یەکێتیی شوهوود، ئەزموونە، باوەڕ نییە، پێوەندیی بە خودی ئەم یان ئەو سۆفییەوە هەیە. کە سۆفی گوتی: بێجگە لە خوا هیچ نابینم، ئەوە یەکێتیی شوهوودە، کە گوتی: سەرنجی هەر چییەک دەدەم، خوای تێدا دەبینم، ئەوە یەکێتیی وجوودە. یەکێتیی شوهوود: فەنایە، یەکێتیی وجوود: بەقایە. نە فەنا و بەقا، دوو حاڵەتی لێک جودان، نە یەکێتیی شوهوود و یەکێتیی وجوودیش، ئاخر سۆفی کە لە خوادا (فانی) بوو، لە خوادا (باقی)یە، بۆیە فەنا و بەقا دوو ڕووی یەک حەقیقەتن. یەکێتیی شوهوود و یەکێتیی وجوود، دوو ناوی دیکەن، بۆ فەنا و بەقا. کە لە قەیس دەپرسن: کوا لەیلا؟ دەڵێت: من لەیلام. واتا: من هەم لە لەیلادا فانی بووم و هەم بە هۆی لەیلایشەوە باقیم.
یەکێتیی وجوود، کە بریتییە لە دووانەی هەق و خەلق، دووانەیەکی پێکەوە گرێدراوە، یان دروستتر، دووانەیەکە لە یەکێکدا. دووانەی هەق و خەلق هەر یەکێکە، ئاخر هەق کە خوایە، ئەزەلییە و خەلق کاتەکی، ئاخر تەنیا هەق هەمیشەیییە، نە سەرەتای هەیە، نە کۆتایی. بۆچی هەق و خەلق، دووان نیین، یەکێکن؟ چونکە ئەگەر هەق نەبووایە، خەلق نەدەبوو، چونکە ئەگەر دووان بوونایە، خەلق دەیتوانی بەبێ هەق هەبێت. ئەو پێوەندییە پتەوەی نێوان هەق و خەلق، پێوەندییەکی جەستەیی و ماددی نییە، مەعنەوییە.
بە یەک بینینی وجوود، بەو مانایە نایەت خالیق و مەخلووق یەکێکن، بەڵکوو بۆ پێداگرتنە لەسەر پێوەندیی قووڵ و پتەوی نێوانیان، بۆ دداننانە بەو یەقینەدا کە لە غەیری خالیق، هەر چی دیکە هەیە، عەدەمە. ئەحمەد سەرهەندی (١٥٦٤ – ١٦٢٤) دەیگوت: (تا بە یەقینی یەکبوونی وجوود نەگەین، دەرک بە فرەیی ناکەین.) سەرهەندی پێی وابوو: (مەستبوون بە شەرابی عیشقی خوا، مەقامێکە وەلی پێی دەگات، بەڵام پەیامهێن کە ئیشی ئەوەیە، خەڵک بە پەیامی خوا ئاشنا بکات، هەمیشە هۆشیارە. وەلی بە ئومێدی هەڵکشانە بۆ لای نووری خوا، پەیامهێن دوای ئەوەی چاو و دڵی بەو نوورە ڕۆشن بوونەتەوە، بۆ ناو خەڵک شۆڕ بووەتەوە و نهێنیی خوڵقاندنی گەردوونیان بۆ دەگێڕێتەوە.)
