نووسینی: هیوا عومەر

گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکە لە سەرەتای ئەمساڵەوە چوونەتە قۆناغێکی نوێوە. پرسەکە تەنیا لاوازکردن یان گۆڕینی ڕژێمێکی دیاریکراو نییە لە ئێراندا، بەڵکوو پرسی سەرەکی، شەڕی مانەوەی ئەمریکایە لە ئاستی ڕۆڵی «پۆلیسی جیهانی» و هەوڵێکە بۆ بەهێزکردنەوەی جیهانی یەکجەمسەری؛ ئەمەش دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو ئاماژەکانی فرەجەمسەری، بەهۆی ڕۆڵی بەهێزی چین و هاوپەیمانێتییە نوێیەکانی ڕووسیاوە، بە تەواوی دەرکەوتن.

لێدانە ڕاستەوخۆکانی ئەمریکا لە ڤەنزوێلاوە تا ئێران، لە پلەی یەکەمدا لێدانە لە پێگە ئابووری و سیاسییەکەی چین. هاوکات، کۆنترۆڵکردنی ڕێڕەوەکانی وزە و بازرگانیی دەریایی لە ناوچە ستراتیژییەکانی وەک دەریای سوور، بەشێکی دانەبڕاوە لەم ململانێیە. لە لایەکی ترەوە، شەڕی ئێران و هەوڵی گۆڕانکاری لەو وڵاتەدا، هاوکاتە لەگەڵ گۆڕانکاری لە ستراتیژیی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل دوای ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر، کە خاڵە هاوبەشەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیلی لە ئاستی بەرژەوەندییە هەرێمییەکاندا گەیاندووەتە لووتکە.

ئێستا باشتر لە ئامادەکارییە پێشوەختەکان تێدەگەین؛ مەبەستی پشت پەردەی ئەردۆغان و «دەوڵەتی قووڵ» لە تورکیا سەبارەت بە پرسی چەکدانانی پەکەکە و پڕۆسەی ئاشتی لە لایەک، و پرسی گۆڕینی هاوکێشەی هێز لە سووریا لە لایەکی تر، نیشاندەری نەخشەیەکی فرەڕەهەندە.

جیهانی ئەمڕۆی سەرمایەداری، لەلایەن هێزێکی لغاونەکراوەوە بەڕێوە دەبرێت کە ئێستا تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و ژیریی دەستکرد وەک چەکێکی سیاسی و هەواڵگریی کوشندە دژی نەیارەکانی بەکاردەهێنێت. ئەگەر تا دوێنێ یاسا نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان توانیبێتیان کەمێک ئەو هێزە لغاو بکەن، ئەوا ئەمڕۆ بەهۆی گۆڕانکاری لە هاوسەنگیی هێزدا، یاسا تەنیا بۆ خزمەتی بەهێزەکانە.

گۆڕانکارییەکانی ئێران بەهۆی فشارە دەرەکییەکانەوە، دەتوانێت جۆرێک لە ئاسایشی نەتەوەیی بۆ ئیسرائیل و گۆڕانکاری لە هاوسەنگیی هێز بۆ بەرژەوەندیی ئەمریکا دروست بکات. بەڵام سەبارەت بە پرسی دیموکراسی و مافەکانی گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکە، ئەگەر لە ئاستی ناوخۆیی و بزووتنەوە جەماوەرییەکاندا شتێک نەکرێت، هیچ گۆڕانکارییەک بە قازانجی ئێمە شکاوە نابێت. ئەوەی جێگەی ئومێدە، بوونی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی بەهێزە لە ناوخۆی ئێران کە درێژەپێدەری شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی»یە؛ وەک بەشێک لە هێزی ژنان و بزووتنەوە چەپ و دیموکراتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی تری ئێران.

وەک چەپێکی کورد، کاتێک ئاماژەکانی ژانی لەدایکبوونی کۆمەڵگەیەکی کراوە و یەکسانیخواز لەناو دەوڵەتێکی داخراوی ئایینیدا دەبینم، ناتوانم هەست بە هیوایەک بۆ جیهانێکی دادپەروەرانەتر نەکەم؛ جیهانێک کە تێیدا ژیان و کەرامەتی مرۆڤ لە سەرووی بەرژەوەندیی هێزە ئیمپریالیستەکانەوە بێت.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا