
بە ئامادەبوونی سەرکونسڵی گشتیی کۆماری گەلی چین لە هەولێر، کونسڵگەری چین لە شاری هەولێر سیمپۆزیومێکی تایبەتی بۆ یادی ١٠٥ ساڵەی دامەزراندنی پارتی کۆمۆنیستی چین ڕێکخست.
رۆژی یەكشەممە، 2026/6/5 لە ڕێوڕەسمەکەدا کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان، حکومەتی هەرێم و ئەکادیمیستان بەڕێوەچوو، شاندێکی حیزبی شیوعیی کوردستان کە پێکهاتبوو لە هاوڕێیان ، ئەبو کاروان سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و ئومێد ساڵح لە پەیوەندیەکانی ناوەندی بەشداری مەرسیمەکە بوون.
لە پانێڵی سیمپۆزیومەکەدا کە بۆ تاوتوێکردنی ڕۆڵی ستراتیژیی چین لە ناوچەکەدا تەرخانکرابوو، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبمان حیزبی شیوعیی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد، و تێدا جەختی کردەوە کە ئەم یادە وەبیرهێنانەوەی ڕەوتێکی مێژووییە کە هاوکێشە جیهانییەکانی گۆڕیوە. لە وتارەکەدا ئاماژە بە قۆناغەکانی گەشەسەندنی چین کرا؛ لە قۆناغی بناغەدانانی ئیرادەی نەتەوەییەوە تا گەیشتن بە پێگەی زلهێزێکی جیهانی.
سکرتێری حیزبی شیوعیی کوردستان ئەزموونی چینی بە وانەیەکی پڕبایەخ بۆ گەلان وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە مۆدێلی چینی بۆ گەشەسەندن و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی جێگەی ڕێزە. ناوبراو بوونی کونسڵگەری چینی لە هەولێری بە دەرفەتێکی زێڕین زانی بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان سوود لە ئەزموونی چین لە بوارەکانی زانست، تەکنەلۆژیا و ئاوەدانکردنەوە وەربگرێت.
لە کۆتاییدا، خواستی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بۆ داهاتوویەکی هاوبەشی پڕ لە ئاشتی و پێشکەوتن دووپاتکرایەوە.