بەستامی بۆ یەکەمین جار سۆفییانە (فەناء)ی بەکار هێناوە، کە لای وی دوو مانای هەبووە: یەک: بزربوونی سیفەتە خراپەکانی ئینسان. دوو: بزربوونی ئینسان لە زەریای ئەڤینی خوادا و بەیەکبوونی لەگەڵ هەقدا. ئەم دوو لێکدانەوەیش، یەکەمیان لە (نیرڤانا)ی بوودایی و دووەمیان لە فەلسەفەی (فیدانتا)ی هیندییەوە نزیکە. (گوڵشەنی ڕاز) کە شەبستەری (١٢٨٨ – ١٣٤٠) نووسیویەتی، کۆمەکێکی زۆری بە بڵاوبوونەوەی فیکری ئیبن عەرەبی کردووە. ئیبن عەرەبی پێی وابوو، عاشق و مەعشووق و عیشق یەکێکن، سۆفیگەری تەوحیدە، ئەوە جەهلە لێ ناگەڕێت دەرکی پێ بکەین، کە نووری حەقیقەت نابینین هی ئەوەیە لێمانەوە نزیکە. نەیارانی دەیانگوت: ئەوە زادەی مەستییە کە لای ئیبن عەرەبی دونیا لێوانلێوە لە خوا، خوا هەموو شتێکە، لە غەیری خوا، هیچی دیکە نابینێت و خوا لە هەموو بوونەوەرێکدا دەبینێت.
ڕینۆڵد نیکۆڵسن دەڵێت: (ڕازی و جونەید کە لە سەدەی سێی کۆچیدا ژیاون، بۆ یەکەم جار دەرسیان لەبارەی سۆفیگەرییەوە، بە نهێنی گوتووەتەوە.) نزیکەی هەموو عاریفەکانی سەرەتای سەرهەڵدانی سۆفیگەری بە زەندیق لە قەڵەم دراون. بەستامی گوتوویەتی: (من خۆم فانی بووم، ئەوی بە زمانی من دەپەیڤێت، هەقە.) یان: (خۆم مەینۆش و شەراب و ساقیم. هەر خۆم عاشق و مەعشووق و عیشقم. عەرش و کورسی، لەوح و قەڵەم خۆمم.) ئەو گوتانە کە یەکێتیی بوون بەرجەستە دەکەن، تەنیا کەسێک بوێریی ئەوە شک دەبات بیانکات، کە لە خوادا فانی بووبێت و بە خواوە باقی بێت. دوا پلەی سۆفی، ئەو وەختەیە کە دەبێت بە وەلی، ئیدی ئەگەر قسەکانی وەک دیوی دەرەوە لە گەڵ شەرعیش ناکۆک بن، ئەوا لەگەڵ ڕۆحی شەرعدا کۆکن.
(ئیسلام دینێکی سامی بوو، بەسەر ئارییەکاندا فەرز کرابوو، سۆفیگەری کاردانەوەی ئارییەکان بوو لە دژی ئەو ئایینە سامییە.) بە هەڵەدا دەچین ئەگەر تاقە هۆکارێک بە هەوێنی سەرهەڵدانی سۆفیگەری بزانین، وەک چۆن ئەوەیش هەر هەڵەیە، ئەگەر پێمان وابێت، سۆفیگەری تاقە سەرچاوەیەکی هەبووە. سەرەتای سەرهەڵدانی سۆفیگەری بۆ سەردەمی ئومەوییەکان دەگەڕێتەوە، کە سەروەختێکی پڕ کێشە، شەڕ، ململانێ و ئاژاوەبوو. سەردەمی عەباسییەکان کە شەپۆلی دەمارگیری و گومان دونیای ئیسلامی گرتبووەوە، زەمینەیەکی لەباربوو، بۆ گەشەسەندنی سۆفیگەری.
