
ژووری هەواڵ
دۆخی ئەمنی لە ناوچەکانی دەوروبەری پارێزگای کەرکوک ڕووبەڕووی دۆخێکی هەستیار بووەتەوە، ئەم پەرەسەندنە سەربازی و ئەمنییانە، وەک سەرەتایەکی مەترسیدار بۆ سەرهەڵدانەوەی توندوتیژییەکان دەبینرێن، بەتایبەت لە کاتێکدا کە لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و کەمبوونەوەی هاوئاهەنگییەکان، جموجۆڵی پاشماوە و شانە نوستووەکانی داعش لە هەندێک ناوچەدا سەری هەڵداوەتەوە و بۆشاییەکی ئەمنی لە ناوچە جێناکۆکەکان دروست بووە.
لە دوایین پێشھاتدا، لە سنوری گوندی مەلحەی ناحیەی رەشاد لە باشوری کەرکوک، گولە هاوەنێک لە دەشتایی گوندێک کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە کچێکی تەمەن ۳٨ ساڵ گیانی لەدەستدا.
لەلایەکی ترەوە ڕووداوەکەی شاروچکەی پردێ و کوژرانی دوو چەکداری خۆکوژ وشەهیدبوونی کرێکارێک، مەترسیەکانی بۆ هاووڵاتییان زیاتر کردووە.
شارەزایانی سەربازی پێیان وایە، ئەم پێکدادان و ڕووداوانە نیشانەی ڕوونن بۆ ئەوەی کە شانە چەکدارەکان هەوڵی قۆستنەوەی دەرفەتەکان دەدەن.
جەختی لەسەر دەکەنەوە، کە ئەم ژینگەیە پێویستی بە پشکنینی وردو بەهێزکردنەوەی هەواڵگری و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانە هەیە کە مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتییانی مەدەنی دروست دەکەن.
بەگرنگیشی دەزانن هێزی هاوبەشی پێشمەرگەو سوپا لەو ناوچانە جێگیر بکرێن، کە بۆشایی ئەمنییان تێدا هەیە.
