
رێگای كوردستان
کەشناسێکی شارەزا ڕایدەگەیەنێت" لە ڕۆژانی داهاتوو پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو ڕوو لە دابەزین دەکەن و لە شەوانیشدا هەست بە فێنکی دەکرێت".
ئاراز جەبار شارەزای بواری کەشناسی، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بەگشتی کەوتوونەتە ژێر کاریگەری بارستە هەوایەکی فێنکەوە کە لە دەریای ناوەڕاستەوە هاتووە، بەم هۆیەشەوە پلەکانی گەرما ڕوویان لە نزمبوونەوە کردووە و لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا کاریگەری ئەم شەپۆلە زیاتر دەردەکەوێت".
بەپێی پێشبینییەکانی ئاراز جەبار، لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی ئابدا نزمبوونەوەیەکی زیاتر بەسەر پلەکانی گەرمادا دێت، بەتایبەت لە کاتەکانی شەودا هاوڵاتییان هەست بە فێنکبوونی کەشوهەوا دەکەن.
ئاماژەی بەوەشدا، کاریگەری بارستە هەوا فێنکەکە لە شەواندا هەستی پێدەکرێت، دوابەدوای ئەوە پلەکانی گەرما بەرزبوونەوەیەکی کەم بەخۆیانەوە دەبیننەوە، لەگەڵ چالاکبوونەوەی بای باکوری رۆژهەڵات بەتایبەت لە رۆژی پێنجشەمممەوە.
