
تا ئەو کاتەی ئەم عەقڵیەتە لە بەڕێوەبردن زاڵ بێت، ژیان و گوزەرانی خەڵک لەژێر هەڕەشەدا دەمێنێتەوە.
لەگەڵ هەر گۆڕانکاری و قەیرانێکدا لە ناوچەکە، دەسەڵاتدارانی هەرێم پشت لە خەڵک دەکەن
ڕێگای کوردستان
سەرهەڵدانی هەر ڕووداو و پێشهاتێکی ناوچەیی یان جیهانی، بووەتە زەنگێکی مەترسیدار بۆ ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و بەتایبەتیش فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
لەگەڵ هەر گۆڕانکاری و سەرهەڵدانی قەیرانێکدا لە ناوچەکە، دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕاستەوخۆ پشت لە خەڵک دەکەن و باجەکەی دەخەنە ئەستۆی هاووڵاتییانی ئاسایی.
لە نوێترین پێشهاتیشدا و لەم دۆخە سەختەی ئێستادا، دەسەڵات ئامادە نییە بڕی 120 ملیار دیناری داهات ڕەوانەی بەغدا بکات، تا پارەکە لە بەغداوە خەرج بکرێت و مووچەی مانگی شوباتـی فەرمانبەران دابەش بکرێت، ئەمەش جارێکی دیکە شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی و بێهیوایی قووڵی لای جەماوەر دروست کردووەتەوە.
مێژووی چەند ساڵی ڕابردووی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان سەلمێنەری ئەو ڕاستییە تاڵەیەیە کە هەر ڕووداوێک بێتە پێشەوە، چ دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بێت، چ بڵاوبوونەوەی پەتایەکی کوشندەی وەک کۆرۆنا بێت، یان تەنانەت ئاڵۆزی و شەڕ و پێکدادانەکانی ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، دەسەڵاتداران وەک دەرفەتێک یان بیانوویەکی ئامادەکراو بەکاریان هێناوە بۆ هەڵاتن لە بەرپرسیارێتی.
لەم کاتانەدا، خێراترین و یەکەمین هەنگاوی دەسەڵات پەنابردنە بۆ گیرفانی مووچەخۆران، جا ئەمە بە شێوەی دواخستنی وادەی دابەشکردنی مووچە بێت، یان داهێنانی سیستەمی پاشەکەوتی زۆرەملێ و لێبڕینی ڕێژەیی، یانیش بڕینی یەکجارەکی و غەدرکردن بێت لە مافی ڕەوای مانگانەیان و نەدانی مووچەکانیان.
چاودێرانی ئابووری جەخت لەوە دەکەنەوە، کە هاوکێشەی قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان تەواو پێچەوانەیە، لە وڵاتانی خاوەن سیستەمی تەندروست، کاتی قەیرانەکان وا دەکات حکومەتەکان زیاتر هاوکاری پێشکەش بکەن و پشتیوانی لە هاووڵاتییانیان بکەن تا باری سەرشانیان سووک ببێت، بەڵام لێرە هەر ڕووداو و گۆڕانکارییەک دێتە پێشەوە، تەنها زیان و ماڵوێرانییەکەی بەر خەڵکی هەژار دەکەوێت و دەبێتە قازانج بۆ دەسەڵات، ئەم دۆخانە دەبنە هۆی کۆکردنەوەی داهاتێکی زیاتر و قازانجی گەورە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتداران و قەیرانەکان دەگۆڕدرێن بۆ دەرفەتێک تا دەسەڵات قازانجی لێ بکات و هاووڵاتییانیش باجەکەی بدەن.
لە ئێستاشدا کە دۆخی ئابووریی بازاڕەکان لەوپەڕی خراپیدایە و جوڵەی بازرگانی بەتەواوی سست بووە، پرسی دابەشکردنی مووچەی مانگی 2 بووەتە تازەترین قەیران، سەرەڕای هەبوونی داهاتی گەورەی ناوخۆ و باج و ڕسوماتی جۆراوجۆر، دەسەڵات ئامادە نییە تەنیا بڕی 120 ملیار دینار لەو داهاتە زۆر و زەبەلاحەی ناۆخۆ، بنێرێت بۆ بەغدا، تاوەکو بەبێ دواکەوتنی زیاتر مووچە خەرج بکرێت.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، تا ئەو کاتەی ئەم عەقڵیەتە لە بەڕێوەبردن زاڵ بێت، ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەژێر هەڕەشەی بەردەوامی ناسەقامگیری و قەیرانی دروستکراودا دەمێنێتەوە.