
ژووری هەواڵ
دانیشتنی چاوەڕوانکراوی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان، لایەنە سیاسییەکانی دابەشکردووە بەسەر دوو بەرەی ئامادە و بایکۆتدا. هەرچەندە زۆرینەی فراکسیۆنەکان بڕیاری بایکۆتیان داوە، بەڵام هێشتا ڕوون نییە کە ئایا لەسەر ئاستی تاکەکەس نیسابی یاسایی تەواو دەکرێت یان نا.
لە بەرەی بەشداربوواندا، پارتی، بەرەی گەل، سۆسیالیست، پەرلەمانتارێکی تورکمان، دوو کریستیان و چەند ئەندامێکی حیزبەکانی دیکە کە وەک بێلایەن خۆیان ڕاگەیاندووە، ئەوانیش ئامادەییان دەربڕیوە. لە بەرامبەردا، یەکێتی، نەوەی نوێ، یەکگرتوو، کۆمەڵ، هەڵوێست، گۆڕان و دوو نوێنەری تورکمان و کریستیان بڕیاری بایکۆتیان داوە.
چاودێرانی سیاسی هۆشداری دەدەن کە ئەنجامدانی دانیشتنەکە بەبێ سازان و ڕێککەوتنی لایەنەکان، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، مەترسی جدی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دروست دەکات و لێکەوتەی نەخوازراوی دەبێت. لە هەمان کاتدا، داوا دەکەن کاراکردنەوەی پەرلەمان بۆ خزمەتی هاووڵاتییان و پاراستنی یەکڕیزی بێت، نەک قووڵکردنەوەی لێکترازانەکان.
