سەروتاری رێگای كوردستان


یادكردنەوەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایك لە هەرێمی كوردستان، لەم ساڵانەی دواییدا وەك هەر بۆنە و یادێكی تر بووەتە دروشمێك و یادكردنەوەیەكی ڕواڵەتخوازی بێ ناوەڕۆك. ئێمە لەبەردەم دژیەكییەكی قوڵی هۆشیاری و كرداریداین؛ لەلایەك "زمانی كوردی" لە مێژووی دوورونزیكدا لە  ڕێگەی هزری شۆڤینی و قەدەغەكردنی لەلایەن دەوڵەتە داگیركەرەكانەوە ڕووبەڕووی مەترسیی سڕینەوە بووەتەوە، لە لایەكی تر  ئەمڕۆ لە سایەی حوكمڕانیی خۆماندا، بەهۆی سیستەمێكی پەروەردەیی و ئابووریی چەوتەوە، خەریكی لەناوبردنی و پەراوێزخستنی زمانەكەین.
 مەترسییەكە چیتر دەرەكی نییە، بەڵكوو قەیرانێكی قووڵی ناوخۆییە كە ڕەگ و ڕیشەی لە بیركردنەوە و بونیادی كۆمەڵگەكەماندا داكووتاوە.
لە ئێستادا گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر زمانی كوردی، ئەو جۆرە لە "پەراوێزخستنی ئارەزوومەندانە"یە بەهۆی ئابوریی بازار و هزری بەرخۆری  خەریكە دەبێتە مۆدێلێكی باڵادەستی كۆمەڵایەتی. سیستەمی سەرمایەداریی تاڵانخوازیی هەرێم و بازاڕی كار، زمانی دایكیان خستووەتە پەراوێزەوە؛ فێربوون و زانینی زمانەكانی ئینگلیزی و توركی و  عەرەبییان كردووەتە تاكە پێوەری كارامەیی و بەدەستهێنانی هەلی كار. 
لەم ژینگەیەدا، زمان لە شوناسێكی نەتەوەیییەوە بچووك كراوەتەوە بۆ كاڵایەك؛ ئەگەر پارە نەكات پەراوێز دەخرێت. لەوەش خراپتر، دەستەبژێری سیاسی و سەرمایەدارەكانمان، شانازی بەوەوە دەكەن كە منداڵەكانیان لە قوتابخانە نێودەوڵەتییەكان دەخوێنن و ناتوانن بە كوردییەكی ڕەوان قسە بكەن. ئەمەش جۆرێكە لە خۆبەزلزانینی چینایەتی لەسەر حیسابی شكاندن و شێواندنی شوناسی نەتەوەییمان . 
لە پاڵ ئەم نامۆبوونە كۆمەڵایەتییەدا، لایەنە پەیوەندیدارەكان لە خەوێكی بێخەمی قووڵدان. لە جیاتی ئەوەی كار بۆ بە ستانداردكردن و پەرەپێدانی زمانی كوردی بكەن لەگەڵ  پێشكەوتنەكانی تەكنەلۆجیا و سەردەمدا بگونجێت، بوونەتە تەماشاكەر. لەوەش خەراپتر، بە پاساوی جۆراوجۆر و لەژێر كاریگەریی ململانێی ناوچەگەری، دەسەڵاتداران ڕێگە دەدەن شێوەزارەكان وەك زمانی سەربەخۆ مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، ئەمەش درزخستنە نێو یەكێتیی شوناسی نەتەوەیی و بڵاوكردنەوەی هزری ناوچەیییە لە  كۆمەڵگەی كوردی.
پاراستنی زمانی دایك، تەنها بە بۆنە و یادكردنەوەی ڕواڵەتی و لە یەك ڕۆژی ساڵدا ناكرێت. زمان كاتێك لاواز دەبێت  پەیوەندی نەوەی نوێ‌ لەسەر ڕایەلەی زمانی بیانی، بازار، بازرگانی و ژیانی بەرخۆریی نیۆلیبراڵیزم  گەشەی پێبدرێت و لە ناوەندەكانی زانست، بازاڕ، دادگەكان و ژیانی ڕۆژانەشدا، زەمینەی لاوازكردنی بۆ دروستبكرێت.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا