
ژووری هەواڵ
هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سیاسی و ئابووری و ئەمنی بێ وێنەدا تێدەپەڕێت، پەرلەمان پەکخراوە و تەمەنی کابینەی حکومەت زیاتر لە سێ ساڵە بەسەرچووە، بێ ئەوەی ئاسۆیەک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت هەبێت.
لە کاتێکدا ململانێی توندی نێوان پارتی و یەکێتی هەرێمی بەرەو دوو ئیدارەیی بردووە، کێشەکان لەگەڵ بەغداش هەر بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.
ئەمەش بارودۆخی گوزەرانی هاووڵاتیانی گەیاندووەتە ئەوپەڕی خراپی، دواکەوتنی مووچە، گرانی نرخی بەنزین و کەمی کارەبا، لەگەڵ هەڵاوسانی بازاڕ و بەرزی نرخی دۆلار، سەرهەڵدانی بێکاری، باری ژیانی قورس کردووە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، دەسەڵات بەردەوامە لەوەرگرتنی پارەی ئاو و کارەبا و سەپاندنی باج و ڕەسومات.
وەک ئەوەی ئەم قەیرانە ناوخۆییانە بەس نەبن، دۆخی ئەمنی هەرێمیش بەهۆی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێرانەوە کەوتووەتە ژێر مەترسییەوە. لە سایەی ئەم بێباکییەی دەسەڵات لە ئاست چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان، دەبێت پرسین، ئایا هەرێمی کوردستان، بەم هەموو قەیران و کێشەو گرفتەوە بەرەو کام ئایندە و ڕۆژگار هەنگاو بنێت؟
فریاد ڕەسی هەرێم بۆ ڕزگارکردنی لەم دۆخە چەقبەستووە کێ بێت؟
