
لە ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ ڕای گشتی، وتەبێژێک بەناوی مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعی کوردستان وەڵامی ئەو لێدوانانەی دایەوە کە لە لایەن هەندێک کەسایەتیی سیاسی و دەزگای ڕاگەیاندنەوە بڵاوکراونەتەوە و گوایە پارتە کوردستانییەکان لە دوای ڕاپەڕینی ۱۹۹۱ هاوکاریی داراییان لە ڕژێمی بەعس وەرگرتووە.
حیزبی شیوعی جەختی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک بەشداریی دانوستانەکانی لەگەڵ ڕژێمی دیکتاتۆری پێشوو نەکردووە و داواکارییەکانی بەعسی بۆ دانوستاندن ڕەتکردۆتەوە.
هەروەها ڕایگەیاند کە هیچ هاوکاری و پارە و چەکی لە ڕژێمی عێراق یان هیچ وڵاتێکی تر وەرنەگرتووە.
حزبی شیوعی کوردستان، شانازی بە مێژووی پاکی خەباتی خۆیەوە دەکات و ئاماژەی بەوەدا کە گشتاندنی ئەم جۆرە تۆمەتانە زیان بە یەکڕیزی و مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان دەگەیەنێت.
لەم بارەیەوە ڕوونکردنەوەیەکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردۆتەوە و تیایدا هاتووە:
ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند لێدوانێک لە لایەن کەسایەتیی سیاسی و دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بڵاوکرایەوە و گوایە لە دوای راپەڕینی ئاداری 1991 ی گەلی کوردستان و لەکاتی دانوستاندنی ڕژێمی بەعس و بەرەی کوردستانی، هەموو حیزبە کوردستانییەکان هاوکاری و پارەیان لە ڕژێمی دیکتاتۆری پێشووی عێراق وەرگرتووە.
حیزبی شیوعی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە نە ئامادەی گفتوگۆ بووین لەگەڵ ڕژێمی بەعس و نە ڕاستەوخۆ و نە نا ڕاستەوخۆ هیچ دانوستان و گفتوگۆمان نەبووە و هەوڵی زۆری بەعسمان لەم بوارەدا ڕەتکردۆتەوە و درووشمی ناوەندی تێکۆشانمان ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەت بوو و خەباتمان لە پێناودا کرد و قوربانی زۆرماندا لەم ڕێگایەدا.
حیزبی شیوعی کوردستان بەشانازییەوە ڕایدەگەیەنێت هاوکاری و پارە و چەکی نە لە عێراق و نە لە هیچ وڵاتێکی تر وەرنەگرتووە.
حیزبی شیوعی کوردستان شانازی بە مێژووی پاک و ڕاستگۆیی ڕێڕەوی تێکۆشانی خۆی دەکات و گشتاندنی ئەو جۆرە لێدوانانە خزمەت بە مێژووی بزاڤی ڕزگاریی نیشتمانی و یەکڕیزی گەلەکەمان ناکات.
وتەبێژێک بەناوی مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعی کوردستان
٢٩ی ١٠ی ٢٠٢٦
