فەرەیدوون سامان


پرسی ناساندنی پێکهاتەکانی وەک ئێزیدی و شەبەک و فەیلییەکان، کە لە گشت ڕوویەکی زمان و کەلتوور و مێژوویاندا، پێکهاتەی ڕەسەنی کوردن، لەمڕۆدا بۆتە هەستیارترین کێشە لە عیراقی دوای ڕووخانی ڕژێمی صەدام، ئەم پرسە کە کاتێک سەرهەڵدەدات کە پرسی ناسنامەی ئەم پێکهاتانە لە ڕەهەندی لێکۆڵینەوەی مێژوویی و کۆمەڵایەتییەوە دەگۆڕێت بۆ ڕەهەندێکی سیاسی.
هەر لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی عیراقدا سیستەمە سیاسییەکەی لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵات و نوێنەرایەتی سیاسی و ئیداریی پەیوەندیدار بووە بە درێژایی هێڵە خێڵەکی و تائیفی و نەتەوەییەکان، پرسی ناسنامەیان کردۆتە بابەتی گرنگی سیاسی ڕاستەوخۆ، لەم چوارچێوەیەدا پێویستی پێناسەکردن و پۆلێنکردنی سیاسی ئەم گرووپانە دەتوانێت ببێتە هۆکارێکی بەرچاو لە داڕشتنەوەی گوتاری سیاسی ناسنامەیاندا، ڕەنگە تەنانەت لە دووبارە پێناسەکردنەوەی بۆ ئەوەی لەگەڵ داواکارییەکانی نوێنەرایەتی سیاسیدا بگونجێت.
لێرەدا مەترسییەک هەیە کاتێک ناسنامە لە دەربڕینێکی سروشتی مێژوو و کولتوور و زمان و یادەوەریی بەکۆمەڵەوە دەگۆڕدرێت بۆ ئامرازێک بۆ دەستکەوتی سیاسی، ئەوا دەبێتە بابەتی کێبڕکێی سیاسی، نەک دەربڕینی واقیعی کۆمەڵایەتی و کولتووری.
بۆیە دەبێت مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی پێکهاتەکان بەتایبەتییش پێکهاتەی کوردە ئێزیدییەکان بە داننان بە تایبەتمەندێتی ناسنامەی جیاوازی ئایینی و کولتووری و مێژوویی ئەوان و ئەو گۆشەگیری و جینۆساید و پەراوێزخستنە دەست پێ بکات، کە سەدان ساڵە بەرگەیان گرتووە و مافی بەشداری چالاکانەیان لە هەموو داوودەزگا و کەرتەکانی دەوڵەتدا پەراوێزخراوە، دوور لە هەر هەوڵێک بۆ سەپاندنی پێناسەیەکی پێشوەختەی دیارکراو بۆ ناسنامەکەیان، بۆ خزمەتکردنی ئەجێندایەکی سیاسی تایبەت.
بە بۆچوونی من نابێ ناسنامە بەزۆر بەسەر هیچ کەس و کۆمەڵێکدا بسەپێندرێت، هەروەها نابێت بەپێی خواستی تاکەکان یان بەرژەوەندییە سیاسییە دەستبەجێیەکان لە قاڵب بدرێت، بۆیە گونجاوترە ڕێگە بدرێت کۆمەڵگەکە خۆی، لە ڕێگەی مێژوو و یادەوەری بەکۆمەڵ و زمان و کولتوور و میراتی ئایینی و کۆمەڵایەتییەوە، ناسنامە فرەییەکانی خۆیان دەرببڕن و پەیوەندییەکانی نێوانیان پێناسە بکەنەوە، ڕێزگرتن لە پێکهاتەی ئێزیدییەکان، سەپاندنی ناسنامەیەک نییە بەسەریاندا، بەڵکو ڕێزگرتنە لە مافەکانیان و دەستەبەرکردنی بەشداری سیاسی و مەدەنییان لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون و ماف، نەک لەسەر بنەمای دووبارە داڕشتنەوەی ناسنامەکەیان، بۆ ئەوەی لەگەڵ پێداویستییەکانی دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسیدا بگونجێ،. ئەو دەستەبژێرەی کە بۆ دەسکەوتی سیاسی بەزۆر گەرەکییانە ئێزیدییەکان وەکو