کۆتاییی ڕێ ئەو وەختەیە، خەسڵەتە خراپەکانی سۆفی فانی دەبن و ئیدی هەر بە خەسڵەتی چاکەوە باقی دەبێت. یەکگرتن لەگەڵ هەقدا دوو لایەنی هەیە، نێگەتیڤ و پۆزەتیڤ: (فەناء و بزربوون و مەستبوون) لایەنە نێگەتیڤەکەیە، (بەقاء و وەجد و هۆشیاربوونەوە) لایەنە پۆزەتیڤەکەیە. کە سۆفی چی سیفەتی خەلقە لە دەستی دا، ئیدی بە سیفەتەکانی هەقەوە باقی دەبێت، ئەمەیش نیشانەی ئینسانی باڵا و تەواوە. بەڵام دواتر بۆیە بۆ لای خەلق دەگەڕێتەوە، تا بە هەقیان بناسێنێت. لەو قۆناغەدا کە تەنیا وەلی پێی دەگات، لە نێوان شەریعەت و حەقیقەتدا، دووەمیان پەسەند دەکات. لەناو سۆفییانیشدا کەسانی فریودەر پەیدا دەبن، کە ئارەزوو بە ئەڤین، گومان بە یەقین و وەهم بە زانست لە قەڵەم دەدەن.
مەلامەتییەکان سۆفیی سوننە بوون، دامەزرێنەری ئەو ڕێبازە کە حەمدوون ئەلقەسساری ناوبوو، ٢٧١ی هیجری کۆچی دوایی کرد. مەلامە: لۆمەیە، هەمیشە لۆمەی نەفسی خۆیان دەکرد، لایەنە جوانەکانی خۆیان پیشانی کەس نەدەدا، (خوا وەک پادداشت توانای ئاشکراکردنی نهێنی، شارەزایی لە غەیب و پێشبینیکردنی پێ بەخشیبوون.). ئەوەی ڕێبازەکانی سۆفیگەری لە یەکدی ناچن، زیاتر پێوەندیی بە پیری ڕێبازەکانەوە هەیە کە هەر یەکە و کۆمەڵێک ڕێسای خۆی هەیە. ئەوەی مورید خۆی برسی دەکات، دوورەپەرێز و بێدەنگ دەبێت، لای مەسیحییەکانیش هەبوو، (ڕێگای خۆپاکژکردنەوە)یان پێ دەگوت. مورید بە گشتی سەر بە هەر ڕێبازێک بێت، نە خۆی پێ گرنگە، نە چێژ و نە ماڵی دونیا، کەسێکە گوێڕایەڵ، ڕاستگۆ، جوانڕەوتار، ئارام ، پشتی بە هەق قایمە، خۆی ڕادەستی خوا کردووە، ئەوەی بەلاوە گرنگ نییە، ئەو خەڵکە ستایشی دەکەن، یان سەرکۆنە.
ئیبراهیم ئیبن ئەدهەم کە لە سەدەی دووەمی کۆچیدا ژیاوە، گوتوویەتی: (شەش کۆسپ هەن، ڕێبواری ڕێی هەق، ئەگەر لێیان تێپەڕ نەبێت، بە پیاوچاک هەژمار ناکرێت.) ئەو شەش کۆسپە کە لە ئارەزوو، ئیرەیی و هەڵپەکردن بۆ ماڵی دونیادا چڕ دەبنەوە، لای کریستیانیزم، حەوت دەرگان کە دوای پشتکردنە خۆشییەکانی دونیا، یەکە یەکە بە ڕووی خواناسدا دەکرێنەوە و بەرەو ڕزگاریی دەبەن. سەهلی توستەری گوتوویەتی: (ئەگەر ئازاریشمان بدەن، ئازاری کەس نادەینەوە.) ئەم گوتەیش کە لە قسەی مەسیح دەچێت، ڕەنگە بە بەڵگە بشێت بۆ ئەوەی سۆفیگەری لای ئیسلام، کاریگەریی کریستیانیزمی لەسەر بووە.
زوو ئەلنوون کە قیبتی بوو، ئاشنایەتیی لەگەڵ فەلسەفەی یۆنانیدا هەبوو، عەبدولڕەحمان جامی (١٤١٤ – ١٤٩٢) لەبارەیەوە دەڵێت: (یەکەمین کەسە بە ڕوونی باسی حاڵ و مەقامی کردبێت، هەر کەسێک دوای ئەو بووبێت بە سۆفی، شتێکی لێوە فێربووە.) بایەخی ئەم گوتەیە لەوەدایە، هی شاعیرێکی سۆفیی مەزنی فارسە، ئاخر فارسەکان سۆفیگەری بە بەرهەمی عەقڵی خۆیان لە قەڵەم دەدەن. لەو دەڤەرانەدا کە سۆفیگەری تێیاندا سەری هەڵداوە و گەشەی کردووە، وێڕای ئایینە دێرینە فارسییەکان، چەندان ئایینی دیکەی غەیری ئیسلام، وەک یودیزم، کریستیانیزم، سابیئە هەبوون. فەلسەفەی یۆنانی، بە تایبەتی ئیفلاتۆنیزمی نوێ، لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆیەمی زایینیدا، بە زمانی عەرەبی هەبووە، بۆیە ناکرێت، چاو لە کاریگەریی دەرەکی لەسەر سۆفیگەریی ئیسلام بپۆشین. هەر ئەو سەروەختانە، کتێب لەبارەی میتیۆلۆجیای گریکەوە، بە زمانی سریانی، لە نێوان ڕووباری دیجلە و ئۆقیانووسی ئەتڵەسیدا، دەستاودەستی کردووە.
پێوەندیی نێوان خوا و هەر تاکێک، پێوەندیی نێوان یەزدان و خواپەرستێکە، پێوەندیی بەینی خولقاوێکەوە بە خالیقی خۆیەوە، پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ و تایبەتییە، پێویستی بە پردێک نییە و زۆرێک لەوانەی ڕۆڵی پردی نێوان تاک و خوایان بە خۆیان ڕەوا بینیوە، بازرگانی بە دینەوە دەکەن، ئاخر لە پێناوی پەیداکردنی پایەی کۆمەڵایەتی و بژێویدا ئەو ڕۆڵە دەبینن. بازرگانانی ئایین پێوەندیی تاک بە خواوە، وەک پێوەندیی نێوان کۆیلە و خاوەنکۆیلە پیشان دەدەن، خوایەکی ستەمکاری تۆڵەسێن و کۆیلەیەکی تۆقیوی ملکەچ، هەرچەندە ئەوەی تاک بە خواوە گرێ دەدات، دەبوو خۆشەویستی بێت، نەک ترس لە سزا. لە قورئاندا، باسی خۆشەویستی کراوە: (بڵێ: ئەگەر خواتان خۆش دەوێت، دوام بکەون، ئەوسا خوایش ئێوەی خۆش دەوێت و لە هەڵەکانیشتان دەبوورێت. ئال عمران ٣١) هەمان ئەم پەیامەی موحەممەد لای عیسایش هەبووە: (ئەگەر منتان خۆش بوێت، خوایش ئێوەی خۆش دەوێت.)
*
(١) أنا ماري شیمل، ألأبعاد الصوفیة في ألإسلام و تأریخ التصوف، ترجمة: محمد إسماعیل السید و رضا حامد قطب، منشورات الجمل، الطبعة ألأولی ٢٠٠٦ بغداد.
(٢) رینولد نیکولسون، في التصوف الإسلامي وتأریخە، نقلها إلی العربیة وعلو علیها: أبو العلا العفیفي، منشورات الجمل ٢٠١٥ بغداد.
(٣)عیدالقادر عیسی، حقائق عن التصوف.
(٤)عبد الوهاب الشعراني، أليواقيت والجواهر.
(٥) عبد القادر عيسى، تأريخ الصوفية.
(٦) أبو ألعلا عفیفي، التصوف، الثورة الروحیة في ألإسلام.
(٧) الدکتور مختار الفجاري، تفاسیر صوفیة غیر منشورة.
(٨) لویس ماسینیون و مصطفی عبدالرزاق، التصوف.
(٩) نهاد خیاطة، وحدة الشهود و وحدة الوجود.