
ڕێگای كوردستان
شارەزایەکی بواری کەشناسی پێشبینی دەکات جارێکی دیکە شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە بگرێتەوە و لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر ببارێت.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی، ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای ماوەیەک لە لاوازبوون و نەمانی کاریگەری شەپۆلەکانی بارانبارین، جارێکی دیکە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە دەکەونە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی بەهێزی باراناوییەوە.
سەبارەت بە سەرچاوە و کاتی دەستپێکردنی شەپۆلەکە، ئەو شارەزایەی کەشناسی ئەم زانیارییانەی خستووەتەڕوو:
• سەرچاوەی شەپۆلەکە: دروستبوونی نزمەپاڵەپەستۆیەکی قووڵە لەسەر دەریای ناوەڕاست، کە لەگەڵ نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور یەکدەگرێت و بە شێوەیەکی چالاک درێژ دەبێتەوە بۆ سەر ناوچەکانمان.
• کاتی دەستپێکردن: کاریگەرییە سەرەتاییەکانی ئەم شەپۆلە لە ناوەڕاستی هەفتەی ئایندەوە، بەدیاریکراوی لە ڕۆژی ٣٠ی ١١ی ٢٠٢٦ دەستپێدەکات.
• گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا: هاوکات لەگەڵ بارانبارینەکە، پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو نزم دەبنەوە، کەشێکی سارد و باراناوی دروست دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر دەبارێت.
• ماوەی مانەوەی: پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکانی ئەم شەپۆلە بۆ ماوەی یەک هەفتە بە شێوەی پچڕپچڕ بەردەوام بێت.
