
حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە وەڵامێکی توونددا بۆ لێدوانەکانی (فرامەرز ئەسەدی)، کونسوڵی ئێران لە هەولێر، ڕایگەیاند، تۆمەتەکانی تاران درێژەی هەمان سیاسەتی دەیان ساڵەی حاشاکردن و بەلاڕێدابردنی پرسی ماف و ئازادییەکانی گەلی کوردە.
جەختیکردەوە کە سیاسەتی ئێران لەسەر دژایەتیکردنی مافەکانی کورد، بەئەمنییەتکردنی ناوچەکە و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز بنیات نراوە، نەک داننان بە خەباتی ڕەوای نەتەوەیی کورددا.
سەبارەت بەو تۆمەتانەی کونسوڵی ئێران کە هێزە کوردییەکانی بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و پلاندانان دژ بە تاران تۆمەتبار کردووە، حزبی دیموکرات ڕوونیکردەوە کە پێکهێنانی هاوپەیمانیی نێوان لایەنە سیاسییەکان بڕیارێکی سەربەخۆ و سیاسییە بۆ هاوئاهەنگی لەپێناو خواستە نەتەوەییەکاندا، نەک بەرهەمی دەستێوەردانی دەرەکی. هەروەها سەبارەت بە ناوزڕاندنی حزبەکە و داوای رادەستکردنەوەیان لەڕێگەی ئینترپۆلەوە، حزبی دیموکرات ئاماژەی بەوەدا، کە جیهان بەڕوونی دەزانێت کێ قوربانیی تیرۆرە و کێش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە پشتیوانی سەرەکیی تیرۆریزمی نێو دەوڵەتی دەناسرێت.
لە درێژەی وەڵامەکەدا، حزبی دیموکرات، ئاماژەی بە هەڕەشە و هێرشە بەردەوامەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان کردووە، کە تێیدا تاران لە ماوەی ئەم دواییانەدا زیاتر لە ١٢٠٠ جار هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکە و پاساوی بۆ دەهێنێتەوە. هاوکات حزبەکە نکۆڵیکردنی کونسوڵی ئێرانی لە دۆسیەی تیرۆری دوکتور قاسملوو لە ڤییەنا و دوکتور شەرەفکەندی لە بەرلین بە کارێکی بێشەرمانە ناوبرد و جەختیکردەوە کە بڕیاری دادگای میکۆنۆس بەڵگەیەکی مێژوویی و دادپەروەریی نەبڕاوەیە لەسەر تێرۆریستبوونی ڕێبەرانی ئەو ڕژیمە.
لە کۆتاییدا، حزبی دیموکرات هۆشداری دا کە خەباتی مافخوازانەی کورد بە سەرکوت و مووشەکباران و تیرۆر نە لەبن دێ و نە بۆ ساتێکیش ڕادەوەستێت، بەڵکو داهاتووی ڕێژیمێک کە تیرۆر و ناسەقامگیری وەک ئامراز بەکار دەهێنێت، هەر ڕووخان و شکستە.
