
ژووری هەواڵ
لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی، دوو ئاراستە و تێڕوانینی جیاوازی ئیدارەی واشنتۆن سەبارەت بە دۆخی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و هەولێر نیشان دەدەن.
لە کاتێکدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە زمانێکی دیپلۆماسیی کلاسیک، جەخت لەسەر (عێراقێکی فیدراڵی) و (هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان) دەکاتەوە و داوای چارەسەری کێشەکان بەپێی دەستوور دەکات، پەیامەکەی ترەمپ خاوەنی نەبەرەیەکی مەرکەزی و توندترە.
ترەمپ لە پەیامەکەیدا بۆ پشتگیریکردنی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هیچ ئاماژەیەکی بە فیدراڵیزم و پێگەی هەرێمی کوردستان نەکردووە، بەڵکو تیشکی خستووەتە سەر (سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە سەرتاسەری عێراق) و (کۆکردنەوەی هەموو چەکەکان لە ژێر کۆنترۆڵی ڕەهای دەوڵەتدا).
هاوکات ترەمپ دۆسیەی ئابووری و سەروەریی سیاسی بە شێوەیەکی کردەیی دەورووژێنێت، بە داواکردنی ڕاگرتنی بەقاچاخبردنی نەوت و سەربەخۆیی بڕیاری سیاسیی بەغداد دوور لە هەژموونی دەرەکی، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کۆشکی سپی ئەولەوییەتی خۆی بە بەهێزکردنی دەسەڵاتی ناوەندی دەدات بەسەر هاوسەنگییە فیدراڵییەکاندا.
