🔻​ڕاپۆرتەکان باس لە کەمکردنەوەی بوونی سەربازی ئەمریکا لە عێراق دەکەن نەک کشانەوەی یەکجاری
🔻بەرپرسێک: ئەگەر حکومەتی عێراق پابەند نەبێت بە خشتەی کاتیی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەک، ئەوا واشنتۆن لە بڕیاری کشانەوەی خۆی پەشیمان دەبێتەوە

 


سەرچاوەکان دەڵێن بەغدا هێشتا پێداگرە لەسەر جێبەجێکردنی وادەی ۳۰ی ئەیلوولی داهاتوو بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، ئەمەش لە کاتێکدایە کە راپۆرتی رۆژنامەوانی باس لەوە دەکەن کە ئەمەریکا و هاوبەشەکانی دەیانەوێت ئەرکە سەربازییەکانیان کەم بکەنەوە و لەبری کشاندنەوەی گشتی، بگوازنەوە بۆ چوارچێوەیەکی ئەمنی دوو قۆڵی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا.
​سەرچاوەیەکی فەرمیی عێراقی بە رۆژنامەی (الشرق الأوسط)ی راگەیاندووە، ئەو ڕاپۆرتانەی باسی بەردەوامبوونی، بوونی هێزەکانی ئەمەریکا و بیانی دەکەن لەدوای ئەیلوولەوە پێچەوانەی ئەو ڕێککەوتنەن کە لە نێوان حکومەتی پێشووی عێراق و ئیدارەی ئەمەریکیدا کراوە، بەڵام ئەوەشی خستە ڕوو که هێشتا زووە لێدوان لەسەر ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی بدرێت کە پشت بە سەرچاوەیەکی فەرمیی ئەمەریکی نەبەستێت.
​لە بەرامبەردا، بەرپرسێکی ئەمەریکی کە ڕۆژنامەکە ناوی ئاشکرا نەکردووە، ڕایگەیاندووە کە ئەمەریکا و هاوبەشەکانی لە هاوپەیمانێتییەکەدا ئەرکە سەربازییەکانیان لە عێراق کەم دەکەنەوە، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی دوناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا و وەک ئاماژەیەک بۆ سەرکەوتنی هاوبەش لە دژایەتیکردنی داعش و گواستنەوە بەرەو هاوبەشییەکی ئەمنیی هەمیشەیی.
​سەبارەت بەم پرسە، سەباح نەعمان، ووتەبێژی سەربازیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، جەختی لەسەر دەکاتەوە کە ۳۰ی ئەیلوول دەبێتە زەماوەندی عێراقیەکان و حکومەت پابەندە بە کۆتاییهێنانی بوونی سەربازی لەو وادەیەدا، هەروەها لەسەر ڕێکخستنی چەک و خستنەژێر چەتری دەوڵەتەوە بەردەوام دەبێت.
​لە لایەکی ترەوە، بەرپرسێکی ئەمنیی پێشووی عێراقی هۆشداری دا کە ئەگەر حکومەتی عێراق پابەند نەبێت بە خشتەی کاتیی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەک، ئەوا واشنتۆن لە بڕیاری کشانەوەی خۆی پەشیمان دەبێتەوە، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هەندێک لە گۆڕانکارییەکانی هەڵوێستی ئەمەریکا پەیوەندییان بە سەردانە فەرمییەکان و دۆسیەی سزاکان و بوونی چەکەوە هەیە.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا