و بەهێزی لێ دەردەچێت. بۆچی کۆمەڵ لێ ناگەڕێت، کوڕ و کچ پێش هاوسەرگیری یەکیان خۆش بوێت و لە یەکدی نزیک ببنەوە؟ بۆ ئەوەی (گا)ی جووتیان لێ دەربچێت، نەک (کەڵەگا،) بۆ ئەوەی سەرکز و زەلیل بن، نەک سەربەرز و ئازاد. ئینسان لە هەژدە ساڵیدا، لە ڕووی سێکسەوە  لەوپەڕی بەهێزیدایە، بەڵام ڕەنگە دە دوازدە ساڵێک دواتر هاوسەرگیری بکات، کۆمەڵ بە مامۆستا و پۆلیس و دادوەر و واعیزەوە، لێ ناگەڕێت، ئەو ماوە درێژە کچ و کوڕ لێک نزیک ببنەوە، بۆ ئەوەی ماین و ئەسپی گالیسکەیان لێ دەربچێت، نەک ئینسانی شکۆدار و ئازاد. ئەوی بە خۆشەویستی ئاشنا نەبێت، نازانێت بۆ ئەوانی دیکەی باس بکات، ئەگەر ئینسان لە خۆشەویستی بێبەش کرابوو، کە منداڵیشی خستەوە، ناتوانێت وەک پێویست خۆشی بوێن، ئیدی نەوە لە دوای نەوە، ئینسانی لاواز بەرهەم دەهێنین.

ئینسان تا نەزانتر بێت، فریودانی ئاسانتر دەبێت. بۆچی واعیز و سیاسەتکار ئینسان لە خۆشەویستی بێبەش دەکەن؟ چونکە پێویستیان بە ئینسانی گەوجە، ئاخر ئینسانی زانایان پێ فریو نادرێت. ئینسان بەدەم خۆشەویستییەوە، هەموو تواناکانی دەگەشێنەوە، بەڵام ئەگەر بێبەش بێت لە خۆشەویستی، تواناکانی یەک لە دوای یەک سیس هەڵدەگەڕێن. خۆشەویستی سەرچاوەی زیرەکییە، بەهۆی خۆشەویستییەوە، ئینسان هەست بە ئاسوودەیی دەکات، تواناکانی هەڵدەقوڵێن و هێندە متمانە بە خۆی پەیدا دەکات، سەر لە هەور دەسوێت. خۆشەویستی کانگای ئیلهام و هەوێنی داهێنانە، کە بارانی خۆشەویستی بەسەرماندا دەبارێت، ئیدی جوانتر دەنوێنین، چاومان پرشنگدارتر، دەنگمان خۆشتر دەبێت و ڕەوتمان وەک سەمای لێ دێت.

بەبێ خۆشەویستی، حەوسەڵەی ئەوەمان نابێت، گەشە بە تواناکانی خۆمان بدەین، ئیدی کەسانی نەزانمان لێ بەرهەم دێت و فریودانمان ئاسانتر دەبێت. ئینسانێک خۆشەویستیی تێدا سەرکوت کرابێت، بیر لەوە ناکاتەوە ئەم دنیا بگۆڕێت، بیر لە بەهەشتی ئەو دنیا دەکاتەوە. ئەگەر وای بچین، دەتوانین لەم دنیا بەهەشت بخوڵقێنین، ئەوسا پێویستمان بە واعیز نابێت و بیر لە بەهەشتی ئەو دنیا ناکەینەوە. چونکە ژیانمان بەبێ خۆشەویستی، وەک بیابانێکی چۆڵۆهۆڵی لێ دێت و کەسانێک دەبین، بێ ئامانج، بۆیە پێویستمان بەوە دەبێت، واعیزێک وێنەی جوانی بەهەشتی ئەو دنیامان بۆ بکێشێت. کە لەم دنیا وزەی سێکسمان سەرکوت کرا، ئیدی بایەخ بە ژیانی ئەو دنیا دەدەین و بە ئومێدی ئەوە دەبین، لەو دنیا قەرەبووی بێبەشبوونی ئەم دنیامان بۆ بکرێتەوە. ئەگەر قووڵ بە ژیاندا ڕۆ بچین، دەرک بەوە دەکەین، ژیانێکی دیکەی باشتر هەیە، بەڵام دوور و نادیار نییە، هەم لەم دنیایەدایە، کۆششی بۆ بکەین، پێی دەگەین. بەهەشت لەم دنیایەدایە، ئەوە بێبەشبوونمانە لە خۆشەویستی، لێ ناگەڕێت هەستی پێ بکەین.

*

(١) أوشو، الحب و الحریة و الفردانیة، ترجمة: متیم الضایع، دار الحوار ٢٠١٣ اللاذقیة.

(٢) أوشو، ألإنسان الجدید، ترجمة: متیم الضایع، دار الحوار ٢٠١٤ اللاذقیة.

(٣) أوشو، طریق الحب، ترجمة: متیم الضایع، دار الحوار ٢٠١٥اللاذقیة.

(٤) أوشو، کتاب الحکمة، ترجمة: متیم الضایع، دار الحوار ٢٠١٣ اللاذقیة

(٥) أوشو، الشجاعة، نقلە إلی العربیة: أیمن أبو ترابي، دار الفرقد ٢٠١٤ دمشق.

(٦) أوشو، رٶیة التانترا سر التجربة الداخلیة، نقلە إلی العربیة: أیمن أبو ترابي، دار الفرقد ٢٠١٤ دمشق.

(٧) أوشو، من الجنس إلی أعلی مراحل الوعي، نقلە إلی العربیة: أیمن أبو ترابي، دار الفرقد ٢٠١١ دمشق.

(٨) أوشو، حتی تموت، نقلە إلی العربیة: أیمن أبو ترابي، دار الفرقد ٢٠١٤ دمشق.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا