
دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە هۆشدارییەکەی لە ساڵی ٢٠١٩ سەبارەت بە مەترسییەکانی هەموارکردنی ماددەی (١١٠)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، دوای حەوت ساڵ سەلمایەوە.
دامەزراوەکە ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو هەموارە دەرگای بۆ گۆڕینی فراکسیۆن و حیزب لەلایەن پەرلەمانتاران کردەوە، و ئەمڕۆ بووەتە هۆی کێشەی سیاسی و یاسایی لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا.
دامەزراوەی پەی جەختی کردووەتەوە کە چارەسەری قەیرانی ئێستا لە گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ، کاراکردنەوەی پەرلەمان و ڕێزگرتن لە ئیرادەی دەنگدەران و دامەزراوە دەستوورییەکاندا دەبینێتەوە، نەک لە هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم یان گەڕانەوە بۆ دوو ئیدارەیی.
لە کۆتاییدا، داوای گەڕاندنەوەی دەقی پێشووی ماددەی (١١٠)، پەسەندکردنی دەستووری هەرێم و وازهێنانی هێزە سیاسییەکان لە بەکارهێنانی یاسا بۆ لێدانی ڕکابەرانیان کردووە.
دەقی هۆشدارییەکە:
ماددەی (١١٠): هۆشدارییەکەمان دوای حەوت ساڵ سەلما
لە ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠١٩دا، دامەزراوەکەمان بە بەیاننامەیەک بە ناونیشانی (پێویستە پەرلەمانی کوردستان بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت) هۆشداریی دا لە مەترسییەکانی هەموارکردنی ماددەی (١١٠)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، کە ڕێگە بە پەرلەمانتار دەدات فراکسیۆن و حیزب بگۆڕێت. ئەو کاتە ڕوونمان کردەوە کە ئەم هەموارە دەبێتە سەرەتایەک بۆ کڕینی کورسیی حیزبەکان و ئیرادەی دەنگدەران، و دەبێتە هۆی ئەوەی حیزبە گەورەکان کورسیی حیزبە بچووکەکان بۆ خۆیان ببەن. بەڵام ڕۆژی دواتر، ٢٩ی ئەیلوولی ٢٠١٩، پەرلەمان هەموارەکەی پەسەند کرد. ئامانجی هەموارەکەش ئەو کاتە بۆ هەمووان ئاشکرا بوو: یەکێتی و پارتی دەیانویست کورسییەکانی نەوەی نوێ بۆ خۆیان ببەن.
ئەو کاتە نەک هەر گوێ لە هۆشدارییەکەمان نەگیرا، بەڵکو تۆمەتباریش کراین بەوەی گوایە دژی ئازادیی پەرلەمانتارین! لە کاتێکدا ئێمە ئەو کاتەش و ئێستاش جیاوازی دەکەین لە نێوان ئازادیی هەڵوێست، کە پشتیوانی لێ دەکەین، و گۆڕینی حیزب و بردنی دەنگی دەنگدەران بۆ حیزبێکی تر، کە دژی بووین و دژین.
ئەمڕۆ، دوای حەوت ساڵ، ئەو گرفتەی هۆشداریمان لێ دابوو یەخەی دانەرانی خۆی گرتووەتەوە. لە دانیشتنی ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ی پەرلەمانی کوردستاندا، هەشت پەرلەمانتار جیابوونەوەیان لە فراکسیۆنەکانی یەکێتی و نەوەی نوێ و هەڵوێست ڕاگەیاند و وەک سەربەخۆ بەشدارییان کرد، و ڕێژەی یاسایی دانیشتنەکە بە ئەوان تەواو بوو. دوای ئەوە، لە ١٠ی تشرینی دووەمدا، یەکێتی و نەوەی نوێ ڕوویان لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق کرد و سکاڵایان لەسەر ئەو دانیشتنە تۆمار کرد؛ لە کاتێکدا ئەو دەرگایەی ئەو پەرلەمانتارانە پێیدا ڕۆیشتن، یەکێتی خۆی لە ٢٠١٩دا بە هەموارکردنی پەیڕەو کردییەوە.
ئەوەی دوێنێ، کاتێک کورسیی کەسانی تر بوو، ناویان دەنا (ئازادیی پەرلەمانتار)، ئەمڕۆ کە کورسیی خۆیانە بووەتە (پێشێلکاری). ئەمەش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە ئەگەر یاسا بەپێی بەرژەوەندیی ڕۆژ و بۆ لێدانی ڕکابەر دابڕێژرێت، ڕۆژێک دێت دانەرانی خۆیشی دەگرێتەوە.
