ڕێگای كوردستان
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، بە سێ موشەک هێرشكرایە سەر كەمپی بنەماڵەکانی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە ناوچەی زڕگوێزەڵەی پارێزگای سلێمانی. هێرشەکە تەنها زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە و بەرپرسێکی حزبیەکەش دەڵێت، ئامانج لێی ترساندنی خەڵکە لە مانگرتنی گشتیی ڕۆژی چوارشەممە.
عەلی ڕەنجبەری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، ڕایگەیاند کە کاتژمێر 03:10 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، سێ موشەک ئاراستەی کەمپی بنەماڵەکانی حزبیەکەیان کراون لە زڕگوێزەڵە. ناوبراو دڵنیاییدا کە هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە و سەرجەم دانیشتووان سەلامەتن، تەنها زیانی ماددی تۆمار کراوە.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ سەبارەت بە هۆکاری هێرشەکە ئاماژەی بەوە کرد:
"ئەم هێرشانە نیشانەی ترس و تۆقینی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە بەرامبەر بە مانگرتنی گشتیی 25ی خەرمانان، كە بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە لە سەرانسەری كوردستاندا ئەنجام بدرێت؛ بۆیە هەوڵدەدەن لەڕێگەی موشەكبارانەوە ڕێگری لەو چالاكییە جەماوەرییە بکەن."
ناوچەی زڕگوێزەڵە لە سلێمانی شوێنی سەرەکیی بارەگا و كەمپی نیشتەجێبونی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار ڕوبەڕوی هێرشی موشەکی و درۆنیی بووەتەوە.
شایەنی باسە، مانگرتنی 25ی خەرمانان پەیوەندیی بە یادی ساڵڕۆژی گیانلەدەستدانی (ژینا ئەمینی)ـیەوە هەیە، کە لە ساڵی 2022دا بووە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکی فراوان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لە بەرامبەردا تاران هەمیشە حزبەکانی ئۆپۆزسیۆن بە هاندانی ئەو جۆرە چالاكییانە تۆمەتبار دەکات.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا