
بەرلە (٣٣) ساڵ، لە [٣٠ی حوزەیرانی ١٩٩٣]دا، ڕاگەیاندنی حیزبی شیوعیی كوردستان وەك وەرچەرخانێكی مێژوویی و وەڵامدانەوەیەكی واقیعی بۆ قۆناغی پاش ڕاپەڕینی مەزنی ئازاری (١٩٩١) ڕاگەیەنرا. ئەم هەنگاوە وەرچەرخانێكی جۆری بوو كە لەژێر ڕۆشنایی گۆڕانكارییە ناوچەیی و ناوخۆییەكاندا هاتە ئاراوە؛ تەنیا گۆڕینی ناو یان فۆرمێكی ڕێكخراوەیی نەبوو، بەڵكو درێژكراوەی كاروانی پڕ لە سەروەریی زیاتر لە نیو سەدەی لقی كوردستانیی حیزبی شیوعیی عێراق و داڕشتنەوەی ستراتیژێكی نوێ بوو لەسەر بنەمای دید و تێڕوانینی ماركسیستی. ئەم بازدانە مێژووییە كە لە كۆنگرەی دووەمی ڕێكخراوی هەرێمی كوردستانی حیزبی شیوعیی عێراقدا بڕیاری لەسەر درا، بە مەبەستی گەشەپێدانی میكانیزمەكانی تێكۆشان بوو لەپێناو چەسپاندنی فیدراڵییەت، پاراستنی قەوارەی سیاسیی هەرێم، و داكۆكیكردن لە مافە ڕەواكانی چینی كرێكار و سەرجەم زەحمەتكێشانی كوردستاندا.
ساڵانە لە (٣٠ی حوزەیران)دا، شیوعییەكان لەگەڵ دۆست، لایەنگر و هاوبیرە پێشكەوتنخوازەكانیان لە سەرانسەری كوردستاندا، یادی ڕاگەیاندنی حیزبی كرێكاران، جوتیاران و ڕۆشنبیران دەكەنەوە؛ ئەو حیزبەی كە خەباتی چینایەتی لەگەڵ خەباتی نیشتمانیدا ئاوێتە كرد و بووە پێشەنگی تێكۆشان لەپێناو ئازادی، مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی كوردستان و بەدەستهێنانی مافەكانی گەلە تێكۆشەرەكەمان لە سەرجەم بەشەكانی كوردستاندا.
بەمەش حیزب دووپاتی دەكاتەوە كە پەیامەكەی، پەیامی گۆڕانكاریی سیاسی و كۆمەڵایەتییە لە چوارچێوەی پێداویستییەكانی خەبات و واقیعی گۆڕاودا، هاوكات لەگەڵ گونجاندنی میكانیزمەكانی كاركردن لەگەڵ پێشهاتە نوێكاندا لەپێناو پڕۆژە نیشتمانییەكەماندا؛ پڕۆژەیەك كە خۆی لە مافی چارەی خۆنووسین، دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانیی دیموكراسیی سیكۆلاری سەربەخۆ، باڵادەستبوونی ڕووحی پێكەوەژیان و لێبوردەیی نێوان گەلان، و بەدیهێنانی ئاشتی، دیموكراسی و سۆسیالیزمدا دەبینێتەوە.
حیزبی شیوعیی كوردستان، حیزبی تێكۆشەرانی كورد، توركمان، ئاشووری، كلدان، سریان، عەرەب و ئەرمەنە، و كار بۆ مافەكانی ئەم پێكهاتانە دەكات لەپێناو بەدیهێنانی مافەكانیان بۆ سەرجەم پێكهاتە ڕەسەنەكان و جەختكردنەوە لەسەر خەباتی هاوبەشی كوردستان و گەلەكەی. لەسەر ئەم بنەمایەش، ڕاگەیاندنی حیزبی شیوعیی كوردستان گوزارشت لە پێداویستییەكانی ئێستا و ئاسۆكانی داهاتوو دەكات.
ئەمڕۆش لەكاتێكدا یادی ئەم مێژووە پڕ لە سەروەرییە گشتگیرە دەكەینەوە، هەرێمی كوردستان لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی مێژوویی سەخت و قەیرانێكی پێكهاتەیی و فرەڕەهەنددایە. ئەو بنبەستە سیاسی و ئابوورییەی ئێستا بەرۆكی ئەزموونی هەرێمی گرتووە، دەرەنجامی ڕەنگدانەوەی قەیرانی گشتگیرە لە بواری حوكمڕانی و پەیڕەوكردنی سیاسەتی ئابووریی تاكڕەهەند، نادادپەروەری لە دابەشكردنی داهات، قۆرخكاریی حیزبی و پەكخستنی دامەزراوە نیشتمانییەكانە. پاشەكشەی بنەماكانی دیموكراسی، سەختی گوزەران و بژێوی جەماوەر، قەیرانی ئابوری بەردەوام و قووڵبوونی جەمسەرگیرییە سیاسییەكان، وایان كردووە كە سیستەمی سیاسی و ئابوری، پێویستی بە گۆڕانكاری و پێداچوونەوەیەكی ڕیشەیی هەبێت.
حیزبی شیوعیی كوردستان، لەم سۆنگەیەوە پێیوایە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە چەقبەستووە، تەنیا لەڕێگەی گەڕانەوە بۆ بنەماكانی دیموكراسیی ڕاستەقینە، سڕینەوەی ئاسەوارە زەقەكانی دوو ئیدارەیی، كاراكردنەوەی پەرلەمان، بەهێزكردنی بەشداری سیاسی هاوڵاتیان و دروستكردنی حكوومەتێكی بنكەفراوانی نیشتمانیی ڕاگوزەر، پێویستیی دەستوورێكی سیكۆلار بۆ هەرێمی كوردستان، كۆتاییهێنان بە دەستتێوەردانی حیزبی لە جومگەكانی دەوڵەتدا، و چەسپاندنی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی بەدیدێت.
هاوكات، گۆڕانكارییە خێراكانی ناوچەكە و عێراق ئەوەمان پێدەڵێن كە گرەوكردن لەسەر هاوسەنگییە گۆڕاوەكانی هێزە نێودەوڵەتییەكان و سیاسەتی پراگماتیستی و دووڕووانەی هێزە باڵادەستەكان، دۆخی هەرێم دەخاتە بەردەم مەترسیی جدییەوە. بۆ پاراستنی دەستكەوتە مێژووییەكان و چەسپاندنی پێگەی كەركووك و ناوچە دابڕێنراوەكان وەك بەشێكی دانەبڕاو لە ناسنامەی كوردستانی، پێویستمان بە گوتارێكی نیشتمانیی یەكگرتوو كە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل بكاتە بنەمای بڕیارە ستراتیژییەكان. پێویستە ئاوڕێكی جدی لەو ناوچانە بدرێتەوە كە بەهۆی سیاسەتەكانی جینۆسایدەوە وێران بوون و دۆخی گوزەرانیان چاك بكرێت. بێگومان بەبێ چارەسەری ڕیشەیی و دەستووریی كێشەی گەلی كورد لە چوارچێوەی عێراقێكی فیدراڵ و دیموكراسیدا، سەقامگیریی ئەمنی و سیاسی لە تەواوی ناوچەكەدا نایەتەدی و ناتوانرێت ڕووبەڕووی تەماحی هێزە هەرێمییەكان و پاشماوەكانی توندڕەوی و تیرۆر ببینەوە كە هەمیشە هەڕەشەن بۆ سەر قەوارەكەمان.
لەم قۆناغە هەستیارەدا، پێویستە جەخت لەسەر بنەماكانی فرەیی سیاسی و یەكسانی بكرێتەوە، و دەسەڵاتی بڕیاردان بگەڕێنرێتەوە بۆ ڕای جەماوەر و هێزە ڕەسەنەكان تا بتوانرێت ڕووبەڕووی ئەو لەمپەرانە ببینەوە كە ڕێگرن لەبەردەم پێشكەوتنی كۆمەڵگەكەماندا.
لەم یادە شكۆدارەدا، حیزبی شیوعیی كوردستان وێڕای نوێكردنەوەی پەیمانی وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدە نەمرەكان، خێزان و خانەوادە سەربەرزەكانیان و تەواوی تێكۆشەرانی ئەم كاروانە، داوا لە تەواوی هاوڕێیان و تێكۆشەران، بەتایبەتی وزەی گەنجانی هۆشیار دەكات، بە گیانێكی نوێخوازییەوە كار بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانمان و مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان بكەن، تا پێكەوە و بە یەكگرتوویی بەرەو ئاسۆیەكی ڕووناكتر بۆ ئازادی، دیموكراسی، دادپەروەری و سۆسیالیزم هەنگاو بنێین.
یادی ٣٣ ساڵەی ڕاگەیاندنی حیزبی شیوعیی كوردستان، حیزبی شەهیدان و تێكۆشەران هەمیشە بەرز و شەكاوە بێت.
كۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعیی كوردستان
29ی حوزەیرانی 2026