نەتەوەیەکی سەربەخۆ لە گەلی کورد بناسێنن، بەشێکیان لەو ماڵباتە بە بنەچە عەرەبە(ئەمیر)انەن کە لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەمەوییەکان بەزۆر وەک ئەمیر بە سەر گەلی ئێزیدیدا سەپینرابوون،  ئێستاش بە شانازییەوەش نەک هەر خۆیان بەڵکە تەواوی ئێزیدییەکانی کوردستان و جیهان  بەعەرەب دەناسێنن، لە سەردەمی دەسەڵاتی حکومرانی نەتەوەپەرستی بەعسی عیراقدا ڕۆڵێکی نەگەتیڤیان گێڕاوە لە شیواندنی پرسی ناسنامەی نەتەویی کوردە ئیزیدییەکان، تەنانەت دوای ڕێکەوتننامەی شومی جەزائیر لە ئاداری ١٩٧٥، ئەمیرمعاویە بەڕاسپاردەی دەزگەی هەوڵگری عیراق، بەخۆی و هەگبەیەک دۆلارەوە چۆتەوە ناو ئیزیدییەکانی ئەرمەنستان، لە یەریڤان و گوندە کوردنشینەکانی دەوروبەری، لەگەل شێخ و پیرە ئیزیدییەکانیان کۆبۆتەوە بە زەبری بەشینەوەی دۆلار، دەنگ و ویژدانی بەشێکیانی کڕیوە، ئێستاشی لەگەڵدا بێت بەشێک لەو کەسایەتییە ئێزیدییانە بنەچەی خۆیان بۆ نەتەوەی عەرەب یان لە کەمترین ڕەوشدا بۆ نەتەوەی ئێزیدی دەگەڕێننەوە، و خۆیان وەک نەتەوەی ئیزیدی دەناسێنن نەک کورد، بەڵکە بە هاندان و فیتی ناسیۆنالیستە ئەرمەنەکان دژایەتی گەلی کورد هاوزمان و هاوخوێنیان دەکەن، میرزەییڤ سەرمایەداری ئێزیدی ناسراوی ڕووسیا و نووسەری کتیبی(ئیزیدیاتی) کە مرازێ جەمالی نووسەر و ڕۆژنامەنووس-لە ڕۆژنامەی ڕێیا تازە- لە زمانی ئەرمەنییەوە بۆ کوردی وەریگێڕاوە، نموونەیەکە لەو کەسایەتییانە کە بە فشاری حکومەتی یەریڤان ناسنامەی ئێزیدییەکانی وەک نەتەوەیەکی جیاواز لە نەتەوەی کورد ناساندووە. تەنانەت گەلی کورد تاوانبار دەکات بە کۆمەڵکوژی ئەرمەن و ئێزیدییەکان.
لە عیراقی دوای ڕووخانی ڕژێمی صەدام، ماوەیەکە لە کۆڕو کۆبوونەوەکان، لە سۆشیالمیدیا، تەنانەت لە دیدار و کۆنفرانسە تایبەتەکان لە وڵاتی ئالمانیا، پرسی ناسنامەی نەتەوەیی ئێزیدییەکان، قسە لەسەر ئەوە دەکرێت کە ئێزیدییەکان نەتەوەیەکی جیاوازن لە نەتەوەی کورد، با زمان و کەلتوور و داوونەریت و ئایینەکەشیان هەر بە زمانی کوردی-زاری کرمانجی بێت، بە بۆچوونی من پەیوەندییە ئایینییەکان گوزارشت لە سیستەمێکی هزر و باوەڕ و ڕێوڕەسم و دەسەڵاتی ڕۆحی مرۆڤ و کۆمەڵگەکەی بە خوداوەندەوە دەکەن، لە کاتێکدا هزری نەتەوەیی گوزارشت لە پەیوەندی مێژوویی، زمانەوانی، کولتووری و جوگرافی تاک و کۆمەڵگەکەی دەکەن. هەرچەند ئایین وەک سیستەمێکی بیروباوەڕ و ڕۆحانیەت و کۆمەڵگەی مرۆیی، لە ڕووی مێژووییەوە لە چەمکی مۆدێرنی ناسیۆنالیزم کۆنترە، بەڵام مەرج نییە پێشینەی کرۆنۆلۆژی ئایین بە واتای سەپاندنی ناسنامەی ئایینی بەسەر ناسنامەی نەتەوەییدا بێت، یان وەدەرنانی یەکێکیان لە بەرژەوەندی ئەوی دیکەدا بێت. هەروەها نابێت ناسنامە دەروازەیەک بێت بۆ دروستکردنی ناسنامەی نوێ کە لە ڕەچاوکردنی سیاسی یان بەرژەوەندییە کاتییەکانەوە سەپێنراون.