هەڵوێستی ئێمە وەک خۆیەتی: ڕێز لە ئیرادەی ئازادی پەرلەمانتار دەگرین لە ڕا و بۆچوون، دەنگدان، بەشداریکردن و بایکۆتدا، و دژی هەر هەڕەشە و فشارێکین کە بخرێتە سەریان. بەڵام کورسیی پەرلەمان موڵکی تایبەتی پەرلەمانتار نییە تا بیباتە هەر کوێیەک بیەوێت، چونکە بەپێی یاسای هەڵبژاردن دەنگدەر سەرەتا دەنگ بە لیست دەدات ئینجا بە کاندید، و کورسییەکە ئەمانەتی ئەو دەنگدەرانەیە کە دەنگیان بە لیست و بەرنامەکەی داوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، دامەزراوەکەمان جەخت دەکاتەوە کە لەگەڵ ئەو هەموو کێشە و قەیرانەی ئێستا هاتوونەتە کایەوە، ڕێگەی چارەسەر تۆمارکردنی سکاڵا و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم و گەڕانەوە بۆ دوو ئیدارەیی نییە. ئەم ڕێگایانە تەنها هەرێم لاوازتر دەکەن و دەرگا بۆ دەستێوەردانی زیاتر دەکەنەوە، و ئەزموونی تاڵی دوو ئیدارەیی هێشتا لە یادی خەڵکی کوردستاندا ماوە.
لە ئێستادا نەیارانی هەرێم سوودیان لەو دووبەرەکییە وەرگرتووە کە لە نێوان هێزە کوردییەکاندا هەیە و دژی یەکتر بەکاریان دەهێنن، و هەموو ئەمانەش تەنها بە زیانی خەڵکی کوردستان و قەوارەکەی دەشکێتەوە. ئەوەتا لە ئێستادا خەریکی پرۆژەی هەموارکردنی دەستووری عێراقن و نیازیانە کۆمەڵێک لە دەسەڵاتەکانی هەرێم لە بەرژەوەندیی خۆیان کەم بکەنەوە. هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بە قۆناغێکی هەستیار و مەترسیداردا تێدەپەڕێت، هەر کەوتن و شکستێک لە سایەی ئەو سیاسەتە ناهەموارەی هێزە سیاسییەکان پەیڕەوی دەکەن، دەرەنجامەکەی ڕاستەوخۆ بە زیانی خەڵکی کوردستان تەواو دەبێت، قوربانیدانەکانی ئەم گەلە و خوێنی شەهیدەکانی بە فیڕۆ دەدات، بکەرانیشی وەک خائینی نیشتمانی ناویان دەچێتە ناو مێژووەوە. بۆیە ڕێگەی ڕاستەقینە دان نانە بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و لەپالیشیدا سازان و گەڕانەوەیە بۆ مێزی گفتوگۆ، تا لایەنەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە ئیرادەی دەنگدەران و یاسا و دامەزراوە دەستوورییەکان ڕێک بکەونەوە.
بۆیە داوا دەکەین:
١. گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و کاراکردنەوەی پەرلەمان بەو شێوەیەی لایەنەکان لەسەری ڕێک دەکەون و لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و هەرێمەکەدایە، بە جۆرێک هەر لایەک لە پێناو ئەمەدا دەستبەرداری بەشێک لەو کەللەڕەقییە سیاسییانە ببێت کە پەیڕەوی دەکات.
٢. دوای کاراکردنەوەی پەرلەمان، گەڕاندنەوەی دەقی ماددەی (١١٠) بۆ پێش هەموارەکەی ٢٠١٩، بە جۆرێک هەر پەرلەمانتارێک لە فراکسیۆنەکەی جیابووەوە یان چووە پاڵ فراکسیۆنێکی تر، ئەندامێتیی خۆی لەدەست بدات و کاندیدی دواتری هەمان لیست بەپێی ڕیزبەندی شوێنەکەی پڕ بکاتەوە.
٣. هەوڵدان بۆ پەسەندکردنی دەستووری هەرێمی کوردستان و جێگیرکردنی ئەم بنەمایە تێیدا، تا بەپێی بەرژەوەندیی ڕۆژ دەستکاری نەکرێت.
٤. وازهێنانی هێزە سیاسییەکان لە بەکارهێنانی یاسادانان بۆ لێدانی یەکتر، و یەکخستنی هەڵوێستیان بەرامبەر هەر هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم، تا پەرلەمان بتوانێت ئەرکە سەرەکییەکانی خۆی، کە یاسادانان و چاودێریی حکومەتن، جێبەجێ بکات.
حەوت ساڵ لەمەوبەر هۆشداریمان دا و ئەمڕۆ دووبارەی دەکەینەوە: ئەو یاسایەی ئەمڕۆ بۆ شکاندنی ڕکابەر دەنووسرێت، سبەی دانەرەکەی خۆی دەشکێنێت.
دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان
١٤/١١/٢٠٢٦
