
رێگای كوردستان
روژنامەی واشنتۆن پۆست لە ڕاپۆرتێکدا وردەکارییەکانی لێکۆڵینەوەی پنتاگۆنی سەبارەت بە گۆڕانی ڕێڕەوی موشەکێکی ئەمریکی لە ئامانجە سەربازییەکەی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد کە بەهۆیەوە ٩٤ هاوڵاتی کوژراون و بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، هێزی دەریایی ئەمریکا شەش موشەکی ئاراستەی ئامانجێکی سەربازیی سوپای پاسدارانی ئێران کردووە. لە کۆی ئەم شەش موشەکە، پێنجێکیان بە دروستی ئامانجەکەیان پێکاوە، بەڵام موشەکی شەشەم لە ڕێڕەوی دیاریکراوی خۆی لایداوە.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت کە موشەکەکە نزیکەی ٤٤٠ پێ لە ئامانجە سەربازییەکەی دوورکەوتووەتەوە و لەسەر ماڵێکی نیشتەجێبوون کەوتووەتە خوارەوە؛ لە ئەنجامی ئەمەشدا چوار هاوڵاتی کوژراون و ٩٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.
لای خۆیانەوە، بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا جەخت لەوە دەکەنەوە کە ڕووداوەکە بە ئەنقەست نەبووە و خراوەتە پاڵ هەڵەیەکی تەکنیکییەوە. لە ئێستادا سوپای ئەمریکا لێکۆڵینەوەیەکی ورد بەڕێوەدەبات بۆ دیاریکردنی هۆکاری تەکنیکیی پشت گۆڕانی ڕێڕەوی موشەکەکە و دۆزینەوەی هۆکاری لادانەکەی لە ئامانجی سەرەکی.