توێژەری ناسراوی ئێزیدی دکتۆر خەلیل ڕەشۆ جوندی لە کتێبی "ئایینی ئێزیدی"دا ئاماژە بە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی مێژوویی و فەلسەفی و باوەڕیی ئێزیدی دەکات و گەشەکردنی بە قۆناغە ئایینی و شارستانییەتە یەک لە دوای یەکەکانی ناوچەکە دەبەستێتەوە، هەر لە شارستانییەتە دێرینەکانی میزۆپۆتامیاوە تا دەگاتە قۆناغەکانی پێش سەرهەڵدانی ئایینە ئیبراهیمییەکان، ئەم ڕێبازە قووڵایی ئەزموونی ئایینی ئێزیدی و ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی لە ناوچەکەدا پشتڕاست دەکاتەوە.
بەڵام لە کاتی گواستنەوە لە باسکردنی پرسی ئێزیدییەکان وەک ئایینێک بۆ باسکردنی ئێزیدییەکان وەک کۆمەڵگە و نەتەوەیەکی جیاوازتر لە نەتەوەی کورد، پرسێکی تەواو جیاواز دێتە ئاراوە، چونکە مەرج نییە ئایین پێناسەی نەتەوەیی بکات، ئینتمای نەتەوەیی جیاوازی نکۆڵی لە ئینتمای ئایینی کەس ناکات، هەر لەبەر ئەمەشە کۆمەڵێک لێکۆڵەر و نووسەری پێکهاتەی ئێزیدی دەبینینەوە کە لە چوارچێوەی مێژووی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی کوردییاندا قسەیان لەگەڵ ئێزیدییەکان کردووە، لەوانەش جوندی کە لە نووسینەکانیدا ئاماژە بە ئێزیدیزم دەکات وەک یەکێک لە کۆنترین ئایینە کوردییەکان، نەک وەک نەتەوەیەکی جیاواز لە کورد، لەو سۆنگەیەوە کۆمەڵێک زاراوەی ئایینی و زمانەوانی لەم چوارچێوەیەدا ڕوون دەکاتەوە. جەختکردنەوە لەوەی کە ئێزیدییەکان بەشێکی دانەبڕاون لە گەلانی ناوچەکە، و ئەوەی کە ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی قووڵیان لە چیای زاگرۆس و ئەوەی ئەمڕۆ بە کوردستان ناسراوە، وەک شەرەفخانی بەدلیسی لە کتیبی(شەرەفنامە)دا ئاماژەی پێکردووە، بە هیچ شێوەیەک لە جیاوازی ئایینی ئەوان کەم ناکاتەوە، ناسنامە ئایینی و نەتەوەییەکان دەتوانن بەبێ دژایەتی پێکەوە بژین.
چەندان توێژەری ئێزیدی لە ڕوانگەی جیاوازەوە باسیان لەم بابەتە هەستیارە کردووە، لەوانە توێژەر هۆشەنگ برۆکە لە کتێبی "مەتەڵی تاوسی مەلەک"دا ئاماژە بە ئێزیدیزم دەکات وەک یەکێک لە کۆنترین ئایینە کوردییەکان. هەروەها نووسەران و لێکۆڵەرانی دیکەی ئێزیدی، لەوانە پیر خدر سلێمان و عیزەدین باقسری، لەسەر بنەمای خوێندنەوە و سەرچاوەی جۆراوجۆری مێژوویی و زمانەوانی و کۆمەڵایەتی، جەختیان لەسەر پەیوەندی مێژوویی و کولتووری نێوان ئێزیدییەکان و ناوچەی کوردستانی کردووە.
پرسیارەکە ئەوەیە کێ لە پشت ناساندنی ئێزیدییەکانە وەک نەتەوەیەکی جیاوازتر لە کورد؟

powered by social2s

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا