مرۆڤ و پەروەردە
بەشی دەیەم: زمان و کەسایەتى
لەتیف ئەمین
مرۆڤ بەهۆى زمانەوە بیروبۆچوون و هەست و هەڵوێست و هەڵچوونەکانى دەردەبڕێت. زۆرجار بەهۆى زمانەوە ئاشناى کەسى بەرامبەرمان دەبین و خوێندنەوەمان بۆ کەسایەتییەکەى دەبێت. بەهۆى دەربڕینەکانەوە دەزانین کەسى بەرامبەر لە چ بارێکى دەروونیدایە. وشە و دەربڕینەکان پێمان دەڵێن ئەو کەسە دڵخۆشە یان خەمبارە، تووڕەیە یان هێمن و ئارامە. زمان، ئاستى ڕۆشنبیرى و هۆشیارى و خوێندەوارى کەسى بەرامبەرمان پیشان دەدات. زمان پێمان دەڵێ ئەو کەسە لە چ پلەوپایەیەکى کۆمەڵایەتى و سیاسى و ئابووری و پیشەیی و زانستیدایە. "مرۆڤەکان بەهۆى تایبەتمەندییە جەستەیی و بایلۆجییەکانیانەوە، لە تۆنى دەنگ و دەربڕینەکانیان لەیەکترى جیاوازن، ئەم جیاوازییەش دەبێتە هۆى نیشانە و ناسنامەى کەسایەتى ئاخێوەر. شێوەى دەربڕینى دەنگەکان زۆر شتمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، پێمان دەڵێت کەسەکە لە چ بارێکى دەروونیدا دەژى، نەخۆشى دەروونى هەیە یان نا"(۱).
دەکرێ بڵێین زمان ئاوێنەى دەروون و ناخى مرۆڤە. زمان، ناسنامەى کەسایەتى و شوناسى مرۆڤە. بەتەنها زمانى گوتن جۆرى کەسایەتییەکانمان بۆ دیارى ناکات، زمانى جەستەش یەکێکە لەو ڕێگایانەى بەهۆیەوە ناسنامەى کەسایەتى مرۆڤەکان دەخوێنینەوە. هەموو جووڵە و ڕۆیشتن و دانیشتن و ڕاوەستانێک، ئاماژە و پەیام و ماناى خۆیان هەیە، نامەوێ لێرە باسى یەک بەیەکیان بکەم. زمانى نووسین، کە جیاوازە لە زمانى قسەکردن، بە هەمان شێوە، ئاست و ڕاددەى خوێندەوارى و شارەزایی و ڕۆشنبیرى کەسى بەرامبەرمان پیشان دەدات. لەڕێگاى نووسینەوە، جۆرى بیرکردنەوەى کەسەکەمان بۆ دەردەکەوێ، دەزانین کەسێکى سیاسییە یان ئابوورییە، شاعیر و ئەدیبە یان دەروونناس و کۆمەڵناسە، یاساییە یان بازرگانە، وەرزشییە یان هونەرییە.
زمان، جا چ زمانى گوتن بێت، چ زمانى جەستە یان نووسین، ڕۆڵێکى گەورە و کاریگەرى هەیە لەسەر بیرکردنەوەى کەسى بەرامبەر. زمانى نووسین ئەگەر پڕ لە ڕەوانبێژى و وشە و ئەرگیومێنتى بژارە و بەڵگەدار بێ، پتەو و پاراو و ڕوون و ڕەوان و بێ گرێوگۆڵ بێ، نەک هەر کاریگەرى بۆ سەر بیرى بەرامبەر دەبێت، ڕەنگە ئاراستەى بیرکردنەوەى بەرانبەریش بگۆڕێت.
بەهەمان شێوەى زمانى نووسین، زمانى گوتنیش کاریگەرى بۆ سەر بیرى بەرامبەر هەیە. شێوازى دەربڕین و بەرزونزمى دەنگ و هێزخستنەسەر وشەکان لە هەندێک باردا و ڕاوەستان و دەستپێکردنەوەى ئاخاوتن، ئەمانە هەموو کاریگەرییان هەیە لەسەر گوێگر.
زمانی جەستەش بێ کاریگەرى نییە. چۆنیەتى ڕاوەستان و ڕۆیشتن و دانیشتن و جووڵەى دەستەکان و ئاماژەى چاوەکان و سەیرکردن و بارى دەموچاو و ڕووخسار، هەموو کاریگەرییان هەیە.
لەبەرئەوە، مامۆستایان دەبێ گرنگى بە هەرسێ زمانى گوزارشتکردن بدەن، زمانى گوتن، زمانى نووسین و زمانى جەستە. زۆر گرنگە مامۆستایان گەشە بە زمانەکەیان بدەن، فەرهەنگى مێشکیان دەوڵەمەند بکەن بە وشە.
مامۆستاى سەرکەوتوو و پەروەردەیی، دەبێ شارەزاییەکى باشى لە وشەسازى و ڕەوانبێژى و هونەرى دەربڕین و گوتاربێژیدا هەبێ، ئەمەش بە خوێندنەوە و خۆماندووکردن و هەوڵدان دەکرێت. لەوانەیە ڕەوانبێژى تا ڕادەیەک پەیوەندى بە سەلیقەى کەسەکانەوە هەبێت، بەڵام ئەویش پێویستى بە پەرەپێدان و بەهێزکردنە.
هەموو ئەمانەى کە باسم کرد، لە زمانى گوتن و زمانى نووسین و زمانى جەستە، کەسایەتى مامۆستامان بۆ دەردەخەن، پێناسەى مامۆستامان بۆ دەکەن. لەبەرئەوە، مامۆستایان دەبێ ئاگاداربن، زمان بەشێک لە کەسایەتییان پێک دەهێنێ. هەموو ڕەفتار و گوفتارێکى مامۆستا لەناو پۆل، تەنانەت لە دەرەوەى پۆل و قوتابخانەش، مایەى تێبینیکردنە، چونکە مامۆستا وەک فەرمانبەرێکى ئاسایی نییە لە دەزگایەک، ئەو لە ناوەندێکى پەروەردەییدایە، ئەرکى پەروەردەکرن و پێگەیاندنى نەوەیەکە، ئەرکى ڕابەرایەتیکردن و پێشەنگییە، ئەرکى بنیاتنانى کۆمەڵگەیەکى پێشکەوتووە.
مامۆستا دەبێ خۆى بەدوور بگرێ لە بەکارهێنانى وشە و دەستەواژەى ڕەق و پڕ توندوتیژى و بریندارکەر و بێزارکەر، بۆئەوەى کاریگەرى خراپى نەبێ بۆ سەر دەروونى قوتابى و کەسایەتى قوتابى تێک نەشکێنرێ و نەڕووخێنرێ. هەم بۆئەوەى قێز لە قوتابخانەش نەکاتەوە. مامۆستاى سەرکەوتوو، بەهۆى زمانە شیرین و وشە نەرم و پڕ لە سۆز و خۆشەویستییەکەیەوە، بەهۆى ڕووخسارە گەش و خەندەئامێزەکەیەوە، بەهۆى هەڵسوکەوت و ڕاوەستانی پڕ لە شکۆیەوە، دەتوانێ سەرنجى قوتابییەکانى بۆخۆى ڕاکێشێ و ئامانجە پەروەردەییەکانى بەدى بێنێ.
۱-عەبدولواحید موشیر دزەیی، زمان و کەسایەتى، ل107