
ژووری هەواڵ
لێدوانەکانی محەمەد سەمعان، پارێزگاری کەرکوک، لە چاوپێکەوتنێکیدا لە کەناڵی ئەلعراقیە، شەقامی کوردی کەرکوک و هەرێمی کوردستانی نیگەران کردووە.
سەمعان لەو دیدارەدا لە بری دەستەواژەی فەرمی هەرێمی کوردستان، دەستەواژەی (باکوری عێراق)ی بەکارهێنا،هەروەها مادەی ۱٤۰ی دەستووری بە گەورەترین هەڵەی ستراتیژی و کۆتاییهاتوو ناوبرد.
چاودێرانی سیاسی، ئەم هەڵوێست و ووتانەی بە پێشێلکاری دەستووری دەزانن.
ئەم لێدوانانەی سەمعان، لە کاتێکدا دێن کە ناوبراو سەرۆکی بەرەی تورکمانییە و لە کۆی ۱٦ کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، تەنها دوو کورسی هەیە، بەڵام بە رێککەوتنی سیاسی پۆستەکەی وەرگرتووە. ئێستاش داوا دەکات، پۆستی پارێزگار، بە شێوەی خول (دوو ساڵ جارێک) بێت.
چاودێران هۆشداری دەدەن کە ئەم قسانە ململانیی نەتەوەیی و تائیفی دەوروژێنن. بۆیە داوا دەکەن ئەنجومەنی پارێزگا، کە دەنگیان بە سەمعان داوە، سنورێک بۆ لێدوانەکانی دابنێت و سکاڵای یاسایی لە دادگای فیدڕاڵی دژی تۆمار بکرێت.
