
د. حیکمەت نامیق
ئەو جەنگەی کەوا بەرپابووە دیار نییە کەی کۆتایی پێدێت. ئەوەی کە زۆر جێگای تێڕامان وشۆکە بۆ خەڵک گرانبوونی نرخی سوتەمنی وخۆراک و کەلوپەل و شتومەکە دەسەڵاتیش نەبای دێ نەباران ئەو حکومەتەی کە دەمێکە لەخەمە قووڵەکانی خەڵک دوورکەوتۆتەوە. لێکەوتەو کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر کۆمەڵگای کوردی بەجۆرێکە هیچ کەسێک چارەسەرێکی ڕیشەیی نییە بۆ دۆخەکە.
کۆمەڵگا لە دۆخێکی ناخۆشی ئابوریی و سیاسی و سەربازیی و دەروونی دەژیت، بەتایبەتی لەکاتی کێشەو قەیرانەکاندا ئازاری مرۆڤەکان دەردەکەوێت. لەوەتەی ئەم شەڕەی ئەمریکاو ئێران دەستی پێکردووە میللەت ڕۆژانە لە چاوەڕوانی کوژانەوەی جەنگەکە ژیان بەڕێدەکەن. چونکە بەشی زۆری کۆمەڵگای کوردی لە دۆخێکی خراپی ئابوریدان شەڕەکەش دۆخە ئابوریی و کۆمەڵایەتییەکەی سەختترو قووڵتر کردۆتەوە، چونکە فشارە دەروونییەکان لەسەر تاک و گرووپە کۆمەڵایەتییە هەژارو پەراوێزخراوەکان زیاتر بوون. دەشێ بوترێت کەوا لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا ئازاردانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان بوونەتە دیاردەیەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی، بەمانایەکی دیکە لەم جۆرە کۆمەڵگایانەی کەوا هیچ سیستەم ودامەزراوەیەکی مەدەنی نییە تێیدا ئازارو چەپاندنی مرۆڤەکان بوونەتە کولتوور لەنەوەیەکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگوازرێتەوە.لەسەروبەندی کێشمەکێش و شەڕەکاندا بازرگان و سەرمایەدارە تەماعکارەکان دۆخەکە دەقۆزنەوە بۆ گرانکردنی زیاتری نرخی کەل و پەل و سوتەمەنی و شتومەکەکان.
لەئێستادا کۆمەڵگای کوردی لەژێر بارێکی قورسی ئابوریدا دەگوزەرێ بەهۆی ئەم شەڕەی کەوا هیچ وادەیەکی نییە بۆ کۆتاییهاتن. ئێمە کۆمەڵگایەکی سەرمایەداری نین تاوەکو دەستەبەری تەندروستی وکۆمەڵایەتی و ئابوریی و سۆشیاڵمان هەبێت، بەڵکو کۆمەڵگایەکی ڕاگوزەرین لەقۆناغێکی کۆمەڵایەتی وئابوریی سادەی پێش مۆدێرنەداین بەدەست چەندین گرفت و کێشەی قووڵەوە دەناڵێنین لەهەموو ڕەهەندەکانەوە. ئاشکرایە شەڕ هەرچۆنێک بێت ئایدۆلۆژستەکان چۆن تەفسیری دەکەن، بەڵام هیچ شرۆڤەیەک بەئەندازەی ئەوە نییە ماڵوێرانی و قاتوقڕی و بەدبەختی و گرانی لەگەڵ خۆی دینێت بۆ کۆمەڵ و گرووپە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەتی شەڕ دەبێتە بەڵاو کێشە بۆ چینی هەژارو بەشخوراوان. هەرچەندە زۆر بەکەمی نەبێت ئەگینا هیچ شەڕێک بەدرێژایی مێژوو ئاشتی و خۆشگوزەرانی و خۆشبەختی لەگەڵ خۆی نەهێناوە بۆ کۆمەڵگا. پرسیار ئەوەیە لەئەگەری درێژەدانی ئەم شەڕە پلانی دەسەڵات چیە بۆ کۆمەڵگا؟ ئەگەر کوردستان تێوەبگلێت لەم شەڕەدا دیسان جێگرەوە چیە؟ تاکەی کۆمەڵگا بەرگەی ئەم گرانییە دەگرێ؟ هەموو ئەم پرسیارانە پێویستی بەوەڵامی ورد هەیە، چونکە وەک لەسەرەوە ئاماژەمان بۆکرد ڕێژەی هەژاری لەکوردستاندا لە لوتکەدایە بێکاری تەنگی بەگەنجان هەڵچنیوە، کەچی گرانی نرخی کەلوپەل وکاڵاکان و سوتەمەنیشی هاتە سەر. ئەگەرچی خۆ بەدوورگرتنی بڕیار بەدەستان ئەوپەڕی ئەقڵانییە، چونکە شەڕی پڕۆکسی هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی نابێت. پرسیارو تێبینی خەڵک دۆخی دارایی و ئابورییە نەوەک شتی تر. کەواتە گرانی بازاڕ کاریگەری نەرێنی زۆری کردۆتە سەر دۆخ و گوزەرانی خەڵک. لەهەموو دنیا کاتێ ئەزمە سەرهەڵدەدات حکومەت قسەو هەڵوێست و ئەلتەرناتیڤی دەبێت بۆ دۆخە سەختەکان، کەچی لێرە ڕۆژانە نرخی شتومەکەکان گران دەبن و بازرگانە چاوچنۆکەکان بەئاشکرا سوتەمەنییەکانی وەک غازو بەنزین و نەوت بەبازرگانی دەکەن. ئەم دۆخە وابەردەوام بێت نرخی سوتەمەنی وشتومەک و کاڵاکان بۆ چەند هێندە بەرزدەبنەوە. ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ژیانی هاووڵاتیان. پێویستە خەمخۆران وبڕیار بەدەستان زوو بێنە دەنگ لەسەر بارگرانی خەڵک و گرانبوونی نرخی کاڵاوسوتەمەنییەکان بڕیارێک بدەن لایەنی کەم بارگرانی خەڵکی ماندووی کوردستان کەم بکەنەوە.