
رێگای کوردستان/ کەرکوک
مەترسیەکانی سەر ژیانی کرێکاران لە زیادبووندایەو قوربانیەکانیش زۆرتر دەبن، بە جۆرێک کە تەنها لە سەرەتای ئەمساڵ (٢٠٢٦)،زیاتر لە ٥۰ کرێکار لەکاتی کاردا گیانیان لەدەستداوەو برینداربوونە.
سەبارەت بەم ئامارە ترسناکانە، ڕزگار بابان، جێگری سەرۆکی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی پارێزگای کەرکوک، لە لێدوانێکدا، بۆ ڕێگای کوردستان ووتی، لە ناوەندی شاری کەرکوک و دەوروبەری چەندین کارەساتی دڵتەزێن ڕوویداوە و بەهۆیەوە ٢٢ کرێکار گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٣٥ کرێکاری تریش بریندار بوونە.
ڕاشیگەیاند، دۆخەکە زۆر مەترسیدارە و بەشێکی زۆری ئەو کرێکارانەی بوونەتە قوربانی، تەنانەت مافی سادەی دەستەبەری کۆمەڵایەتیشیان بۆ نەکراوە.
ڕزگار بابان هۆکاری سەرەکی ئەم ڕووداوە بەردەوامانەی بۆ دوو خاڵی سەرەکی گەڕاندەوە، یەکەمیان، سستی ڕۆڵی تیمەکانی پشکنینی کار لە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاسای کاری ژمارە (٣٧)ی ساڵی ٢٠١٥ و یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ژمارە (١٨)ی ساڵی ٢٠٢٣. دووەمیان، کەمی هۆشیاری پێویست لای خاوەن کار و کرێکاران لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی سەلامەتی پیشەییدا.
لە کۆتایی ڕزگار بابان جێگری سەرۆکی یەکێی سەندیکاکانی کرێکارانی کەرکوک
جەختیکردەوە، کە وەک سەندیدکا داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن بەزووترین کات ڕێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی گیان و مافی شایستەی کرێکاران.
