
🔻زەیدی، وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لەگەڵ لیژنەی باڵای پڕچەککردن کۆ دەبێتەوە، وتبێژەکەشی جوڵاندنی هێز ڕەتدەکاتەوە
🔻ئەنجومەنی دادوەری پشتیوانی بڕیارەکانی زەیدی دەکات، هاوکات پێشنیاری گفتوگۆ دەکات
🔻دڵنیاییدان لە تێکەڵنەکردنی مووچە بە هیچ پرسێک ڕاکێشانی سۆزی خەڵکە
ژووری هەواڵ
چاودێرانی سیاسی پێیانوایە هەنگاوەکانی شەوی ڕابردووی بەغدا، لە پێشنیاری دانوستانی نێوان هەرێم و بەغدا، دڵنیاییدان سەبارەت بە خەرجکردنی مووچە و ڕەتکردنەوەی دەنگۆی جوڵاندنی هێز، تەنها یارییەکی سیاسییە بۆ کۆمەڵێک مەبەستی دیاریکراو، بەڵام لە کۆتاییدا بەغدا سورە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی خۆی.
درەنگانێکی شەوی ڕابردوو، حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، ڕەتیکردەوە یەکەکانی سوپای عێراق بەرەو هەرێمی کوردستان جوڵێندرابن و دووپاتی کردەوە کە سەرۆک وەزیران جەخت لە پاراستنی گەلی کوردستان دەکاتەوە نەک هەڕەشەکردن لێیان. ئەم لێدوانە چەند کاتژمێرێک دوای کۆبوونەوەکەی عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و لیژنەی باڵای پڕچەککردن هات، کە تێیدا زەیدی داوای پەرەپێدانی تواناکانی پڕچەککردن و بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی هێزەکانی کردبوو.
هەر شەوی ڕابردوو، نوسینگەی ڕاگەیاندنی عەلی زەیدی ڕایگەیاند کە هەر چوار سەرۆکایەتییەکە پێشوازییان لە دەستپێشخەریی فایەق زێدان کردووە بۆ کۆبوونەوەی هەرێم و بەغدا لە سەرەتای مانگی داهاتوو بەپێی دەستور. ئەمە لە کاتێکدایە دادگای باڵای دادوەری بڕیارەکانی زەیدی دژ بە هەرێمی کوردستان بە دەستوری و یاسایی ناوبرد و هەرێم کۆت و بێدەسەڵات دەکات.
چاودێران دەڵێن، پێشنیاری وتوێژ نمایشەو دواجار بۆ سەپاندنی بڕیارەکانە.
لەگەڵ هەموو ئەو هەنگاوانەشدا، وتەبێژی حکومەت دڵنیایی بە مووچەخۆران دەدات کە مووچە تێکەڵی هیچ پرسێکی دیکە ناکرێت، بەڵام چاودێران پێیانوایە ئەم دڵنیاییە تەنها بۆ ڕاکێشانی سۆزی خەڵکی هەرێمە کە بەهۆی خراپی حوکمڕانی چەندە ساڵەی دەسەڵاتەوە توڕەو بێزارن.
