
کۆماری چین میوانداری سێ نوێنەری حزبی شیوعی کوردستانە، کە بۆ بەشداری لە خولێکی ڕاهێنانی تایبەت بە «بنیاتنانی تواناکانی دەسەڵاتداری و بەڕێوەبردنی دەوڵەت» گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە.
هاوڕێیان سوبحی مەهدی، بابا عەلی جەباری و ظیاء الحمدانی نوێنەرایەتی حزبی شیوعی کوردستان دەکەن لەم خولەدا، کە تێیدا ژمارەیەک وانە و بابەتی تایبەت بە بەڕێوەبردنی دەوڵەت، دەسەڵاتداری و گەشەپێدان لەلایەن پسپۆڕان و ئەکادیمیستانی چینی پێشکەش دەکرێت.
بەپێی بەرنامەی خولەکە، بەشداربووان سەردانی مەیدانی بۆ ژمارەیەک لە دامەزراوە گرنگ و سەرکەوتووەکانی چین دەکەن، بۆ ناسین بە ئەزموون و مۆدێلەکانی ئەو وڵاتە لە بوارەکانی بەڕێوەبردن، گەشەپێدانی ئابووری و بەڕێوەبردنی دامەزراوەکان.
ئەم خولە لەلایەن ناوەندی هاوکاری ئابوری هەرێمی فوجیان، بە هاوکاری وەزارەتی بازرگانی کۆماری چین، ڕێکخراوە و بۆ ماوەی سێ هەفتە بەردەوام دەبێ.
